تشرینی دووەم 19, 2019

ئامادەکاریی یانەی هەندرێن بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

یانەی هەندرێن هاوشێوەی یانەکانی تر ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان کردووە، لەو ماوەیەدا یانەکە ڕۆژانە لە مەشق و ڕاهێنانەکانی بەردەوام بووە، هەروەها بۆ ماوەی هەفتەیەک کەمپێکی نێوخۆی لە شاری هەولێر کردەوە، کە بەیانیان و ئێواران بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای جەستەیی یاریزانان لە مەشقکردن بەردەوام بووە، بۆ زیاتر ئامادەکاریش ٧ یاریی دۆستانەی ئەنجام داوە، بە گوتەی ڕاهێنەری تیپەکەیش، پێکهاتەی ئەمساڵیان لە ساڵی ڕابردوو باشترە و گەرەکیانە ئەنجامێکی شایستە بەدەستبهێنن.

هەندرێن جیاوازتر دەردەکەوێ
یانەی هەندرێن دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو پلەی نۆیەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، ئەم وەرزە جارێکی تر بە گڕوتینێکی زیاترەوە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و چاویان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە و بە گوتەی ڕاهێنەری یانەکەیش کێشەی هێڵی هێرشبەرییان نەماوە، کە ساڵانی ڕابردوو ئەو کێشەیان هەبوو.
دەسستەی کارگێڕی یانەکە ئەم وەرزەیش متمانەی بەخشیوە بە هەمان ستافی مەشق و ڕاهێنان کە ماوەی سێ وەرزە ئەرکی تیپەکەیان وەرگرتووە، کە بریتین لە دڵشاد مەعروف وەک ڕاهێنەر وریا سەباح یاریدەدەری ڕا‌هێنەر، جەلال عوسمان ڕاهێنەری گۆڵپارێزان.
هەندرێن یەکێکە لەو یانانەی کە ماوەیەکی زیاترە دەستی کردووە بە مەشق و ڕاهێنان و لە یەکەم یاری خۆیدا لە دێربیەکی پێش وەختە میوانداری یانەی برایەتی دەکات، کە هەردەم یاری ئەو دوو یانەیە بەهێز و پڕ تاموچێژ بووە.
چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی یانەی هەندرێن ئەنجام دراوە
ئەم وەرزە هەندرێن تا ئێستا ٦ یاریزانی تازەی هێناوەتە ڕیزی تیپەکەی، کە ئەمانەن (دلۆڤان شینۆ، محەممەد یەشار، ئامانج ئەکرەم، حسێن ئیبراهیم، سەنگەر ئەحمەد، ئەحمەد یاسین) پێشتر ئەم یاریزانانە لە یانەکانی تر یارییان کردووە و هەندرێن بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی ئەم یاریزانانە هێناوە، لەگەڵ چەند یاریزانێکی تیپی لاوانی یانەکە.
 ئەو یاریزنانەی کە وەرزی ڕابردوو لە یانەکە بوون و ئەم وەرزە هەندرێنیان جێهێشتووە ژمارەیان ٨ یاریزانە کە بریتین لە (هێمن نازم، فەرهەنگ تەها، ڕێبین ئیسماعیل، ماجد سەلامە، محمد نیعمەتوڵڵا، مەحەمەد کامەران، سیپان سدیق، گۆران عەبدولکەریم)

ڕاهێنەری هەندرێن ئامانجی یانەکەی دەخاتە ڕوو
دەربارەی ئامادەکارییەکانی یانەی هەندرێن و ئامانجی یانەکە ڕاهێنەر (دڵشاد مەعروف) گوتی: ماوەی مانگ و نیوێک دەبێت ئامادەکاریمان کردووە بۆ وەرزی ئەمساڵ، لەو ماوەیەیشدا سەرنجمان زیاتر خستۆتە سەر لایەنی جەستەیی یاریزانان، هەروەها کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانمان بۆ ماوەی یەک هەفتە کردەوە، کە یاریزانان بەیانیان و ئێواران مەشق و ڕاهێنان و مەلەوانی و یاری ئاسنیان دەکرد، وەکو ڕاهێنەر زۆر لە ئامادەکارییەکان ڕازی بووم، ماوەی دوو هەفتەیش دەبێت چەند یارییەکی دۆستانەمان ئەنجامداوە، بۆ زیاتر دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان یاریزانان.
یاریەکانیش کە ئەنجاممان داوە لە ماوەی ئامادەکارییەکان، لەگەڵ یانەکانی (ئاسۆ، سیروانی نوێ، زێرەڤانی، پێشمەرگەی سلێمانی، سۆران، هەولێر) بووە.
دڵشاد مەعرووف هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە ئەوان ئامانجیان ئەوەیە لە وەرزی ڕابردوو باشتربن، بەبەراورد بە وەرزی ڕابردوو ئەمساڵ پێکهاتەیەکی باشترمان هەیە، ئامانجمان ئەوەیە لە پلەکانی پێشەوە بین، خاڵی بەهێزمان لە ‌هێڵی هێرشبەرە و هەوڵمانداوە کێشەی کەمی گۆڵکردن چارەسەر بکەین، چەند یاریزانێکمان لەو هێڵە بۆ پێکهاتە هێناوە.

خشتەی یارییەکانی یانەی هەندرێن لە قۆناخی یەکەمی خولەکە
گەری یەکەم: هەندرێن - برایەتی  یاریگەی هەندرێن
گەری دووەم: شێروانە – هەندرێن یاریگەی شێروانە
گەری سێیەم : هەندرێن - زاخۆ  یاریگەی هەندرێن
گەری چوارەم: پێشمەرگەی هەولێر - هەندرێن یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر
 گەری پێنجەم: هەندرێن چاوەڕوانە
گەری شەشەم: هەندرێن - هەولێر  یاریگەی هەندرێن
گەری حەوتەم: دەربەندیخان - هەندرێن یاریگەی دەربەندیخان
گەری هەشتەم: هەندرێن - سۆران  یاریگەی هەندرێن
گەری نۆیەم: سیروانی نوێ - هەندرێن  یاریگەی سیروانی نوێ
گەری دەیەم: هەندرێن - زێرەڤانی  یاریگەی هەندرێن
گەری یازدەیەم: نەورۆز - هەندرێن  یاریگەی نەورۆز
گەری دوازدەیەم: هەندرێن - دهۆک یاریگەی هەندرێن
گەری سێزدەیەم: پێشمەرگەی سلێمانی - هەندرێن  یاریگەی پێشمەرگەی سلێمانی
یانەی هەندرێن لە ساڵی ٢٠٠٣ لەشاری هەولێر دامەزراوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشداری خولەکانی کوردستانی لەسەر هەموو ئاستەکاندا کردووە، باشترین ئەنجامی هەندرێنیش بەدەستهێنانی خولی نایابی کوردستان بوو، لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ کە ئەو کات سەمەد جەوهەر ڕاهێنەری هەندرێن بوو، هەروەها جارێک پلەی دووەم و جارێکیش پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler