تشرینی دووەم 19, 2019

یانەكانی هه‌ولێر و زاخۆ به‌ دوو راهێنه‌ری تازه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ له‌ گه‌ڕی چواره‌می خولی نایابی عێراقی هه‌ولێر، له‌ یاریگه‌ی یه‌كه‌می شەهید فڕه‌نسۆ هه‌ریری له‌ كلاسیكۆی كوردستان، كات (4) ئێواره‌، یانەی هەولێر میوانداری زاخۆ ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ردوو یانه‌ راهێنه‌ری تیپه‌كه‌یان گۆڕیوه‌.

یانەی هه‌ولێر، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی راهێنه‌ره‌ تازه‌كه‌ی، كه‌ رادان گاسانینی كرواتییه‌، خۆی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت، یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی زاخۆ له‌ نێو جه‌ماوه‌ری خۆی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام كێشه‌ی یانەی هه‌ولێر له‌ هێڵی به‌رگرییه‌كەیدایە، چونكه‌ هه‌ردی سیامه‌ند، دیواره‌ پۆڵایینه‌كه‌ی قه‌ڵای زه‌رد نه‌شته‌رگه‌ری له‌ ئه‌ژنۆی ئه‌نجام داوه‌ و تا مانگێكی تر ناتوانێت یاری بكات، كه‌چی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی دیكه‌ی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، پێشبینی ده‌كرێت رادانی راهێنه‌ر، به‌رگریكار عه‌لی حوسێن له‌ شوێنی هه‌ردی یاریی پێ بكات.
رادان، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ مه‌شق و راهێنانه‌كانی جه‌خت له‌سه‌ر پلانی یاریی كردن به‌شێوه‌ی كراوه‌ی ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ تاكتیكی (4-3-3) یاریی بكات، وه‌ داوای له‌ یاریزانه‌كان كردووه‌، به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ هێرش بكه‌ن و به‌رگری بكه‌ن،ئه‌وه‌شی له‌توانای دانییه‌ بیكات ده‌توانێ یانه‌كه‌ جێبێڵێت، هه‌ولێر له‌ سێ یاریی رابردووی خولی نایابی عێراقی ته‌نها سێ خاڵی هه‌یه‌ و دوو گۆڵی تۆمار كردووه‌.
زاخۆ، به‌هه‌مان شێوه‌ی هه‌ولێر راهێنه‌ر عه‌لی وه‌هابی هێناوه‌ته‌ تیپه‌كه‌ی، ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م برنه‌وه‌ یاخود یه‌كه‌م خاڵ له‌سه‌ر حسابی هه‌ولێر به‌ده‌ستبهێنێت، ئامانجی سه‌ره‌كی زاخۆییه‌كان مانه‌وه‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراقی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان چاره‌نووسی دوو ساڵ پێش ئێسته‌یان به‌سه‌ر نه‌یه‌ته‌وه‌، كاتێك له‌ ریزی نایاب بۆ پله‌ یه‌كی عێراقی دابه‌زین، زاخۆ له‌ سێ یاریی سێ جار تامی دۆڕانی كردووه‌، له‌ ریزبه‌ندی بیستیه‌م و كۆتای خوله‌كه دێت.
مێژووی (ده‌) یاریی رابرووی نێوان هەردوو یانەی هه‌ولێر و زاخۆ به‌م شێویه‌، هه‌ولێر چوار یاریی بردووەته‌وه‌، زاخۆش له‌ سێ یاریدا براوه‌ بووه‌، سێ یارییش به‌ یه‌كسانی كۆتایی هاتووه‌، له‌ كۆی ده‌یاریی هه‌ولێر نۆ گۆڵی كردووه‌ و زاخۆش حه‌وت گۆڵی له‌ هه‌ولێر كردووه‌، له‌ دوایین چوار یارییش هه‌ولێر نه‌یتوانیوه‌ له‌ زاخۆ بباته‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler