کانونی دووەم 17, 2021

لە ئێران زۆر ڕۆناڵدۆمان هەیە و مێسی هەر دەڵێی تایبەت بە زەوی نییە

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ دووەم جامی جیهانی بەدوای یەكدا، ئەویش بە درێژایی مێژوو ئەوە یەكەمجارە هەڵبژاردەی ئێران دوو گەڕی جامی جامی جیهانی بەدوای یەكدا بەشدار دەبێت. جامی جیهانی 2014ـش كارلۆس كیرۆش ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێران بوو. ئێستە ڕاهێنەری پێشووی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی پورتوگال دەبێ لە گرووپێكی دژواردا بەرەوڕووی وڵاتەكەی (پورتوگال، پاڵەوانی ئەورووپا) و ئیسپانیا (پاڵەوانی جیهان) بێتەوە.

لە جامی جیهانی پێشوویشدا، ئێران بەر ئەرژەنتین كەوت كە لە دوایین چركەساتەكاندا بە گۆڵێكی مێسـی ئەستێرەی ئەرژەنتین دۆڕا و زۆربەی شارەزایانی تۆپی پێ لەسەر ئەو باوەڕەن ئەو یارییەی ئێران كردی، بەهێزترین یارییە كە تا ئێستە لە جامی جیهانیدا كردوویەتی.

كیرۆش بەو شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ماڵپەڕی فیفای داوەتەوە:
*ئامانجی هەڵبژاردەی ئێران لە ڕووسیا چییە؟ ئێران بۆ دووەم جاری بەدوای یەك دەچێتە جامی جیهانی، ئایا ئەوە پاڵەپەستۆیەك بۆ باشتربوون نییە؟
- كیرۆش: بەو ئەزموونەی كە لە جامی جیهانی 2014ـی بەڕازیل بەدەستمان هێنا و ئەو ژمارە زۆرەی یاریزانانی ئێرانی كە لە ئەورووپا یاری دەكەن، ئێمە پێكهاتەیەكی بەهێزتر و خۆڕاگرترین. یاریكردن لە ئاسیا وەكوو یارییەكانی ئەورووپا نییە و هەڵبژاردەی ئێستەی ئێران باشتر لە تیمەكەی جامی جیهانی 2014ـەیە. ئێمە لە ڕێزبەندی باشترینەكانی ئاسیادا یەكەمین و لە یارییەكانی ئەمساڵدا شكستمان نەخواردووە و تەنیا دوو گۆڵمان لێ كراوە. كەواتە ئێرانیش لە ڕووسیا خەونی خۆی هەیە.

*ئەو خەونە چییە؟
- كیرۆش: ئێمە دەمانەوێ لە گرووپی خۆمان سەركەوین، هەرچەند تا بڵێی كارێكی دژوارە. باش دەزانین قورسترین گروپمان بەركەوتووە و دەبێ لەگەڵ دوو لە بەهێزترین هەڵبژاردەكان یاری كەین كە ئەوان خەونی پاڵەوانی دەبینن، واتە ئیسپانیا و پورتوگال. بەڵام ئەركی ئێمە ئەوەیە بەرەوپێشەوە بچین، هەڵبەت نەتەنیا لە ساڵی 2018، بەڵكوو یارییەكانی داهاتووی ئاسیا و جامی جیهانی داهاتوویشدا. ئامانجی ئێمە سەركەوتن بۆ قۆناغی سەرووترە و بۆ ئەو ئامانجەیش پێویستە خۆمان بە باشترین شێوە ئامادەبكەین.

* ئایا یاریكردن بەرانبەر بە پورتوگال بۆ تۆ سەیر نییە؟
- كیرۆش: وەكوو ڕاهێنەرێكی پورتوگالی، وابزانم یاریكردن بەرانبەر بە پورتوگال هەلێكی تایبەت و ناوازەیە بۆ من و یاریزانەكانم. هەڵبەت یاریكردن بەرانبەر ئیسپانیا و مەغربیش ناوازەیە، ئێمە لە گروپێكی بەهێزدا یاری دەكەین.

*مەبەست لە هەلێكی تایبەت، یاریكردن بەرانبەر بە ڕۆناڵدۆیە؟
- كیرۆش: بەردەوام یاریكردن بەرانبەر بە یاریزانە گەورەكان تایبەت بووە. ڕۆناڵدۆ باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانە، بەڵام كاتێك یارییەكە دەست پێ دەكات، هەر دوو پێكهاتە هەوڵی بردنەوە دەدەن و تۆپی پێ بڕیار دەكات كە كام پێكهاتە براوەیە و ئاستێكی باشتری پێشكەش كردووە.

* بیرەوەرییەكانت لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ؟ ڕێگەی تۆ بەردەوام لە گۆڕانكاریدا بوو.
- كیرۆش: زۆر بیرەوەری تایبەت و هاوبشەمان لە هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی مانچستەر یونایتدادا هەیە كە لەبیر ماونەتەوە. ئەو ڕووداوەكانی جامی جیهانی ئەفریقای باشووریش تایبەت بە چەند ساڵ لەمەوپێشە. ئێستە سەردەم گۆراوە و من زۆر ڕۆناڵدۆم لە ئێراندا هەیە. یاریزانانی وەكوو جەهانبەخش، گوچی، عەلی كەریمی و ... هتد، ئێستە ڕۆناڵدۆی منن و دەبێ ئاگام لێیان بێ و هەموو هۆش و توانام بۆ سەركەوتی ئەوان بێت.

* مێسی، ساڵی 2014ـش بەرانبەر بەو یاریزانە ناودارە یاریتان كرد و باش دەزای ئەستێرە گەورەكان بە توانای خۆیان چۆن ڕكابەرەكانیان سزا دەدەن؟
- كیرۆش: من بەردەوام وتومە مێسـی یاریزانێكە كە هەر دەڵێی تایبەت بە زەوی نییە و لە دەروەی زەوییەوە هاتووەتە ناو جیهانی تۆپی پێ، چونكە ئەگەر ئەو مرۆڤێكی ئاسایی بووایە، نەیدەتوانی هەلی ئەو گۆڵە بۆ خۆی بڕەخسێنێ كە لە ئێمەی كرد.
من هیچكات حەزم لە دۆڕان نەبووە، بەڵام بە شێوەیەكی نەرێنی ناڕوانمە ئەو یارییەی بەرانبەر بە ئەرژەنتین كردمان. ئەو ڕووداوە كاتێك ڕوودەدات كە كاتێكی سیحراوی لە تۆپی پێدا لەدایك دەبێ و هەر بۆیەش تۆپی پێ چێژبەخشە و ئەو هەموو هاندەرەی هەیە. ئەو گۆڵە لەلایەن یاریزانێكەوە لە ئێمەكرا كە بەبڕوای من تا ئەو كاتەی نەسەلمێنرا مرۆڤە، ڕێگەی یاریكردن لەلایەن فیفاوەی پێ نەدرا.

* دوایین پرسیار، تا چ ڕادەیەك پشت بەو یاریزانانە دەبەستی كە لە ڕووسیا یاری دەكەن، وەكوو سەردار ئازمون، عێزەتوڵڵاهی و میلاد محەمەدی؟
- كیرۆش: بێشك ئەو بابەتە بۆ من گرینگە و ئەوە بەشێك لە پرۆژەی گەشەكردنی یاریزانە ئێرانییەكانە. ساڵی 2011 تەنیا یاریزانێكی ئێرانی لە ئیسپانیا یاری دەكرد، كەچی ئێستە پێكهاتەی ئێران لە 60%ـی ئەو یاریزانانە پێكهاتووە كە لە دەرەوە یاری دەكەن و سێ كەسیان لە خولی تۆپی پێی ڕووسیان. بۆ هەڵبژاردەی ئێران گرینگە، چونكە دەبێتە هۆی ئاستبەرزی زیاتر و پەیوەندییەكی زیاتر لە گەڵ ڕووسیا دروست دەبێ. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێران لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا چەند پێشكەوتووە

 

محەمەد شەهدی- هەولێر .

© 2017 Hawler