
هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و نواندن، كاوە حه‌سه‌ن ناسراو به "مهجیدۆك"، جگە لەوەی ئەكتەرێكی ناسراوە، هاوكات زۆر لە وەرزش نزیكە، جگە لەوە بە پلەی رائید لە ریزەكانی پۆلیسی هەرێمی كوردستان، خزمەت دەكات. لە دیمانەیەكی فرەڕەهەنددا، باسی چەند لایەنێكی ژیانی و هەندێ بابەتی وەرزشی و هونەری دەكات.
* كه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار و كێ هانی دای بێیته نێو بواری نوواندن؟
- یه‌كه‌م كه‌س كه هانی دام مامۆستا ئه‌رسه‌لان سابیر هێلاوهیی بوو، له تیپی شانۆی به‌ڵێن ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ر بوو كه بێمه نێو دنیای هونه‌ر، هەروەها كاریگەری جه‌وهه‌ر باپیر و چارلن چاپلنم لەسەر بوو. شێرزاد حه‌سەنی چیرۆكنووس و رۆماننووس، كە برامە، زۆر هانده‌رم بووه زۆر سودمه‌ند بوومه له كتێب و ئامۆژگارییه‌كانی.
*به لای تۆ كێ باشترین هونه‌رمه‌ندی كۆمیدیایه؟
- به لای منه‌وه ئیبراهیم حه‌كیم و سه‌لام كۆیی و ته‌ها ئاغاجان یادیان به‌خێر.
* له‌گه‌ڵ كام هونه‌رمه‌ندی كۆمیدی زیاتر ئاسووده‌ی؟
- له‌گه‌ڵ زۆریان ئاسووده‌مه و كارم له‌گه‌ڵ هه‌موویان كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر له‌گه‌ڵی كاری نوواندنم كردووه، ههدار ئه‌نوه‌ره، كه ناسراوه بهههدۆ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عه‌بۆ و شه‌مۆ و شه‌عبان و ساڵح بێكه‌س و په‌روین شازده و حسكۆ و ره‌شۆ له به‌رنامه‌ی دووربین و له‌گه‌ڵ مامۆستا سەڵاح محەممەد عه‌لی، كارم كردووە.
* پێشهاتێكی ناخۆش كه له‌سه‌ر شانۆ توشی بووبیت، چییه؟
- ساڵی 1992 شانۆگه‌ری هاواری ژووره تاریكه‌كان، لەسەر ئه‌و سێ قوتابییه‌ی له یاریگە له سێداره ده‌درێن ناویان لوقمان و مەغدید و یاسین بوو، لە رۆژی دووه‌می نماییش، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌رم بوو ده‌ست و چاوم دهبەسترا،خۆم ده‌مگوت به‌توندی لێمده‌ن كه لێدانیكی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا بوو، ئه‌وه بوو رۆژی دووه‌م كۆنتڕۆڵم پێ نه‌كرا زۆر خراپ سه‌رم به زه‌وی كه‌وت، یه‌ك مانگ زیاتر ئاگام له‌خۆم نه‌مابوو، قسه‌ی هه‌له‌ق و بهلهقم ده‌كرد، تا تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بووم، بە هۆی ئەو ڕووداوه، ماڵه‌وه زۆر توڕه‌بوون وتیان چیتر ناهێڵین ئه‌و كاره بكه‌ی، به‌ڵام له‌به‌ر خوشه‌ویستی هونه‌ر نه‌متوانی واز بێنم، لە 1988ـەوە تا ئێستە بەردەوامم، لە رووی ماددیشەوە هیچ لە هونەر سوودمەند نەبوومە، ئێستەیش به‌رنامه‌یه‌كم لە كەناڵی خێزان به نێوی "هه‌گبه‌ی دێوه‌ره" هەیە، خۆم نووسین و ده‌رهێنه‌ری تێیدا ده‌كه‌م.
* نێوانت له‌گه‌ڵ وه‌رزش چۆنه؟
- زۆرم حه‌ز له وه‌رزشه، یه‌ك یاری یانه‌ی هه‌ولێر له ده‌ستی من ده‌ربازی نه‌بووه زۆر به‌تامه‌زرۆیه‌وه ده‌چوومه سه‌یری هه‌موو یارییه‌كان، رۆژێك ئه‌گه‌ر هه‌ولێر دۆڕابا، دوایین كەس دەهاتمە دەرەوەی یاریگە، ئێواره‌كه‌ی نانم پێ نه‌ده‌خورا و شهوهكەیشی خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت، زۆر به جۆشوخرۆشەوە شاری خۆم خۆش ده‌وێ،
*وەك دەزانین یاریزانیش بوویت؟
- بەڵێ، كاتی خۆیشی من یاریزان بووم له تیپی ڕزگاری له گه‌ڕه‌كی كوران، غازی عوسمان ڕاهێنه‌رمان بوو، دواتر چوومه تیپی بانگه‌واز كاك زیاد سه‌عید ڕاهێنه‌رمان بوو تا له لاوانی هه‌ولێریش له ساڵانی هەشتا وه‌رگیرام، به‌ڵام دایكم نه‌یهێشت و وتی نابێت تۆپانێ بكه‌یت، خۆم یاریزانێكی باش و خێرا بووم به‌وه به‌ناوبانگ بووم له ڕاكردن زۆر به‌هێز بووم له نێو یاریگه.
* لە یانە جیهانییەكان هاندەری كام یانەی؟
- هاندەری ڕیاڵ و به‌رشه نیم و سه‌رم سووكه، مانچسته‌ر یونایتدم خۆش دەوێ
* لە دیدی تۆوە، باشترین یاریزانی تۆپی پێ له مێژوودا كێیه؟
- پیلێی به‌ڕازیل و كرۆیڤی هۆڵه‌ندا، به تایبه‌ت كرۆیڤ، یاریزانێكی زۆرباش بوو، من یاریی كۆتایی مۆندیالی 1978 له‌به‌ر خاتری كرۆیڤ چووم له سینه‌ما سه‌یرم كرد.
* پێت وایە باشترین یاریزانی ئێستە كێیە؟
- باشترین یریزانی تۆپی پێ له ئێستادا یاریزانی یانه‌ی بایرن میونیشنی ئه‌ڵمانی تۆماس مۆله‌ره، پێشتریش زۆر به یاریزانی كامیرۆنی ئیتۆ سه‌رسام بووم.
* ڕای تۆ لەسەر دۆخی ئێستەی یانەی هەولێر چییە؟
- ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك ئه‌و ڕاستییه بزانێت یه‌كیەتیی تۆپی پێی عێراق، ستەمێكی زۆر گه‌وره‌ی له یانه‌ی هه‌ولێر كرد، ئه‌وان سه‌ره‌تا به‌ڵێنیان دابوو كه هه‌ولێر هه‌ر له پله نایابدا ده‌مێنێته‌وه و وتیان ئێستە بارودۆخی دارییتان باش نییه و ئێوه هەر له نایابدا ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام پاشان چه‌ند یانه‌یه‌كی عێراقی یه‌كیان گرت و وایان كرد یانه‌ی هه‌ولێر بێته خوارێ، به‌ڵام من دڵنیام یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ڵده‌ستێته‌وه، ئه‌گه‌ر پله یه‌ك بێت یان نایاب بێت، چونكه یانه‌ی هه‌ولێر یانه‌ی دایكه، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ یانه‌كانی تری كوردستان. ئێستەیش كه خولی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، ده‌چم بۆ یاریگه‌كان سه‌یری یاریی یانه‌كانی تریش ده‌كه‌م، هه‌موویانم خۆش ده‌وێ به‌بێ جیاوازی، بەڵام هه‌ولێر به پله‌ی یه‌كەم
خەسرۆ ئیسماعیل - هەولێر .