تشرینی یەکەم 17, 2019

هۆكاری كێشەی پۆگبا لەگەڵ مانچستەر یونایتد ئاشكرا كرا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئەلێگری، لە سەرلیستی كاندیدانی جێگرتنەوەی سۆڵشایەرە
ماسیمیلانۆ ئەلێگری، راهێنەری بەناووبانگ، لە سەرلیستی ناوی ئەو راهێنەرانەیە، كە یانەی مانچستەر یونایتد دیاری كردوون، بۆ جێگرتنەوەی سۆڵشایەری راهێنەری ئێستەیان، كە بە هۆی ئەنجامە خراپەكانییەوە، ئەگەری دوورخستنەوەی لە ئاردایە.
رۆژنامە ئیتاڵییەكان، بڵاویان كردەوە، كە كارگێڕیی یانەی مانچستەر یونایتد، خواستی ئەوەی هەیە، ماسیمیلانۆ ئەلێگری، لە شوێنی راهێنەری ئێستەیان جێگیر بكەن، كە ناوبراو پێشتر راهێنەرایەتیی یانەكانی میلان و یوڤێنتوسیشی كردووە.
رۆژنامەی لاگازێتتا دێللۆ سپۆرت، بڵاوی كردووەتەوە، كە لە ئێستەدا ئەلێگری، یەكەم بەربژێری جێگرتنەوەی ئۆلی جۆنەر سۆڵشایەری نەرویژییە.
مانچستەر یونایتد، ئەم وەرزە خراپترین دەستپێكی لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا هەبوو، ئەمەیش چارەنووسی راهێنەری لێل كرد.
ئێستە ئەلێگری بێكارە، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو، ماوریسیۆ ساری،لە یانەی یوڤێنتوس شوێنی گرتەوە.
جگە لە ئەلێگری، هەریەك لە ماوریسیۆ و پۆتیچینۆیش بەربژێری بوون بە راهێنەری مان یوونایتدن.

هۆكاری كێشەی پۆگبا لەگەڵ مانچستەر یونایتد ئاشكرا كرا
ئارسن ڤێنگەڕ، راهێنەری بەناووبانگی فەرەنسی، هۆكاری كێشە و ناڵینی پۆگبای لەگەڵ مانچستەر یونایتد ئاشكرا كرد، كە لە دیدی هاندەرانی یانەكەوە، ئاستی پێویست و ڕازیكەر نییە.
ڤێنگەر، پێی وایە پۆگبای 26 ساڵان، لە یانەی مانچستەر یونایتد ئاستی پێشبینیكراو و چاوەڕێكراو پێشكەش ناكات، بە تایبەت لە سەرەتای وەرزەوە، كە بە هۆیەوە تیپەكە ئەنجامی زۆر خراپە.
دوای شكستی مان یوو بەرانبەر نیوكاسڵ، لە گەڕی هەشتەمی پرێمەر لیگ، ڤێنگەر ب تۆڕی بین سپۆرت، وتی: سەرەتا و پێش هەر شت، پۆگبا بە هۆی پێكانەكانەوە بە تەواوی نەیتوانیوە ئاستی دەربخات و بگونجێت.
وتیشی، لە رووی جەستەییەوە ئامادە نییە، سەرەڕای بەهێزیی جەستەی، دواتریش كە ئەو خواست و ئارەزووی جێهێشتنی ئەو یانەیەی هەبێت و ڕێی لێ بگرن، ئەمەیش پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ پێوەندیی نێوان ئەو و یانەكەی دروست بكرێتەوە، بە تایبەت لە زۆر رووەوە كە یاریزانەكە پێوەی دەناڵێنێت.
پۆگبا، نزیك بوو لەوەی پێوەندی بە تیمەكەی زیدانەوە بكا، بەڵام مەرج و پارە زۆرەكەی مان یوو، ڕێی لەو هەوڵەی گرت.
وادەی گەڕانەوەی محەممەد سەڵاح ئاشكرا كرا
راپۆرتی مێدیا ئینگلیزییەكان، باس لەوە دەكەن پێكانەكەی محەممەد سەڵاح ماوەدرێژ نییە و لە ماوەیەكی نزیكدا دەگەڕێتەوە یاریكردن.
تۆڕی سكای سپۆرتس، بڵاوی كرەوە، كە ئەستێرەی میسڕی، بەم زووانە بۆ یاریكردن لە هاوشانی یانەكەی دەگەڕێتەوە.
پزیشكانی یانەكەی، ئەوەیان خستووەتە روو، كە چەند پشكنینێكیان بۆ سەڵاح كردووە و دەركەوتووە وادەی پێكانەكەی درێژخایەن نییە و ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن دانابڕێت.
رۆژنامەی دەیڵی میڕەڕ دووپاتی كردەوە، كە پزیشكان، ئەوەیان ئاشكرا كردووە، لە كۆتایی ماوەی وەستانی نێودەوڵەتی لەم مانگەدا دەگەڕێتەوە یاریكردن.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوول و لیستەر سیتی لە گەڕی هەشتەمی پرێمەر لیگ، حەمزە چۆدری، لە كۆتایی یارییەكەدا لە سەڵاحی دا.
یۆرگن كڵەپ، راهێنەری ئەڵمانیی یانەكە، لەو كاتەدا گۆڕانكاریی بە ناوبراو كرد و ئادەم لالانای بردە شوێنی.
بۆ زانین، حوسام بەدری، راهێنەری هەڵبژاردەی مێسر، لیستی یاریزانە ڕاگیراوەكانی بڵاو كردەوە كە لە یارییە نێودەوڵەتییەكانی ئۆكتۆبەردا ناتوانن یاری بكەن و ناوی سەڵاحی تێدا نەبوو.

كۆنتی، ڕەخنە لە لایەنە جەستەییەكەی لۆكاكۆ دەگرێت
ئەنتۆنیۆ كۆنتی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلان، رەخنەی لە ڕووە جەستەییەكەی رۆمێلۆ لۆكاكۆی یاریزانی یانەكەی گرت و وتی كە دەبێ بە شێوەیەكی زۆتر و باشتر مەشق بكا، تا لە رووی جەستەییەوە زۆر باش بێت، بە تایبەت كە ماوەیەك لە یاریكردن دابڕاوە.
ئەنتۆنیۆ كۆنتی، روونی كردەوە، كە لە ماوەكانی داهاتوودا، دەبێ لۆكاكۆ بەهێزتر مەشق بكات.
ئەو لێدوانەی ناوبراو، دوای یارییەكەیان بوو بەرانبەر یوڤێنتوس، كە تووشی شكست هاتن.
كۆنتی وتی: لە سەرەتای وەرزەوە پێكانی لە پشتیدا هەبوو، بەم دواییەی بە هۆی كێشەی ماسوولكەی رانییەوە دابڕا، ئەوەی پێی كراوە ئەنجامی داوە، بەرانبەر یوڤیش هەمان نیازی هەبوو، هیوامان وایە ئەو كێشانە جێ بهێڵیت و سەرلەنوێ دەست پێ بكاتەوە.
بۆ زانین، ئەوە یەكەمین شكستی ئینتەر میلان بوو لەم وەرزەدا، كە سەرەتایەكی باش و بەهێزی لە خولەكەدا هەبوو، ئەوەیش بە هۆی هێنانی چەند یاریزانێكی تازە و پلانی راهێنەری  كۆنتییەوە.

پۆچیتینۆ، بۆ راهێنەرایەتیی پی ئێس جی لەسەر پێیە
راهێنەری ئەرژەنتینی ماوریسیۆ پۆچیتینۆ، كە ئێستە راهێنەری یانەی تۆتنهام هۆتسبێری ئینگلیزییە، نزیك بووەتەوە لەوەی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی پاریس سانت جێرمان وەربگرێت.
سایتی لۆ تێن سپۆرتی فەرەنسی، روونی كردووەتەوە، كە ماوریسیۆ پۆچیتینۆ، پێشوازی لە بیرۆكەی بوون بە راهێنەری یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی دەكات، لە كاتێكدا ناچار بكرێ لە ماوەكانی داهاتوودا یانەی تۆتنهام جێ بهێڵێت.
سایتەكە، باسی لەوە كردووە، كە پۆچیتینۆ، لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتی لەم مانگەدا، چاوی بە بەرپرسانی یانەی پاریس دەكەوێت، بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی گرتنەئەستۆی ئەركەكەی، كاتێك لە باری هەڵبەزودابەزی ئاستی پی ئێس جی، راهێنەری تۆماس تۆخێل دوور بخەنەوە.
رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بریتانی بڵاوی كردووەتەوە، كە كەشی نێوخۆیی تۆتنهام، دۆخێكی بێسەروبەرترە لە هەر كارێكی دیكە، هەروەها بۆندەكەی تا ساڵی 2023 نوێ كراوەتەوە، بۆیە لە باری دوورخستنەوەیدا، دەبێ یانەكەی 35 ملیۆن یۆرۆی پێ بدات، مەگەر لە بارێكدا راهێنەر خۆی دەست لە كار بكێشێتەوە، ئەمەیش بە ئەگەرێكی نزیك نابینرێ، بە تایبەت كە دەزانێ لە بارەی دوورخستنەوەیدا لە رووی داراییەوە سوودی پێ دەگات.

لەوانەیە دێمبڵی بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادە نەبێت
مێدیای ئیسپانیا، بڵاوی كردەوە، كە لەوانەیە عوسمان دێمبڵی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە، بۆ یاریی نێوان یانەكە و ریاڵ مەدرید، بەشداری نەكات.
لە خولەكی 88ـی یاریی نێوان بەرشە و سڤیلیە لە گەڕی رابردووی لا لیگا، دێمبڵی ڕاستەوخۆ بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، كاتێك ناڕەزاییەتییەكی ناشیاوی بەرانبەر بڕیارێكی ناوبژیوان ماتیۆ لاهۆز دەربڕی، بەو هۆیەی ڕۆناڵدی هاوڕێی بە كارتی سوور كردە دەرەوە، لە كاتێكدا ڕێی لە هێرشبەری سڤیلیە چیچاریتۆ گرت لەوەی بە تەنێ لەگەڵ گۆڵپارێزیاندا بمێنێتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیۆی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە، كە ناوبژیوانی یارییەكە، لە راپۆرتی دوای یاریدا، نووسیویەتی: دێمبڵی پێی وتم تۆ زۆر خراپی، زۆر خراپ، لەگەڵ جووڵە و ئاماژەیەكی دەستیدا بۆ ناوبراو.
دوور نییە بەو هۆیەوە، دێمبڵی لە 2 تا 4 یاریی داهاتووی یانەكەی لە لایەن لیژنەی پێشبڕكێكانی یەكیەتیی تۆپی پێی ئیسپانیاوە ڕابگبرێت.
لە باری بڕیاری لیژنەكە بۆ ڕاگرتنی دێمبڵی بۆ زیاتر لە یارییەك، كە سووكایەتی بە ناوبژیوان كردووە، لە یاریی یانەكەی بەرانبەر ریاڵ مەدرید بێبەش دەبێت، كە 26ـی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت.
یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، بە گرینگترین یاریی یانەكان دادەنرێ، بەو هۆیەوەی لە سەرەتاسەری دنیادا زۆرترین هاندەر و تەماشاڤانی هەیە، بێبەشبوونی دێمبڵی یان هەر یاریزانێكی دیكە لە یاریی كیلاسیكۆ، بە لەدەستدانی هەلێكی گرینگ دادەنرێت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler