تشرینی یەکەم 17, 2019

وازهێنانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیك بووەتەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

وازهێنانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیك بووەتەوە
كریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 34 ساڵان، ئێستە هەست بە ماندووبوونێكی زۆر دەكات، بە تایبەت دوای ئەنجامدانی سێ یاریی لەسەریەك، بۆیە وازهێنانی نزیك بووەتەوە.
رۆژنامەی میڕەڕی ئینگلیزی بڵاوی كردووەتەوە، كە ڕۆناڵدۆ وتوویەتی "لەم 5 ساڵەی دواییدا، لەو كاتانەی لە دەرەوەی تۆپی پێ و یاریگە دەبم، زۆر چێژ دەبینم و ئاسوودە دەبم، نایشزانم لە دوو ساڵی دادێ چی روو دەدا."
وتیشی: تۆپی پێم خۆش دەوێ، دڵخۆشیی هاندەرانم دەوێ، ئەوانەیشی كە خۆشم دەوێت، به‌ڵام هیچ پلانێكم بۆ دوای وازهێنانم نییه‌، به‌ڵام نامه‌وێت لاسایی كه‌س بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت خۆم چیرۆكێكی نوێ بنووسمه‌وه‌.
رۆناڵدۆ، ئەوەیشی خستە روو، كە تەمەن گرینگ نییە، هزر و هۆش گرینگترین بابەتە لە تۆپی پێ.
ڕۆناڵدۆ لە هاوینی 2018 لە یانه‌ی ریاڵ مەدریدەوە پەیوەندیی بە یوڤێنتوسەوە كردووە، كە بەهای بۆندەكەی 100 ملیۆن یۆرۆ بوو و له‌ هاوینی 2022 گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤێنتۆس كۆتایی دێت.

رۆی كین، داوا دەكات پەلە لە سۆڵشایەر نەكرێ
رۆی كین، ئەفسانەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، داوای لە كارگێڕیی یانەكە كردووە، كە پەلە لە جۆنار سۆڵشایەری راهێنەر نەكەن و لەو رووەوە دان بە خۆیاندا بگرن.
ئێستە مانچستەر یونایتد ئەنجامەكانی خراپن و دواجار لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی ئارسناڵ یەكسان بوون، بەو پێیە ئێستە بە 9 خاڵ لە 7 یاریدا، لە خانەی دەیەمی ریزبەندیی خولی نایابی ئینگلیزییە.
كین بۆ تۆڕی سكای سپۆرتسی ئینگلیزی وتوویەتی: پێم وایە كە سۆڵشایەر نایابە، كەسێكی باش و ڕاستگۆیە، تیپەكەیش لەم ماوەیەدا هەوڵ و كۆششێكی زۆری داوە، بەڵام پێویستە كاتی زیاتر بە راهێنەر بدەین، ئەو لە ژێر گووشاردا دەناڵێنێت، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەكەدا دەكات، پێم وایە پێویستی بە بردنەوەی یارییە گەورەكانە.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، سۆڵشایەر، لە نیوەی وەرزی رابردووەوە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی مانچستەر یونایتدی بە شێوەی كاتی وەرگرت، دوای دوورخستنەوەی مۆرینهۆی راهێنەری ئەوكاتی یانەكە، كە هەر ئەنجامە خرپەكانیان هۆكاری دوورخستنەوەی بوو. لە مانگی مارسی ڕابردوو، بە شێوەی فەرمی و هەمیشەیی كرایە راهێنەری یانەكە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler