کانونی دووەم 27, 2021

هیچكات مەڵی هیچكات: لە ستاییشی یوپ هاینكسدا

جێی باوەڕكردن نییە، ئایا هەیە؟ تیمەكانی یوپ هاینكس لە 48 یاری لە 51 یاریاندا سەركەوتوون، واتە ژمارەپێوانەییەك لە تۆپی پێی ئەو سەردەمەدا.

ماڵئاوایی دوایین جاری ئەو لەگەڵ یانەكەی پڕشكۆ بوو. بە بردنەوەی سێ جام بۆ بایرن میونشن لە ساڵی 2013. پاڵەوانێتی بۆندسلیگا بە بیستوپێنج خاڵ زیاتر لە تیمی دووەم، سەركەوتن بەسەر شتوتگارت لە فیناڵی جامی ئەڵمانیا و لە كۆتاییشدا بەچۆكداهێنانی دۆرتمۆند لە خولی یانە پاڵەوانەكان. لە كاتێكدا بایرن ساڵی پێشووتر لە هەموو جەبهەكاندا دووەم هاتبۆوە، هات و یەكەمی جەبهەكانی دەستەبەركرد.

پێپ دۆڕاو بەرانبەر بە ئیسپانییەكان
لەبیرمان نەچۆتەوە ماڵئاواییەكەی بە هێوری بوو، بەڵام بە ساردوسڕی لەلایەن بایرن میونشنەوە. نیوەی وەرز بوو كە هەواڵی هاتنی پێپ گواردیۆلا بە گوێ گەیشت، ڕێك ئەو كاتەی هاینكس و یاریزانەكانی لە هەموو جەبهەكاندا ڕكابەریان دەكرد. ئەوكات، یوپ لەچاو پێپ پیرەپیاو بوو، ڕاهێنەرێك كە ئیتر هیچی پێ نەماوە... ئەو دوای بردنەوەی سێینە ماڵئاوایی كرد. ماڵئاوایی و ڕۆیشت. ڕۆیشت و بردنەوەكانی سێبەری گەورەی بەردەم پێپ بوون، زۆر گەورە. تیمەكەی پێپ لە ئەڵمانیا وەكوو شێر بوو و دەبوو بە پاڵەوان، كەچی بەرانبەر بە یانە ئیسپانییەكان و لە خولی یانە پاڵەوانەكاندا تەسلیم و دۆڕاو، هەر سێ جاریش دۆرا، بەرانبەر بە ڕیاڵ مەدرید، بارسێلۆنا و ئەتلتیكۆ مەدرید.

ژمارەپێوانەیی زۆرترین بردنەوەی چەمپیونزلیگ
ئایا پێپ جگە لە بارسێلۆنا، دەتوانێ بە یانەیەكی دیكە ببێتە پاڵەوانی چەمپیونزلیگ؟ ئایا لە بایرن شكستی خوارد و ئەوجارەش نۆرەی مان سیتییە؟ لە كاتێكدا هاینكس هەم لەگەڵ ڕیاڵ لە 1998 بوو بە پاڵەوانی ئەورووپا و هەمیش لەگەڵ بایرن لە ساڵی 2013دا. ژمارەپێوانەیی زۆرترین بردنەوە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكان، ئەویش بە جیاوازییەكی زۆر لەدەست هاینكسدایە. بۆ یوپ 70.7%، پێپ گواردیۆلا 63%، كارلۆ ئەنچلۆتی 56.5%، ئەلێكس فێرگسۆن 54.1%، مۆرینیۆ 53.4% و فابیۆ كاپێلۆ 52.3%.

بایرنییەكان بە پاریسییەكان دۆڕان
شكستی بایرن بە ڕێبەرایەتی كارلۆ ئەنچلۆتی بەرانبەر بە پاریس سان جێرمان ئەویش بە سێ گۆڵی بێ وەڵام، دۆڕانێكی زۆر تاڵ بوو. بایرنییەكان بەرانبەر بە پاریسییەكان شكستیان خوارد و ڕەخنەگرانیش هێرشیان كردە سەر ئەنچلۆتی: "بۆچی تۆماس مولەر بەرانبەر بە ڤێردربرێمن یاری نەكرد؟" و دواتر: "بۆچی مولەر لە جیاتی ڕێبێری و ڕۆبن یاری كرد؟". وتیان: تیمەكان بە ئەستێرەكان نابەنەوە، تیمەكان بە باشترین هونەر و تاكتیك دەیبەنەوە"... ئەوكات بایرن پلەی سێهەمی بۆندسلیگای بەدەستەوەبوو و ئەنچلۆتی دوایین ڕۆژی لە بایرن میونشندا بەسەربرد.

پیرپیاوەكە یان گەنجەكانی بایرن؟
پرسیار ئەوە بوو" كێ جێگەی ئەنچلۆتی دەگرێتەوە؟ یولیان ناگلزمانی سی ساڵان، یان تۆماس توخلی چلوچوار ساڵان؟" هیچكامیان، ئەو گەڕایەوە: هاینكسی تەمەن حەفتاودووساڵان.
بردنەوەی پێنج بە هیچی بایرن لە خولی یانە پاڵەوانەكان بەرانبەر بە بێشكتاش، دەیەم سەركەوتنی بەدوای یەكی یوپ لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا بوو. لەناو دۆڕاوەانی دەست یوپ، پاریس سان جێرمان، دۆرتمۆند، بارسێلۆنا و یۆڤانتوس لەسرە وەستاون. دوایین جار كە یوپ لە ئەورووپا دۆڕاوە، زستانی 2013 بوو، ئەویش بەرانبەر بە ڤێنگەر و ئارسناڵ. كاتێك بایرن لە لەندەن 3-1 بردیەوە و دۆڕانی 2-0 لە میونشن چارەنوسی گۆڕی.

هونەری كاریگەری هاینكس
بێشكتاش كە لە گروپەكەی خۆیدا و بەرانبەر بە پۆرتۆ، مۆناكۆ و لایپزیش یەكەم هاتبۆوە، لە تیروپشكدا بەر بایرین دووهەمی گروپەكەی خۆی كەوت. شكستی پێنج گۆڵەی بێشكتاش، دەتوانێ هۆكاری دەركرانی زووی ڤیدا بووبێ، بەڵام ناكرێ هونەری یوپ هاینكس وەبەرچاو نەگرین. یوپ بوو كە ڕۆبن و ڕێبێری لەسەر كورسی یەدەك دانیشاند و لە باڵەكاندا یاری بە كومان و مولەر كرد. هەر ئەوە بوو مولەر بوژایەوە و دوو گۆڵی تۆماركرد و لەبیر نەكەین لە 59 یاری لە 62 یاری كە مولەر گۆڵی لێداوە، بردوویەتەوە. ئەوە یوپ بوو كە رودرێگزی وەفڕین خستەوە. ئێستە "سۆن ئۆلریش"ـیش پێنج یارییە كە هیچ گۆڵێكی لێ نەكراوە.؟

فڕین بەرەو سێینەیەكی دیكە
بایرن و یوپ هاینكس وەكوو پێنج ساڵ لەمەوبەر بەرەو سێینە فڕیون. لە بۆندسلیگادا بە نۆزدە خاڵ لە پێش تیمی دووەمن، چوونەتە ناو یارییەكانی جامی ئەڵمانیا و ئێستەش لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپادا لە بێشكتاشیان بردۆتەوە و لەڕاستیدا لەو قۆناغە سەركەوتوون.. ئێستە دەستەی بەڕێوەبەری بایرن میونشنە كە لە كۆتایی وەرزدا منەتی یوپ بە گیان هەڵدەگرن بۆ ئەوەی دیسان ماڵئاواییان لێ نەكات. نەڵێ "نا" و بمێنێتەوە و بەردەوام بێ لە تۆماركردنی سەروەری یانەكەی. ناتوانین ستایشی یوپ هاینكس نەكەین. ئەی سیونۆ ساڵ ڕاهێنەرایەتی و چواردە ساڵ یاریكردن، واتای چییە؟

 

محەمەد شەهدی- هەولێر

© 2017 Hawler