کانونی دووەم 17, 2021

پەروەردەی كەركووك بووە پاڵەوان و پەروەردەكانی دەشتی هەولێر و ڕانیەیش دووەم و سێیەم بوون

ساڵانە پاڵەوانیەتی پەروەردەكانی كوردستان بۆ تۆپی بالە بۆ قوتابخانەكانی ئامادەیی و بنەڕەتی دەكرێتەوە و ئەو پەروەردانە بەشدار دەبن كە پلەی یەكەم و دووەمی پارێزگاكان بەدەست دێنن، ئەمساڵ پاڵەوانیەتیەكە لە شاری دهۆك بەبەشداری 9 پەروەردە بەڕێوە چوو، بە گوتەی بەرپرسانی پاڵەوانیەتیەكەیش جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ پاڵەوانیەتیەكە لە ئاستێكی زۆر بەرزدا بووە، دوای ململانێیەكی زۆریش پەروەردەی كەركووك پلەی یەكەمی بەدەستهێناو لە یاری كۆتایی لە پەروەردەی دەشتی هەولێری بردەوە.

پاڵەوانیەتیەكە بەشێوەی خول و كۆكردنەوەی خاڵ بەڕێوە چوو، ڕۆژانە یارییەكان لە هۆڵی داخراوی یانەی سەنحاریب بەڕێوە دەچوون، لە ڕۆژێكدا دوو یاری بەڕێوە دەچوون و سەرجەم پەروەردەكانیش وەك شوێنی حەوانەوە لە ماڵی لاوان دەمانەوە، مەرجی بەشداریكردنی قوتابیانیش ئەوە بوو، كە لە موالیدی ساڵی 2000 گەورەتر بۆیان نەبوو بەشداری بكات، ئەم پاڵەوانیەتیە كە بە پاڵەوانیەتی هەرێم دەناسرێت، هەموو ئەو پەروەردانە بەشداری دەكەن، كە لەسەر ئاستی پارێزگاكان پلەكانی یەكەم و دووەم بەدەست دەهێنن، بۆ ئەمساڵیش هەریەك لە پەروەردەكانی هەولێر و سلێمانی بەشدارییان نەكرد بوو.
دوای ڕكەبەرییەكی زۆریش لە نێوان تیپە بەشداربووەكانی پاڵەوانیەتیەكە پەروەردەی كەركووك، كە بە كۆی گشتی پاڵەوانیەتیەكە تەنیا یەك گێم دۆڕا و سەرجەم یارییەكانی بردەوە بووە پاڵەوان و پەروەردەی دەشتی هەولێریش بە پلەی دووەم هات و پەروەردەی ڕانیەیش بووە خاوەنی پلەی سێیەم، ئەوەی كە بەلای بەرپرسانی پاڵەوانەتیەكەوە گرنگە، ئەوەیە كە ساڵەنە لەم پاڵەوانیەتیە چەندین یاریزانی لاوی ئاست بەرز لە ڕیزی تیپە بەشدار بووەكانی ئەم پاڵەوانیەتیە دەردەكەون و دەچنە ڕیزی یانەكانی كوردستان.
دوای تەواو بوونی پاڵەوانیەتیەكەیش لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەیی خەڵات و جامی پاڵەوانیەتیەكە بەسەر تیپە سەركەوتووەكان و قوتابیان دابەشكران

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

.

© 2017 Hawler