تشرینی یەکەم 16, 2019

ئه‌مڕۆ له‌ چامپیۆنزلیگ چه‌ندان یاری ئاگرین و لوتكه‌ به‌ڕێوه‌یه‌

ئه‌مڕۆ له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی وه‌رزی نوێی چامپیۆنزلیگ 8 یاری دیكه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن، له‌ یاری لوتكه‌دا، پاریس سانجێرمان و ریال مه‌درید به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، ئاتڵێتیكۆ مه‌درید و یوڤێنتۆسیش له‌ یارییه‌كی ئاگرین رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

پاریس سانجێرمان 3 ئه‌ستێره‌ی كاریگه‌ری له‌ده‌ستداوه‌
ئه‌مڕۆ له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ، پاریس سانجێرمان له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی له‌ كاتژمێر 10:00تی شه‌و میوانداریی ریال مه‌درید ده‌كات.
تۆماس تۆخێل راهێنه‌ری پاریس سانجێرمان بۆ یه‌كه‌مین یاری وه‌رزی نوێی چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید 3 ئه‌ستێره‌ی پێشه‌وه‌ی یانه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا.
نێیمار دا سیلڤای به‌رازیلی به‌هۆی راگیرانه‌وه‌ ناتوانێت به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید یاری بكات، هه‌ریه‌ك له‌ كلیان مباپێ و ئیدینسۆن كاڤانی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی یاریزانه‌ بانگهێتشكراوه‌كانی پاریس ده‌بن بۆ یارییه‌كه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌ دژی ریال مه‌درید.
كلیان مباپێ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی: به‌داخه‌وه‌ ناتوانم بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ بم و ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یژه‌كانی یاریگه‌وه‌ هانی تیپه‌كه‌م بده‌م، به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م بۆ یارییه‌كانی داهاتوو به‌شێوه‌ی 100% ئاماده‌ ده‌بم.
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تۆماس تۆخێل تیپه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی ریال مه‌درید ببێته‌وه‌ هه‌واڵێكی خۆشیان پێگه‌یشت، كاتێك فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا بڕیاریاندا سزایه‌كه‌ی نێیمار له‌ چامپیۆنزلیگ له‌ 3 یاری بۆ 2 یاری كه‌م بكه‌نه‌وه‌، به‌مه‌ش نێیمار له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید و له‌ یاری داهاتوو به‌رامبه‌ر گه‌ڵاته‌سه‌رای بێبه‌ش ده‌بێت، بۆ سێیه‌مین یاری به‌رامبه‌ر كڵۆب بروج ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

زێدان بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و 9 یاریزانی له‌ده‌ستدا
هانده‌رانی ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌واڵی پێكانی مارسیلۆیان پێگه‌یشت، به‌مه‌ش ئه‌م یاریزانه‌ ده‌بێته‌ نۆیه‌مین یاریزانی ریال مه‌درید كه‌ به‌هۆكاری جیاواز بۆ یارییه‌كه‌ی پاریس سانجێرمان داده‌بڕێن.

زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ چامپیۆنزلیگ له‌ دژی پاریس سانجێرمان 19 یاریزنانی بانگهێشت كردووه‌ و 9 یاریزانیشی دوورخستۆته‌وه‌.
ریال مه‌درید له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆی لیستی یاریزانه‌ بانگهێشتكراوه‌كانی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی پاریس سانجێرمان بڵاو كرده‌وه‌.
یاریزانه‌ بانگهێشتكراوه‌كانی ریال مه‌درید:
گۆڵپارێز: كۆرتوا، ئاریۆلا و ئالتیوب
به‌رگریكاران: كارڤاخاڵ، میلیتاو، ڤاران، ئۆدریزۆلا، مێندی و دیلا فیۆنتی
ناوه‌راستكران: كرووس، كاسێمیرۆ و خامیس رۆدریگێز
هێرشبه‌ران: هازارد، بێنزێما، به‌یل، لوكاس ڤاسكێز، جۆڤیچ، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ.
زێدان بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی چه‌ندان یاریزانی به‌هۆكاری جیاواز دوورخستۆته‌وه‌، كه‌ پێكهاتوون له‌ (مارسێلۆ، رامۆس، مۆدریچ، ئیسكۆ، ئاسێنسیۆ، ڤاڵڤێردی، ئیبراهیم دیاز، ناچۆ و ماریانۆ).

یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مرۆ
له‌ درێژه‌ی یارییه‌كانی چامپیۆنزلیگ، ئه‌مڕۆ كله‌ب برووجی به‌لیجیا و گاڵاته‌سه‌رای توركیا له‌ كاتژمێر 07:55 خوله‌كی ئێواره‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، ئۆلێمپیاكۆس و تۆتێنهام له‌ هه‌مان كات روبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.
له‌ ئه‌ڵمانیا، یانه‌ی لیڤه‌ركووزن میوانداریی لۆكۆمۆڤیچی مۆسكۆ ده‌كات، له‌ یارییه‌كی دیكه‌شدا هه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا بایرن میونشن له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی باوه‌ش بۆ سرڤینا زڤیزدای سڕبیا ده‌كات.
ئاتڵانتای ئیتاڵیا بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی دینامۆ زه‌گره‌ب گه‌شتی كرواتیا ده‌كات، له‌ یاری لوتكه‌شدا ئاتڵێتیكۆ مه‌درید میوانداریی یوڤێنتۆس ده‌كات.
تیپه‌كه‌ی پێپ گواردیۆلای راهێنه‌ری مانچێسته‌ر سیتی بۆ یارییه‌كه‌ی شاختار گه‌یشتۆته‌ ئۆكرانیا و یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و ده‌كرێت.

 

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler