ئازار 29, 2020

فاتیح حه‌مه‌خان راهێنه‌ری برایه‌تی پلانی وه‌رزی نوێی یانه‌كه‌ی بۆ خوله‌كه‌ راگه‌یاند

برایه‌تی بێده‌نگییه‌كه‌ی شكاند و بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستانی (2019 – 2020)، ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كرد، برایه‌تی به‌ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵی یاریزان به‌ تایه‌به‌ت لاوه‌كان كار و به‌رنامه‌ی وه‌زری خۆی بۆ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان ئاشكرا كرد، برایه‌تی له ‌چه‌ند وه‌رزی رابردوو یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانی گۆڕه‌پانه‌كه‌بووه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م وه‌رزه‌ش ژماره‌یه‌كی قوڕسی خوله‌كه‌ بێت.

دوێنێ دووشه‌مه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر، پلانی وه‌رزی نوێی تیپه‌كه‌یان راگه‌یاند، كه‌ پشتبه‌ستن به‌ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی و تێكهه‌ڵكێشكردنیانه‌ به‌ یاریزانی لاو، كه‌ وه‌رزی رابردوو كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێكهاته‌كه‌ی بوون.
ستافی راهێنه‌ران بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ بریتین له‌ فاتیح حه‌مه‌خان راهێنه‌ر، غه‌فور عوسمان یاریده‌ده‌ر، دیارترین ئه‌و یاریزانانه‌ی گرێبه‌ستیان نوێكردۆته‌وه‌ ئه‌مانه‌ن(عه‌بدوڵڵا خه‌لیل، هیوا جه‌لال، بارزان یوسف، ژیار گۆڤه‌ند، ئامانج كه‌ریم، ده‌شتی شێره‌، ره‌وه‌ند عجیل، ئیسماعیل فاروق، بۆتان ده‌هام و عه‌لی ره‌عد)، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یاریزانه‌كانی دیكه‌ش له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو له‌گه‌ڵ برایه‌تی رێكبكه‌ونه‌وه‌ و ده‌ست به‌مه‌شق و راهێنانه‌كانی خۆیان بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌م وه‌رزه‌ كۆمه‌ڵێك یاریزانی سه‌ره‌كی له‌ برایه‌تی كۆچیان كرد و به‌سه‌ر تیپه‌كانی دیكه‌ دابه‌شبوون دیارترینیان: (سه‌فین مه‌نسور و دیار یاخی روویانكرده‌ نه‌ورۆز، ئه‌ركان ئه‌میر، په‌یوه‌ندی به‌ دهۆكه‌وه‌ كرد، سعود فاروق به‌ره‌ و هه‌ولێر رۆیشت، سه‌لام ئه‌حمه‌د و هه‌ورامان رزگار گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر واژۆ كردووه‌، رابه‌ر خالید ده‌ستبه‌رداربوونی وه‌رگرتۆته‌وه‌، گه‌یلان لوقمانیش په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی یانه‌ی كاره‌باوه‌ كردووه‌ بۆ یاریكردن له‌ خولی نایابی عێراقی.
برایه‌تی چه‌ند یاریزانێكی لاوی سه‌رخستووه‌ به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنیان تا له‌ ریزه‌كانی تیپی یه‌كه‌م بیانهێڵنه‌وه‌ ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئومێد ئیراهیم به‌رپرسی راگه‌یاندنی برایه‌تی به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند، كه‌ راهێنه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌م  یاریزانانه‌ ده‌كات، به‌ پێی ئاستیان ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ی سوودی هه‌بێت و به‌توانابێت راهێنه‌ر بۆ تیپی یه‌كه‌م بیهێڵێته‌وه‌، له‌وانه‌ش (عه‌بدولقادر فه‌رهاد، ئوسامه‌ جاسم، مسته‌فا سه‌فین، ئه‌زوه‌ر جه‌عفه‌ر، سیداد عه‌دنان، ده‌شتی خورشید)، جگه‌ له‌و یاریزانانه‌ی لاوانی برایه‌تی له‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی دیكه‌ش هاتوون تا راهێنه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكات.
برایه‌تی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كردووه‌، كه‌ هیچ كام له‌ وه‌رزه‌كانی پێشووتر به‌مشێوه‌ پلانه‌كانی له‌سه‌ر یاریزانی لاو هه‌ڵنه‌چنیوه‌، لێره‌دا ئامانجی سه‌ره‌كی برایه‌تی بریتییه‌ له‌ دروستكردنی یاریزان و تێكه‌ڵكردنی به‌ یاریزانه‌ به‌ئه‌زموونه‌كانی خۆی ململانێ كردن له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ و ركابه‌ری كردنی یانه‌كان.
سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر 1984 له ‌شاری هه‌ولێر دامه‌زراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان و عێراق، پێشووتر چه‌ندین یاریزانی ئه‌ستێره‌ و ناوداری كوردستان یارییان تێدا كردووه‌، وه‌زری 2013 جارێكیتر له‌ ریزی پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان بۆ خولی نایابی كوردستان سه‌ركه‌وته‌وه‌.
    

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler