تشرینی دووەم 17, 2019

ڕابیۆ لە دۆسیەكەیدا بەسەر یانەی پاریس سان جێرماندا سەركەوت

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕێگری بەردەم چوونی دۆگلاس كۆستا بۆ مانچستەر یونایتد ئاشكرا كرا
بریكاری یاریزانی بەڕازیلی دۆگلاس كۆستای یاریزانی یانەی یوڤێنتوس، روونی كردەوە كە یاریزان كۆستا ئۆفەرێكی لە یانەی مانچستەر یونایتدەوە بۆ چووە، بەڵام راهێنەری یانە ئیتاڵییەكە لەبەردەم ئەو كارەدا ڕێگر بووە.
بریكاری كۆستا، روونی كردەوە، كە ماوریسیۆ ساری ڕێی لە سەركەوتنی ئەو كارە گرتووە و رەتی كردووەتەوە بە هیچ نرخێك مافی گواستنەوە بەو یاریزانە بدەن، بۆیە ئید وداوردی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە ئینگلیزییەكە لەو هەوڵەیدا شكستی خوارد.
روونیشی كردەوە، كە ماوەیەكی زۆرە مان یوونایتد نیازی دەستخستنی كۆستای هەیە، پێشتریش ئەلێگری و ئێستەیش ساری ڕێیان لەو كارە گرت.
كێشەی كۆستا، پێكانی بەردەوامیەتی، تەنانەت وەرزی رابردوو ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن دابڕا، لەگەڵ ئەوەیشدا یوڤێنتوس نەیفرۆشت، هەرچەندە مان یوو گووشاری زۆری كرد.

جۆرجینۆ، رەتی كردەوە ئێستە بیرۆكەی جێهێشتنی چێڵسی هەبێ
جواو سانتۆس، بریكاری یاریزان جۆرجینۆی یاریزانی یانەی چێڵسی، دووپاتی كردەوە، كە سانتۆس دەیەوێت بەلای كەمەوە چوار ساڵی دیكە لە یانە ئینگلیزییەكە بمێنێتەوە.
سانتۆس، روونی كردووەتەوە، كە پرۆژەی ناوەند و مەودوازۆریان لەگەڵ چێڵسی هەیە، هەروەك ئەوەی لەگەڵ هیلاس ڤیرۆنا و ناپۆلی كردیان.
جۆرجینۆ، كە لە هاوینی 2018ـەوە لە یانەی ناپۆلییەوە چووە چێڵسی، ئێستە دەستبەرداری یانە ئینگلیزییەكەی نابێ.
لەو رووەوە سانتۆس، دووپاتی كردەوە، كە 5 ساڵ ماوەی بۆندەكەی لەگەڵ چێڵسی ماوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بە لای كەمەوە چوار ساڵی دیكە لێرە بەردەوام دەبێت.
ئەو یاریزانە 27 ساڵانە لای خۆیەوە، دووپاتی كردەوە، كە لەگەڵ یانەی چێڵسی و یاریكردن لە خولی ئینگلتەرا ئاسوودەیە و وای كردووە ئاستی باشتر بێ. هەروەها وەرزی رابردوو، بە ناوازە ناو دەبات و پێی وایە تێیدا گەشەی كردووە و لە رووی بەرگرییەوە زۆر بەهێز و باشتر بووە.
بۆ بیرهێنانەوە، جۆرجینۆ وەرزی رابردوو بەشداریی لە 37 یاریی یانەكەی كرد و دوو گۆڵی تۆمار كرد و خولی ئەورووپایشی لەگەڵدا بردەوە.

ڕابیۆ لە دۆسیەكەیدا بەسەر یانەی پاریس سان جێرماندا سەركەوت
یاریزانی ئێستەی یانەی یوڤێنتوس "ئەدریان ڕابیۆ" لەو داوا یاساییەی دژی یانەكەی پێشووی "پاریس سانت جێرمان" بەرزی كردبووەوە، سەركەوتنی بە دەست هێنا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە لیژنەی پێداچوونەوەی سەر بە یەكیەتیی پیشەگەرانی تۆپی پێی فەرەنسی، سەركەوتنی داواكەی ڕابیۆی لە دژی یانەی پاریس سانت جێرمان راگەیاند.
دۆسەی نێوان ڕابیۆ و پاریس، لەو كاتەوە دەستی پێ كرد، كاتێك یاریزانەكە نیشانەیەكی سەرسوڕمانی بۆ گرتەیەكی ڤیدیۆیی دانا، كە یاریزانی فەرەنسی پاتریس ئێڤرا بڵاوی كردبووەوە و تێیدا گاڵتەی بە شكستی پاریس بەرانبەر مانچستەر یونایتد، لە چوارچێوەی ڕكەبەرییەكانی چامپیۆنس لیگ، كردبوو.
كارگێڕیی یانەی پاریس، بە پەرچەكرداری یاریزانەكەیان سەرسام نەبوو، تەنانەت 5 ڕۆژی لە بڕی مووچەكەی بڕی، جگە لەوەی لە پاداشتی ئەو مانگەیش بێبەشی كرد، كە دەگەییشتە 40 هەزا یۆرۆ.
رۆژنامەكە روونی كردووەتەوە، كە لیژنەی یاسایی دەستەی پیشەگەریی فەرەنسی، پێش سێ مانگ بڕیارێكی دەركردووە و تێیدا ئەوە خراوەتە روو، كە ڕابیۆ بە هۆی هەمان هۆكارەوە، دوو جار سزا دراوە.
هاوكات، لیژنەی پێداچوونەوە، جارێكی دیكە دووپاتی كردەوە، كە ئەو سزایانەی یانەی پاریس سان جێرمان بەسەر یاریزانەكەیدا سەپاندووە، یاسایی نییە و بەو جۆرە مافەكانی بۆ دەگەڕێتەوە.

زیدان، میلیتاوی خستووەتە دەرەوەی پلانەكانی
زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، یاریزان و بەرگریكاری بەڕازیلی ئیدیر میلیتاو"ـی خستووەتە دەرەوەی پلان و بەرنامەكەی.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، بڵاوی كردەوە، كە میلیتاوی یەكەم یاریزانی دەستخراوی هاوین، لە سێ یاریی یەكەمی لا لیگا بەشداری پێ نەكراوە و پێ دەچێ خرابێتە دەرەوەی پلانەكانی زیدان.
یاریپێنەكردنی ئەو یاریزانە، لە كاتێكدایە بەهای بۆندەكەی 50 ملیۆن یۆرۆیە و نۆیەم گرانترین یاریزانی مێژووی یانەی ریاڵ مەدریدە، هاوكات ئەو یاریزانە بەڕازیلییە تووشی هیچ پێكان و بارێك نەبووە، كە ڕێ لە یاریكردنی بگرێت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler