تشرینی دووەم 15, 2019

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ سه‌ردانی به‌حرێن ده‌كات

ئه‌مڕۆ له‌ پاڵاوتنی ئه‌ورووپا بۆ گه‌یشتن به‌ جامی نه‌ته‌وه‌كانی یۆرۆی 2020، چه‌ندان یاری ئاگرین و چاره‌نووسساز به‌ڕێوه‌یه‌، له‌ پاڵاوتنی جامی ئاسیا و مۆندیالی قه‌ته‌ر، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌بێته‌ میوانی به‌حرێن.

یارییه‌كانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2020
له‌ یاری ده‌ستپێكی ئه‌مڕۆی پاڵاوتنه‌كانی یۆرۆی 2020، له‌ كاتژمێر 7:00 هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا به‌ راهێنه‌رایه‌تی رۆبێرتۆ مانسینی ده‌بێته‌ میوانی ئه‌رمینیا.
ئیتاڵیا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆی 4 یاری كردووه‌، هه‌ر چوار یارییه‌كه‌ی بردۆته‌وه‌ و به‌ 12 خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه‌، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رمینیا به‌ 6 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.
رۆبێرتۆ مانسینی راهێنه‌ری ئیتاڵیا بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سزای به‌سه‌ر مۆیس كینی هێرشبه‌ری لاوی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی سه‌پاندووه‌ و سڕی كردووه‌ و هۆشداریشی داوه‌تێ ئه‌گه‌ر ره‌فتاره‌كانی باش نه‌كات به‌ یه‌كجاری دووری ده‌خاته‌وه‌.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا له‌ كاتژمێر 9:30ـی شه‌و ده‌بێته‌ میوانی رۆمانیا، هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا 4 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كردووه‌ و به‌ 12 خاڵ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا رۆمانیا به‌ 7 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌م دێت.
پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ، رۆبێرتۆ مۆرینۆ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا به‌ڵێنی به‌ لویز ئێنریكی راهێنه‌ری پێشووی ئیسپانیادا هه‌ركاتێك بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ پێشوازی لێ ده‌كات و ده‌بێته‌وه‌ یاریده‌ده‌ری.
له‌ درێژه‌ی یارییه‌كانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2020، ئه‌مڕۆ چه‌ندان یاری دیكه‌ش به‌ڕێوه‌ ده‌چن: (ئایرله‌ندا ـ سویسرا) كات 9:45 خوله‌كی شه‌و، (مونتینیگرۆ ـ دانیمارك) كات 9:45، (فنله‌ندا ـ یۆنان) 9:45، (نه‌رویج ـ ماڵته‌) كات 9:45، (دوورگه‌كانی ڤارۆ ـ سوید) كات 9:45 خوله‌كی شه‌و.

یارییه‌كانی پاڵاوتنی ئاسیا و مۆندیالی 2020
له‌سه‌ر ئاستی كیشوه‌ری ئاسیا، ئه‌مڕۆ زنجیره‌یه‌ك یاری بۆ گه‌یشتن به‌ جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا و مۆندیالی 2020ـی قه‌ته‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
له‌ یاری لوتكه‌، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ كاتژمێر 7:30ـی ئێواره‌ ده‌بێته‌ میوانی به‌حرێن، ئه‌م یارییه‌ بۆ عێراقییه‌كان یاری تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی عێراق له‌سه‌ر خاكی خۆی جامی رۆژئاوای ئاسیای به‌رامبه‌ر به‌حرێن له‌ده‌ستدا، ئه‌م یارییه‌ بۆ هه‌ردوولا یه‌كه‌مین یاری ده‌بێت له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی گه‌یشتن به‌ جامی ئاسیا و مۆندیالی قه‌ته‌ر.
هه‌ڵبژارده‌كانی به‌حرێن و قه‌ته‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م شانبه‌شانی هه‌ڵبژارده‌كانی ئێران، هۆنك كۆنگ و كه‌مبودیا یاری ده‌كه‌ن.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌شدا، هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ر و ئه‌فغانستان له‌ كاتژمێر 7:30 به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، هه‌ڵبژارده‌ی كوێت و نیپالیش رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی فلیپین و سووریا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، ئیندۆنیسیا و مالیزیا به‌رامبه‌ر یه‌كتر یاری ده‌كه‌ن، هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌نیش بۆ یه‌كه‌مین یاری رووده‌كاته‌ وڵاتی سێنگاپوره‌، هیند و عومان یه‌كه‌مین یارییان له‌م قۆناخه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌بێت.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler