ئەیلول 21, 2019

نێیمار كەی دەتوانێ پاریس جێبهێڵێ و بەپێی چ یاسایەك؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان. لە كۆهەواڵی ئەمڕۆدا، پرسی نێیمار دەخرێتە روو و ئەو هۆكارە دەستنیشان دەكرێ، كە ڕێگر بوو لەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بچێتە یانەكەی كاتەلۆنیا.
هەرچەندە نێیمار و یانەی بەرشلۆنەیش حەز و خواستی زۆریان بۆ پێكشادبوونەوە هەبوو، بەڵام ڕێگرییەكانی پاریس سان جێرمان، ئەو خەونەی بۆ ئێستە پووچەڵ كردەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، روونی كردەوە، كە دواخواستی یانەی پاریس لە یانەی بەرشلۆنە، ئەوە بوو كە بڕی 150 ملیۆن دۆلار و هەرسێ یاریزان ئیڤان راكیتیچ و جان كلێر تۆدیبۆ و عوسمان دێمبڵی وەربگرێ، كە یەكەمیان نرخی گەییشتە نزیكەی 50 ملیۆن دۆلار و دووەمیان 8 ملیۆن دۆلار، یان بە تەنیا بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێ، بێ ئەوەی هیچ یاریزانێكی دیكە لە بەرشلۆنە بخوازێت، كە هەمان بڕەپارەی وەرگیراوی بەرشلۆنە بوو لە پاریس، كاتێك نێیمار چووە ریزەكانیانەوە.
رۆژنامەكە، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە سەرچاوەی نزیكی بەرشلۆنە، ئەوەی خستووەتە روو، كە پێش كۆتاهاتنی ماوەی گواستنەوەی هاوینە، نێیمار ئامادە بووە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ لە پارەی خۆی بدا، بۆ ئاسانكردنی گەڕانەوەی بۆ بەرشلۆنە، بەڵام كارگێریی پاریس، ڕەتی كردەوە ئاسانكاریی بۆ رۆییشتنی ئەو یاریزانە بكرێ، ئەمەیش بە تەواوی ڕێی لە گەڕانەوەی نێیمار بۆ یانەكەی پێشووی گرت. بەرشلۆنەیش هەوڵی زۆر و ئاسانكاریی زۆری كرد، بەڵام پی ئێس جی نەچووە ژێر بار، بۆیە ناچار نێیمار لە پاریس سانت جێرمان مایەوە.
دوای سەرنەكەوتنی بۆندی نێیمار و پێوەندیكردنی بە كەمپی مەشقی هەڵبژاردەی بەڕازیل، یاریزانانی تیمی نیشتمانیی وڵاتەكەی، پێشوازییەكی گەرمیان لێی كرد، ئەمەیش وەك پاڵپشتیی مەعنەوی و دەروونی، كە نێیمار خواستی زۆری لە گەڕانەوەی بۆ یانەی بەرشلۆنە هەبوو.
یاریزانانی بەڕازیل، بۆ ئەوەی نێیمار ئەو ڕەوشە لە بیر بكات و كار لەسەر ئاستی نەكا، زۆر بایەخیان پێ دا و دواندیان و بەخێرهاتنیان كرد.
لەلایەكی دیكەوە، هەر تایبەت بە پرسی نێیمار، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی كردەوە، كە نێیمار بیر لەوە دەكاتەوە لە ساڵی 2020ـدا پێوەندی بە یانەی بەرشلۆنەوە بكات، بە تایبەت كە بە پێی یاسای وابەستە بە گواستنەوەی یاریزانان لە فیفا، یاریزان ئازاد دەكات و پارێزگاری لێ دەكات، كە ئازادیی خۆی هەبێ بە مەرجی دیاریكراو یانەی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن.
بە پێی ئەو یاسایە، كە بە یاسای پارێزگاری ناسراوە، كە دەقەكەی بە جۆرێكە، ئەگەر یاریزان سێ وەرز، یان سێ ساڵ لە یانەكەی مایەوە و پێگری بە هەمان بۆندەوە كرد كە سەرەتا واژۆی كردووە و نوێ نەكراوەتەوە، مافی ئەوەی هەیە یانەكە جێ بهێڵێ و قەرەبوو بە یانەكە بداتەوە.
بریكارانی نێیمار لەو رووەوە ڕاوێژ بە فیفا دەكەن و نێیمار هاوینی دادێ دەتوانێ 170 ملیۆن یۆرۆ بە یانەی پاریس سانت جێرمان بدات و ریزەكانی جێ بهێڵێت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler