یانه‌ی بارسێلۆنا دوای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی به یانه‌ی ئاتڵێتیك بلباو دۆڕاند، ئاماده‌كارییه‌كانی به 3 ئه‌ستێره‌ی پێشه‌وه‌ی بۆ دووه‌مین یاری له وه‌رزی نوێی لالیگا به‌رامبه‌ر ریال بێتیس ده‌ستپێكردووه و مه‌ترسی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه دروست بووه، به‌وپێیه‌ی له هێڵی پێشه‌وه‌ی بارسێلۆنا سێكچوكهی (مێسی، سوارێز و دێمبلی) له‌ده‌ستداوه.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ یاری داهاتووی له لالیگا تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆته‌وه چونكه جگه له گریزمان هیچ هێرشبه‌رێكی دیكه‌ی نییه.
لویس سوارێز هێرشبه‌ری ئۆروگوایی له یاری رابردوو به‌هۆی پێكانه‌وه یاریگه‌ی جێهێشت، سێشه‌ممه‌ی رابردووش بارسێلۆنا پێكانی عوسمان دێمبلی راگه‌یاند و پێشبینی ده‌كرێت بۆ 5 هه‌فته دوور بكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه هێشتا مێسی له پێكانه‌كه‌ی چاكنه‌بۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه به‌رپرسانی بارسێلۆنا زۆر له عوسمان دێمبلی توڕه‌ن، چونكه زۆربه‌ی پێكانه‌كانی به‌هۆی خراپی خه‌و و خواردنیه‌تی كه وه‌ك پێویست پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی راهێنه‌ر نییه و تا دره‌نگه‌شه‌و ناخه‌وێت و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كانه، به‌مه‌ش پێشبینی سه‌پاندنی سزایه‌كی توند به‌سه‌ر هێرشبه‌ره فره‌نساییه‌كه ده‌كرێت.
ڤاڵڤێردی بۆ یاری داهاتووی له كامپ نوو ته‌نیا ئانتوان گریزمانی له‌سه‌رده‌سته، وه‌ك جاران بژارده‌ی كۆتینیۆشی له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه كه له‌م هه‌فته‌یه‌دا روویكرده بایرن میونشن، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه بارسا ده‌ستبه‌رداری ماڵكۆمیش بووه، وه‌ك میدیاكانی كه‌ته‌لۆنیا باس ده‌كه‌ن دۆخی بارسێلۆنا بۆ یاری داهاتوو خراپه و مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی خاڵی زیاتری لێ ده‌كرێت.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو، بارسێلۆنا له وه‌رزی نوێی لالیگا یه‌كه‌مین یاری له نێو یاریگه‌ی كامپ نۆ به‌رامبه‌ر ریال بێتیس ده‌كات، یارییه‌كه‌ش له كاتژمێر 10:00ـی شه‌و ده‌كرێت.
ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر