تشرینی دووەم 15, 2019

هۆكاری دروستبوونی ئه‌كادیمیای یانه‌ی هه‌ولێر چییه‌؟

له‌ كوردستان ژماره‌یه‌ك ئه‌كادیمیا هه‌یه‌، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ساڵانی داهاتوو كۆمه‌ڵێك یاریزان بۆ تیپ و یانه‌كانی كوردستان ئاماده‌ بكه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ی شوینێكی دیاری له‌ پیگه‌یاندنی یاریزانان بینیوه، ‌ئه‌كادیمیای هه‌ولێره‌، بۆ زیاتر ئاشنابوون و ناساندنی ئه‌م ئه‌كادیمایه‌ و گیروگرفته‌كانیان له‌ نزیكه‌وه‌ دڵشاد ئه‌حمه‌دی راهێنه‌ر به‌م شێوه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر تیشكی خسته سه‌ر پرس و بابه‌ته‌كان.‌

هۆكاری دروستبوونی ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ چییه‌؟
دڵشاد ئه‌حمه‌د راهێنه‌ر هۆكاری دروستبونه‌كه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر بۆ دوو بنەما گه‌ڕانده‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: یه‌كه‌م، به‌ مه‌به‌ستی كاری بازرگانی، دووەم پێگەیاندنی یاریزان، کاری ئێمەش وەکو ڕاهێنەر پێگه‌یاندنی یاریزانانه‌ لە سەر شێوازێکی ئەکادیمی و تەندروست لە بوارەکانی فێرکردنی جوڵە و کارامە، ته‌كتیكی یاریی كردنه‌، هەروەها دروست کردنی کەسایەتی ڕۆشنبیری وەرزشی لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونی تەندروست.

كار له‌سه‌ر چه‌سپاندنی باوه‌ڕبه‌خۆبوون ده‌كه‌ن
‎دڵشاد ئه‌حمه‌د له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ئه‌كادیمیا یاریزانه‌كان فێره‌ کۆڵ نەدان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجیان ده‌كه‌ین، بۆ ئەوەی فێر ببن کە ئەوانەی گەیشتونە لوتکە لە ئاسمانەوە دا نەبەزیوون، بەڵکو هەوڵ و کۆششی بەردەوام و گوێڕایەڵی ڕاهێنەربوونه‌، كه‌ ئەمانەی گەیاندۆتە ئەم ئاسته‌، هەروەها لەم بیر و فکرە چەق بەستووە دەریان بێنین کە گوایە تاکی عیراقی و بەتایبەتی کورد  نابن بە شت، بەڵکو هەر کاتێک مرۆڤ ئیرادەی بەهێز بوو هیچ شتێک ناتوانێ پێشی پێبگرێ، ئەرکی ئێمەش دروست کردنی ئەم ئیرادە پۆڵاینەیە لە ناخی تاک تاکی یاریزانان، هەروەها ڕێکخستنی سیستەمی خۆراکیان و دوورکەوتنان لەو ماددانەی زیان دەبەخشێت بە تاکی وەرزشوان و زیان دەگەیەنێت بە تەندروستیان .

كار له‌سه‌ر دایك و باوكی یاریزانه‌كانیش ده‌كرێت
ئه‌و راهێنه‌ره‌ له‌ باره‌ی سیسته‌می كاركردنی ئه‌كادیكیاییه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ یاریزانه‌كان بەسەر چوار گرووپ دابه‌ش ده‌كه‌ن و هەر گرووپێك کار و بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، دڵشاد ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت: هیچ مەرجێکی پێشوەختە نییە بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ئه‌كادیمیا، بەڵکو سه‌ره‌تا هەموو کەسێک دەتوانی به‌شدار بێت، دواتر دوای هەڵسەنگاندنی لە لایەن ڕاهێنەران قسە لەگەڵ دایک و باوکیان دەکرێت کە منداڵی ئێوە بەهرەدارە و ڕەنگە لە دواڕۆژ ببێتە یاریزانێکی باش.

پشكنینی پزیشكی بۆ به‌شداربووان ده‌كه‌ن؟
دڵشاد ئه‌حمه‌د كه‌ پێشتر یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌، له‌ به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان هیچ پشکنینی پزیشکی بۆ هیچ به‌شداربووه‌ك ناکەن،  بەڵکو لە کاتی تۆمارکردنی ناویان بە خاوەنەکانیان دەڵێین کە منداڵی ئێوە نابێت هیچ گرفتێکی  هەبێت لەڕووی تەندروستیەوە، خۆتان له‌هه‌ر شتێكی شاره‌وه ‌به‌رپرسن.
دڵشاد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد لە کاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دەوامی قوتابخانەكانیش ئەکادیمیا هەر بەردەوامە و ڕاناوەستێت، بەڵام زیاتر ئەوانە دێنەوە کە بەهرەدارن و دایک و باوکیان لە بارەیان ئاگادار کراون .

كیشه‌ و گرفته‌كانیان چین؟
دڵشاد به‌شێكی كێشه‌كانی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا كرد كه‌ دیارترین کێشەیان لەڕووی كارگێڕی یانەکەیە، کە تا ئێستا نەیتوانیوە پارێزگاری لە بەهرەمەندەکانی بکات و تائێستاش پلانی نییە بۆ ئەم کارە، کە گومانی تێدا نییە هەندێک یاریزانمان هەیە ئاسیتان زۆر بەرزترە لە ئاستی یاریزانانی ئەکادیمیا گەورەکانی جیهان، پێشتر چەند یاریزانێک لە ئەکادیمیای ئێمە هه‌بوون، بەڵام ڕۆیشتن و پەیوەندیان بە ئاکادیمیای وڵاتانی ترەوە کردووه‌.
ئه‌و راهێنه‌ره‌ كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌كادیمیایه‌كه‌ی بۆ گرفتی ناڕۆشنبیری هەندێک لە دایک و باوکانن گه‌ڕانده‌وه، ده‌شڵێت:‌ كاتێك دایك و باوكیان ده‌یانه‌وێت بێنه‌ ناو کاری ڕاهێنەر و دەیانەوێ منداڵه‌کانیان بە ویستی ئه‌وان لە قۆناخ و گرووپه‌كان دابنرێن، بەڵام ئێمە لێناگەڕێین هەر بۆیە جاری وا لێكتێنه‌گه‌یشتن دروست دەبێت.

"به‌هره‌مه‌نده‌كانمان ئاینده‌یه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێیان ده‌كات"
دڵشاد له‌ وه‌ڵامێكی دیكه‌ی هه‌ولێر، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ بۆ ساڵی سێیه‌مه‌ لەو ئەکادیمیایه‌ كار ده‌كات، ده‌شڵێت: تا ئێستا خاوەنی نزیکەی30 یاریزانی زۆر باشین کە ئەمانە  چاوەڕێی دواڕۆژێکی پڕشنگداریان لێدەکرێت، پێشوتریش چەند یاریزانێکمان پەیوەندیان بەڕیزی تازەپێگەیشتووان و لاوان کردووە.

ستافی ئه‌كادیمیای یانه‌ی هه‌ولێر
دڵشاد احمد: بکالوریوس لە وەرزش و  خاوەنی بڕوانامه‌ی c ئاسیاوی
هیمداد عبدالخالق: ماسته‌ر لە وەرزش و خاوەنی بڕوانامه‌ی  cئاسیاوی
محمد ئازاد: ماسته‌ر لە وەرزش و خاوەنی بڕوانامه‌ی  cئاسیاوی
سه‌ردار فارس: بکالۆریوس لە وەرزش خاوەنی بڕوانامه‌ی ئەکادیمیای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
سەرپەرشتیاری ئەکادیمیا: دکتۆر اکرم امین، دکتۆرا لە فەسلەجەی وەرزش و خاوەن بڕوانامەی B راهێنه‌رایه‌تی.
‌‌

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler