ئاب 26, 2019

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر یارییه‌كانی جامی رۆژئاوای ئاسیا ده‌ست پێده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 4-8- 2019، له‌ هه‌ولێر له‌ یاریگای یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری گه‌ری یه‌كه‌می یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م له‌ پاڵه‌وانیەتیی رۆژئاوای ئاسیا به ‌ڕێوه ‌ده‌چێت.

یارییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ نێوا هه‌ڵبژارده‌كانی (سعودیه‌، كوەت، به‌حرەین، ئوردن) ده‌بێت، یاریی یه‌كه‌می ئه‌مڕۆ كات 7:30 ـی ئێواره‌ له‌ نێوان (ئوردن×به‌حرەین) یاریی دووه‌می ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ش كات 10:30 له‌ نێوان (سعودیه‌×كوەیت) ده‌بێت، دواتر یارییه‌كان ده‌وه‌ستن تا رۆژی حه‌وتی مانگ گه‌ڕی دووه‌م ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌ڵبژارده‌كانی به‌شدار له‌م پاڵه‌وانێتییه‌ به‌ته‌واوی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی نه‌هاتوون، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن یاریزانی تازه‌و لاو به‌شداری پێبكه‌ن تا بۆ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ر و جامی ئاسیا ئاماده‌یان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ناسناوه‌كه‌ ده‌ده‌ن، رۆژانه‌ له‌ یاریگەكانی هه‌ندرێن و برایه‌تی و یاریگەی پرۆژه‌ی گۆڵ مه‌شقه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دوێنێ شه‌ممەیش له‌ هه‌ولێر كۆنگره‌ی هونه‌ری بۆ هه‌ر چوار هه‌ڵبژارده‌كه‌ كرا، دواتر راهێنه‌ره‌كان له‌ پرێس كۆنفڕانسێكدا، ئاماده‌كاری تیپه‌كان و ئامانجی به‌شداری كردنیان خسته‌ڕوو.
له‌ یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، كه‌ له‌ شاری كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چوار یاریی تا ئێستا ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ عێراق دوو یاریی بردۆته‌وه‌ خاوه‌نی شه‌ش خاڵه‌، لوبنان و فه‌له‌ستینیش هه‌ر یه‌كه‌و سێ خاڵیان هه‌یه‌، یه‌مه‌ن له‌ دوو یاریی هیچ خاڵێكی نییه‌، سوریا یه‌ك یاریی كردووه‌ و هیچ خاڵێكی نییه‌، له‌هه‌ر گرۆووپێك ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ سه‌رده‌كه‌وێت، كه‌ خاوه‌نی زۆرترین خاڵه‌ و ده‌گاته‌ یاریی كۆتایی، تائێستاش 8 گۆڵ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ تۆمار كراوه‌.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی جیهانی پاڵه‌وانیەتیی رۆژئاوای ئاسیای به‌ فه‌رمی ناساند، ئه‌م نۆیه‌مین پاڵه‌وانێتییه‌، ئه‌مجاره‌ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2000 ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئیران به‌ 4 جام خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌ویه‌‌ و دواین جاریش قه‌ته‌ر جامه‌كه‌ی برده‌وه‌، عێراقیش ساڵی 2002 بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م جامه‌ی برده‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler