ئاب 26, 2019

مێسی سێ مانگ و 50 هەزار دۆلار سزای بەسەردا سەپێندرا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕۆناڵدینهۆ بە دەست قەرزدارییەوە گیری خواردووە و ڕێی گەشتیشی لێ گیرا
ئەفسانەی پێشووی بەڕازیلی رۆناڵدینهۆ، لە كێشەیەكی گەورەدایە و لە نێو قەرزدا نقوم بووە و ناتوانی بەڕازیلیش جێ بهێڵیت.
رۆژنامەی فولها دی ساوپاولۆی بەڕازیلی بڵاوی كردەوە، كە رۆناڵدینهۆی تەمەن 39 ساڵان، تووشی قەرزێكی زۆر بووە و بە هۆیەوە 57 یەكەی پشكەكانی دەستی بەسەردا گیراوە و سزای 1.8 ملیۆن یۆرۆیش دراوە.
رۆژنامەكە روونی كردووەتەوە، كە پاسپۆرتی گەشتكرنی ئیسپانی و نێوخۆییش لە رۆناڵدینهۆ وەرگیراوەتەوە و ڕێی چوونەدەرەوەی لێ گیراوە، بە تایبەت كە قەرزەكانی گەییشتووەتە 2.3 ملیۆن یۆرۆ.
كێشەكە لەو خاڵەیشدا ناوەستێت و لەوانەیە سزای 184 هەزار یۆرۆی دیكەیشی بدرێت.
پارێزەری رۆناڵدینهۆ تانەی لە بڕیاری لێكشاندنەوەی پاسپۆرتەكەی رۆناڵدینهۆ داوە و دووپاتی كردووەتەوە كە حكوومەتی بەڕازیل ئەو مافەی نییە و ئەو بڕیارە پاشخانی یاسایی نییە.

گواردیۆلا لە لێدوانەكانی كلۆپ بێزار بووە
پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، دانی بەودا نا، كە لە لێدوانەكانی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی لیڤەرپوول یۆرگن كلۆپ نیگەران و بێزارە.
هەفتەی رابردوو، یۆرگن كلۆپ ئەوەی دووپات كردەوە، كە لیڤەرپوول پارەی كەمی هەیە بۆ خەرجكردن لەم هاوینەدا، بە پێچەوانەی یانەی مانچستەر سیتی، كە لە زەمینێكی خەیاڵیدا دەژی و چی بووێ بە دەستی دەهێنێ.
ئەو لێدوانە گواردیۆلای نیگەران كردووە و ناوبراو بۆ تۆڕی سكای سپۆرتسی بریتانی وتوویەتی "ئەم لێدوانانە بێزاركەرن، چونكە ڕاست نییە و ئێمە لە هەموو وەرزێكی گواستنەوەدا 200 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینیمان وەك بودجە لەبەر دەستە.
وتیشی: لیڤەرپوول تیپێكی بچووك نییە، ئەوەم پێ خۆش نییە، چونكە راست نییە، لە وەرزی رابردوودا بۆ هەر یاریزانێك تەنیا 17 ملیۆن جونەیهمان هەبوو، پێش دوو وەرزیش كە بوودجەمان زۆر بوو، بە هۆی ئەوە بوو كە من بوومە راهێنەری مان سیتی، چونكە 10 تا 11 یاریزانی سەرووی 30 ساڵانمان هەبوو و دەبوو بیانگۆڕین.
وتیشی: ئێمە ناتوانین هەموو وەرزێك بڕەپارەی 200 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بەردەست خەین، وەك وەرزی رابردوو.

مێسی سێ مانگ و 50 هەزار دۆلار سزای بەسەردا سەپێندرا
یەكیەتیی تۆپی پێی ئەمەریكا "كۆنمیبۆل" رایگەیاند، كە لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، دەبێ بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە، لەگەڵ سزای پێبژاردنی 50 هەزار دۆلار، ئەوەیش بە هۆی ئەو لێدوانانەی پێشتر لە بارەی ئەو یەكیەتییەوە، لە سەروەختی یارییەكانی كۆپا ئەمەریكادا دای.
تۆڕی بی بی سپۆرتی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە، كە یەكیەتییەكە، ڕاگرتنی مێسی لە سێی مانگی ئابی 2019ـەوە دەژمێرێت تا 90 رۆژ، بەو جۆرە لە سێ یاریی دۆستانەی تیمەكەی بەرانبەر هەریەك لە چیك و مەكسیك و ئەڵمانیا دادەبڕیت، لە كاتێكدا لەو ماوەیەدا هیچ یارییەكی فەرمییان نییە.
وێرای سزای ڕاگرتن، یەكیەتییەكە سزای دارایی 50 هەزار دۆلاریشی بۆ مێسی بڕیار دا.
مێدیا هەواڵگوێزەرەوەكە، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە یەكیەتیی تۆپی پێی ئەرژەنتین، مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی 7 رۆژدا سكاڵا و پەڵپ لەو بڕیارە بگرێ.
بۆ بیرهێنانەوە، لە سەروەختی یارییەكانی كۆپا ئەمەریكادا و دوای یاریی نێوان بەڕازیل و ئەرژەنتین، كە یەكەمیان یارییەكەی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە، مێسی رەخنەی لە بڕیارەكانی ناوبژیوان گرت و وەك ناڕەزاییش ئاماژەی بەوە كرد، كە ناوبژیوانان و یەكیەتیی تۆپی پێی ئەمەریكای باشوور، لاگیری تیمی میواندار "بەڕازیل" دەكەن و جامەكە بە دیاری بۆ ئەوان دانراوە. بەشێكی چاودێران، ئەوەیان بە هەڵچوونی مێسی لە ئاكامی ئەنجامخراپی دانا و بەشێكی دیكە، ئەو گوتانەیان بە مافی خۆی زانی، بەوەی بڕیارەكانی ناوبژیوان زیانی لە ئەرژەنتین دابوو.

دواپێشهات لە بارەی بۆندێكی ئاڵوگۆڕی نێوان یوڤی و سیتی
راپۆرتە مێدیاییەكانی ئیتاڵیا، بڵاویان كردەوە كە هێشتە دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان هەردوو یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و یوڤێنتوسی ئیتاڵیدا لە بارەی یاریزان جواو كانسیلۆوە هەیە.
تۆڕی سكای ئیتاڵی، بڵاوی كردەوە، كە مانچستەر سیتی، بۆندێكی بە بەهای 35 ملیۆن یۆرۆ پێشكەشی یوڤێنتوس كردووە بۆ دەستخستنی یاریزان كانسیلۆ، هاوكاتی ئەو بڕەپارەیە، یاریزان دانیلۆیش بە یانە ئیتاڵییەكە بدات.
مێدیاكە بڵاوی كردووەتەوە، كە بریكاری ئەو یاریزانە، لەگەڵ یانەی یوڤیدا كۆ بووەتەوە، تا لە بارەی مەرجە كەسی و تایبەتییەكانەوە گفتوگۆ بكەن.
پێشتر و لە 2017ـدا بەرانبەر بۆندێكی 30 ملیۆن یۆرۆیی، یاریزان دانێلۆ لە یانەی ریاڵ مەدریدەوە چووە یانەی مانچستەر سیتی.
هەرچی یاریزان كانسیلۆیە، لە هاوینی 2018ـدا بە بەهای 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ڤاڵێنسیاوە چووە یانەی یوڤێنتوس و لە هەموو پاڵەوانیەتییەكاندا 34 یاریی بۆ خانمەپیرەكە كردووە و گۆڵێكی تۆمار كردووە و 8 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler