ئاب 26, 2019

‌سه‌رهه‌نگ موحسین دوای 20 ساڵ به‌گریانه‌وه‌ ماڵئاوایی له‌ یانه‌ی هه‌ولێر كرد

سه‌رهه‌نگ موحسین گۆڵپارێزی هه‌ولێر و پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، به‌چاوی پڕ گریانه‌وه‌ ماڵئاوای خۆی و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر ئاشكرا كرد.

سه‌رهه‌نگ موحسین خاڵی كۆتایی بۆ ئه‌و چیرۆكه‌ دانا، كه‌ 20 ساڵه‌ له‌ نێوان سه‌رهه‌نگ و یانه‌ی هه‌ولێر دایه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاشكرای كرد، كه‌ كارگێڕی هه‌ولێر سته‌میان لێكردووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ناشارستانی و دوور له‌ كاری پیشه‌گه‌ری دووریانخستۆته‌وه‌.
سه‌رهه‌نگ، له‌ دیمانیه‌كی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ له‌ كه‌ناڵی كوردستان 24 دا به‌ ئاشكرا باسی ئه‌و هۆكارانه‌ی كرد، كه‌ ئێستا یاریی بۆ یانه‌ی دایك ناكات، ئه‌و وتی: له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی قۆناخی دووه‌می خولی نایابی عێراقی به‌ بێ هیچ شتێك به‌منیان وت برۆ پشو بده‌ تا ئه‌ك كاته‌ی خۆمان بانگده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام دوای نزیكه‌ی سێ مانگ ئه‌وان هیچ هه‌ڵوێستێكیان بۆمن نه‌بوو، ته‌نانه‌ت سێ جار له‌گه‌ڵیان دانیشتووم تا به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ تێگه‌یشتم ئه‌وان ته‌نها مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی منیان هه‌یه‌.
كوڕه‌كه‌ی موحسن زیاتر گوتیشی: من دواینجار داوای مافی خۆم كرد، كه‌ بڕی 42 ده‌فته‌ر دۆلاره‌، به‌ڵام ئه‌وان ده‌رگایان نیشاندام و سه‌رۆكی یانه‌ پێی گوتم، بڕۆ لای كێ كام به‌پرس و سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ سكاڵا بكه‌ و هیچت لای ئێمه‌ نییه‌ و باكم به‌هیچ نییه‌، تنانه‌ت له‌سه‌ر مافی خۆشم خه‌ریك بوو لێمبده‌ن.
سه‌رهه‌نگ وتیشی: خۆشه‌وه‌یستی من و هه‌ولێر عیشقه‌، من 20 ساڵی ته‌مه‌نی خۆم له‌م یانه‌یه‌ به‌ڕێكرد، چوار ناسناوی خولی نایابی عێراقیم له‌گه‌ڵ بردونه‌وته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌شی، كه‌ له‌ خولی عێراقی كشانه‌وه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزی چه‌ند كه‌سێكی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ بده‌نه‌وه‌، من به‌ گریانه‌وه‌ داوای مانه‌وه‌م ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌ك كار ده‌كه‌ن، هه‌ركه‌سێك ببیته‌ ناوێك له‌ یانه‌كه‌ و گه‌وربێت، به‌بێڕێزی دووریده‌خه‌نه‌وه‌.
سه‌رهه‌نگ هه‌ر بۆ كه‌ناڵی كوردستان 24 وتی: هه‌موو شتێكم له‌ پێناوی ئه‌و یانه‌یه‌ دانا، ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆژه‌ی هاوسه‌رگیریم كرد، ته‌نها یه‌ك رۆژ مۆڵه‌تم وه‌رگرت، چونكه‌ هه‌ولێرم زۆر خۆشده‌ویست، هه‌رگیز نه‌مویستووه‌ لێی دوور بكه‌ومه‌وه‌، سه‌رهه‌نگ به‌چاوی به‌ گریانه‌وه‌ دابڕانی خۆی له‌ عیشقه‌ بێ كۆتاییه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند، ته‌نانه‌ت باسی ئاست خراپی ئه‌وه‌ وه‌رزشی كرد، كه‌ به‌هۆی جه‌نگی ده‌روونی و ململانێ له‌گه‌ڵی نه‌یتوانی ئاستی راستقینه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات.
پرۆفایلی سه‌رهه‌نگ موحسین
سەرهەنگ موحسین له‌ یانه‌ی هه‌ولێر پێگه‌یشتووه‌، له‌وه‌ته‌ی وه‌رزی 2001 ـ 2002ـه‌وه‌ له‌ خولی نایابی عێراق به‌رگری له‌ گۆڵی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، پێشتر بۆ ماوه‌ی وه‌رزێك یاری بۆ یانه‌ی شورته‌ كردووه‌، له‌ جامی یه‌كێتی ئاسیا، خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی عه‌ره‌ب و جامی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا یاری كردووه‌.
سه‌رهه‌نگ پێشتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق له‌ 2004 گه‌شتی ژاپۆنی كردووه‌، یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌رامبه‌ر قه‌ته‌ر كردووه‌، له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ی نێوان لاوانی مالیزیا و عێراق به‌شداریی كردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش به‌شداریی له‌ پاڵاوتنه‌كانی جامی جیهانی لاوان له‌ له‌نده‌ن كردووه‌،
له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپی عێراق له‌ په‌كین یاری كردووه‌، به‌شداریی پاڵاوتنه‌كانی رۆژئاوای ئاسیا و كه‌نداوی 18 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كردووه‌، له‌ 2006 به‌شداری یاری نێوان كۆریای باشوور و عێراق كردووه‌، له‌ 2010 له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌ دژی كۆریای باشوور درێسی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی پۆشیوه‌.
له‌ وه‌رزی 2011 ـ 2012 كه‌ ئه‌وكات نزار مه‌حروس راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر بوو، سه‌رهه‌نگ موحسین 52 یاری له‌سه‌ریه‌ك بێ شكست تێپه‌ڕ كرد و بووه‌ خاوه‌نی ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌ له‌ گۆڵخاوێنی و  له‌مێژووی خولی عێراق، ریكۆردی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆرترین لێدانی سزاشی به‌ناوی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler