تشرینی دووەم 15, 2019

هێمن مه‌هدی كۆڵی نه‌دا و جارێكی تر به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ پله‌ی یه‌كه‌می جیهانی به‌ده‌ستهێنا

پاڵه‌وانی كورد هێمن مه‌هدی بۆ چواره‌مجار به‌شداری ڤیستیڤاڵی تایكواندۆی جیهانی ناسراو به‌ (هه‌مه‌دانگ) ـی كرد و توانی جارێكی تر ببێته‌وه‌ پاڵه‌وانی جیهان و به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ملوانكه‌ی زێڕی له‌ ملكرا، پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ ساڵانه‌ له‌شاری پیۆنگ چانگی كۆریای باشور به‌ڕیوه‌ده‌چێت ئه‌مساڵیش 57 وڵاتی جیهان به‌شدارییان كرد، ئه‌و پاڵه‌وانه‌ كورده‌ ئه‌گه‌رچی دژایه‌تیه‌كی زۆری كراوه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی یاری تایكواندۆی عێڕاق، به‌ڵام كۆڵی نه‌داو بۆ دووه‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك پله‌ی یه‌كه‌م و ملوانكه‌ی زێڕ به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

پارێزگاری له‌ پله‌ی یه‌كه‌م كرد
له‌شاری پیۆنگ چانگی كۆریای باشور و به‌به‌شداری زیاتر له‌ 57 وڵاتی جیهانی ڤیستڤاڵی جیهانی یاری تایكواندۆ ئه‌نجامدرا، كه‌ ساڵانه‌ له‌ وڵاتی كۆریا به‌به‌شداری سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مساڵیش زیاتر له‌ 4 هه‌زار یاریزان به‌شدار بوون كه‌ سه‌رجه‌میان له‌سه‌ر ئاستی جیهان یاریزانی ناوداری یاری تایكواندۆن و له‌چه‌ندین یاری جیاواز به‌شداری ده‌كه‌ن.
هێمن مه‌هدی ڕاهێنه‌ر و یاریزانی كورد ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك یاریزان و ناوبژیوان له‌ شاره‌كانی كوردستان و عێڕاق به‌شداری ئه‌و پاڵه‌وانیه‌تیه‌ی كرد و توانی جارێكی تر به‌ ئاڵای كوردستان پله‌ی یه‌كه‌م و میدالیای زێڕی به‌ده‌ستهێناو له‌ ڕكه‌به‌رییه‌كانی شكاندنی كاشی توانی 12 كاشی بشكێنێت و پارێزگاری له‌ پاڵه‌وان بوونی خۆی له‌و یارییه‌دا بكات ملوانكه‌ی زێڕ له‌مل بكات.
هێمن مه‌هدی كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین ملوانكه‌ و بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌ له‌یاری تایكواندۆدا، له‌م ڤیستسڤاڵه‌ سه‌رۆكی شاندێكی كرد كه‌ له‌ 5 یاریزانی عه‌ره‌ب و 4 یاریزانی كورد پێكهاتبوون، هێمن مه‌هدی توانی پله‌ی یه‌كه‌م و میدالیای زێڕ به‌ده‌ستبهێنێت و یاریزان ئارام ئه‌حمه‌د له‌شاری سلێمانیمیدالیای زیوی به‌ده‌ستهێناوه‌.
دوای ئه‌وه‌ی پێشتر فیدراسیۆنی تایكواندۆی عێڕاق دژایه‌تی زۆری هێمن مه‌هدی كرا دوای ئه‌وه‌ی به‌ ئاڵای كوردستان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ده‌كرد، ڕاپێچی دادگایان ده‌كرد و سكاڵایان دژی تۆمار كرد، به‌ڵام هێمن كۆڵی نه‌داو به‌ناوی كوردستان به‌شداری كرده‌وه‌ و ئاڵای كوردستانی شه‌كانده‌وه‌ و بویه‌وه‌ به‌ پاڵه‌وانی جیهان بۆ ساڵی دووه‌م له‌سه‌ر یه‌ك.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler