کانونی یەکەم 13, 2019

هۆی مانەوەی ڤاران لە ریاڵ مەدرید ئاشكرا كرا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

هۆی مانەوەی ڤاران لە ریاڵ مەدرید ئاشكرا كرا
ڕاپۆرتی مێدیا وەرزشییەكان، ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە كاراكتەرێك ڕای رافائێل ڤارانی گۆڕیوە لەوەی كە لە جێهێشتنی ریاڵ مەدرید لەم هاوینەدا پەشیمان بێتەوە.
لە مانگی ئاداری رابردوودا، وا بڵاو كرایەوە كە رافائێل ڤارانی بەرگری یانەی ریاڵ مەدرید، ڕیزەكانی یانەی شایانە جێ دەهێڵێت و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەكانی دەست پێ دەكات.
ڤاران، دوای بەسەربردنی هەشت ساڵ لەگەڵ ریاڵ مەدرید، بڕیاری دا یانەكە جێ بهێڵێت و بچێتە یانەیەكی دیكە، ئەمە چیرۆك و باسوخواسێكی گرینگی چەند هەفتەیی مێدیاكان بوو، بەڵام دواجار كەسێك ڕێگری لەوە كرد و ڤارانی هێنایە بڕوا كە لە یانە ئیسپانییەكەیدا بمێنێتەوە، ئەویش زینەدین زیدانی راهێنەری یانەكەیە، چونكە ئەو كاتەی ڤاران بڕیاری دابوو یانەكە جێ بهێڵێت، هێشتە سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری یانەكە بوو، ئێستە زیدان ئەو ئەركەی لە ئەستۆدایە و هاونیشتمانیی ڤارانیشە، پێشتریش رۆڵی لە چوونی بۆ ریاڵ مەدریددا هەبوو.
ڤاران كە بۆندەكەی تا 2022ـە، لە كۆتاییدا رایگەیاند كە ئەم هاوینە ریزەكانی یانەی ریاڵ مەدرید جێ ناهێڵێت.

یوڤی بۆ دەستخستنی نێیمار، كێشەیەكی لە پێشە
راپۆرتە مێدیاییەكانی ئیتاڵیا، ئەوەیان خستە روو هێشتەیش یانەی یوڤێنتوس لە كێبەركێدایە لەگەڵ بەرشلۆنە بۆ دەستخستنی یاریزانی بەڕازیلی یانەی پاریس سانت جێرمان نێیمار دا سیلڤا.
یوڤی لەو پرسەدا، هەندێ كێشە و بەربەستی بۆ دروست بووە، لە 18ـی یۆلیۆی رابردوودا، هەندێ زانیاریی بە هۆی پاولۆ پاجانینییەوە بڵاو بوونەوە و تۆڕی ڕای سپۆرتی ئیتاڵی بڵاوی كردەوەوە، كە ئەگەری واژۆكردنی بۆند لە نێوان یوڤی و نێیماردا هەیە، بە ئاماژەدان بە ئەگەری بوونی كۆبوونەوەیەكی پێشبینكراو لە نێوان باوكی نێیمار و فابیۆ پاراتیچی بەڕێوەبەری وەرزشیی یوڤی، لەگەڵ ئەوەیشدا، ناوەڕۆكی ئەو باسە بە نەزاندراوی مانەوە.
هاوپێچی ئەو باسە، بەرشلۆنە دەیەوێ دۆسیەی نێیمار بۆ خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و لێ نەگەڕێ هیچ یانەیەك گرەو لەسەر بردنەوەی ئەو یاریزانە بكات، ئەمەیش بە واتەی كشانەوەی یوڤی لەو پرۆسەیە و دەستهەڵگرتنی لەو هەوڵەی نایەت.
سایتی لێ تێن سپۆرتی فەرەنسی، بە پێی زانیاریی دەستخستە لە تۆڕی سپۆرت مێدیاسێتی ئیتاڵی، ئەوەی باس كردووە، كە یوڤێنتوس لەو پرۆسەیە نەكشاوەتەوە، بەردەوام چاودێریی ڕەوشەكە دەكات بەو مەبەستەی رووەو نێیمار هەنگاو هەڵبهێنێت.
كێشەی سەرەكی لە بەردەم یوڤی بۆ بردنەوەی نێیمار، مووچەبەرزیی نێیمارە، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتە بێئومێد و هیوابڕ نەبووە لەو یاریزانە بەڕازیلییە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 30 تەمموز 2019 11:18
© 2017 Hawler