ئاب 26, 2019

داوامانكردووه‌ یاریگایه‌كی تایبه‌ت به‌ چالاكی وه‌رزشی و دێده‌وانی هه‌ولێر دروست بكرێت

وانه‌ی وه‌رزشی قوتابخانه‌كان و چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانی په‌روه‌رده‌، بنه‌مای سه‌ره‌كی پیگه‌یاندنی یاریزانانن، جگه‌ له‌وه‌ش شوێنی ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌مه‌نده‌كانه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان گرینگییه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رزشی قوتابخانه‌كان ده‌ده‌ن، تا له‌و رێگایه‌وه‌ ئامانجه‌كانی وه‌رزشیان بێنه‌دی، دیارترین نموونه‌ش وڵاتی ژاپۆنه‌، كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی پێشخستنی وه‌رزشی له‌ قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد.

 لێره‌دا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین، په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێره‌، كه‌ ساڵی رابردوو زۆرترین چالاكی وه‌رزشی له‌ سنووری خۆی ئه‌نجامداوه‌، پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردوو به‌هۆی شه‌ڕ و گرفتی دارایی نه‌توانرا چاڵاكییه‌كان وه‌ك پێویست بكرێن، بۆ زیاتر ئاشنا بوون له‌ چاڵاكییه وه‌رزشییه‌كان و كیشه‌ و گرفته‌كانی په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر ئه‌و سه‌ختیانه‌ی دێنه‌ڕێ بۆ  ئه‌نجامدانی چاڵاكییه‌كانی وه‌زرشی و گرفتی وانه‌ی وه‌رزش له‌ قوتابخانه‌كان، دلێر عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر دواو باسی پڕۆژه‌ و كاره‌كانی ساڵی داهاتووی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كرد.

گرفته‌كانتان چین بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی وه‌رزشی؟
له‌سه‌ر گرفته‌كانی سنووری ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر بۆ یارییه‌ وه‌رزشییه‌كان، دلێر عه‌بدوڵڵا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گوتی: كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌ كاتی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كان زۆرن له‌وانه‌ نه‌بوونی یاریگایه‌كی تایبه‌ت به‌ چالاكی وه‌رزشی و دێده‌وانی، نه‌بوونی هۆڵێكی داخراو، نه‌بوونی كه‌لوپه‌لی وه‌رزشی.
دلێر ده‌رباره‌ی كیشه‌كان گوتیشی: له‌ به‌شێك له‌ قوتابخانه‌كان یاریگای تایبه‌تمان نییه‌ تا وانه‌ی وه‌رزشی تێدا بخوێنرێت، به‌شێكیان كۆنكرێتیه‌ و كێشه‌ی بۆ قوتابیان دروستده‌كات و ئازاریان پێده‌گه‌ینێت، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایش كێشه‌ی نه‌بوونی بوجه‌ی پێویست و دارای كاریگه‌ری ته‌واوی كردۆته‌ سه‌ر چاڵاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانمان.

له‌نێو ئه‌م هه‌موو گرفته‌ چۆن وه‌رزی رابردوو چالاكییه‌كانتان ئه‌نجامدا؟
دلێر ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی چاڵاكیه‌ وه‌رزشییه‌كانی و فێستیڤاڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی ساڵی رابردوویان  وتی: راسته‌ گرفتمان زۆره‌، به‌ڵام هه‌وڵی خۆمان دا له‌ ساڵی 2018 بۆ 2019  زۆرترین چاڵاكی وه‌رزشی بكه‌ین، وه‌ك یارییه‌كانی (تۆپی پێى فووتساڵ بۆ كوڕان بۆ قۆناخی بنه‌ڕه‌تی، تۆپی باله‌ی كچان بۆ قۆناخی بنه‌ڕه‌تی، باله‌ی كچانی بنه‌ڕه‌تی پۆله‌كانی 7 -9، باله‌ی كوڕان بنه‌ڕه‌تی 7-9، باله‌ی كچانی ئاماده‌ی، باسكه‌ی كوڕانی ئاماده‌ی، تۆپی پێی كوڕانی ئاماده‌ی، له‌ ناو ئه‌م چاڵكییانه‌ش نزیكه‌ی 5000 هه‌زار قوتابی به‌شداری چاڵاكییه‌كانی وه‌رزشیان كرد.
جگه‌ له‌وانه‌ش ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵی وه‌رزشی له‌ یاریگای یه‌كه‌می فڕه‌نسۆ هه‌ریری، كه‌ چه‌ند ساڵێك بوو ئه‌نجام نه‌درابوو، به‌ڵام ئێمه‌ كردمان  نزیكه‌ی پازده‌ هه‌زار كه‌س ئاماده‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ بوون، كه‌ بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی ئاماده‌بووان و به‌شداربووانی پێشبڕكێیه‌كه‌، بڕیاریشمانداوه‌ له‌گه‌ڵ به‌شی چاڵاكی وه‌رزش و دێده‌وانی ساڵانه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ئه‌نجا بده‌ین.

چه‌ند قوتابخانه‌ له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌شداربوون؟
سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی قوتابخانه‌ به‌شداربووه‌كان به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌روده‌ی ناوه‌ند بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانی پێشوتر نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ته‌نها 100 قوتابخانه‌ له‌ رۆیشتنی رێڕه‌وه‌كه‌ به‌شداربوون، به‌ڵام له‌ ئاماده‌بوون سه‌جه‌م قوتابخانه‌كان ئاماده‌بوون.

كێ بوون ئه‌وانه‌ی رێز و سوپاسیان وه‌رگرت؟
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ بۆ بابه‌تی رێز و سوپاسی مامۆستایان وتی: ساڵانه‌ رێز و سوپاس به‌و مامۆستایانه‌ ده‌درێت، كه‌ پله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م به‌ده‌ستده‌هێنن، ئه‌وانه‌شی له‌كاتی چاڵاكییه‌كان هاوكاری به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن،  بۆئه‌و ناوبژیوانانه‌شه‌، كه‌ به‌خۆبه‌خش یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌شێكیشی بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌یه‌، كه‌ قوتابخانه‌كانیان ئه‌نجامیان هه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌وان هاوكاری مامۆستاكه‌ و قوتابیانیان كردووه‌، تا ئه‌و ئه‌نجامه‌یان هه‌بێت.
بۆ ساڵی 2019 -2020 چیتان ئاماده‌كردووه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چاڵاكییه‌كان؟
دلێر: بۆ ساڵی نوێی خوێندن به‌شی چاڵاكی وه‌رزشی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیارانی پسپۆڕی وه‌رزشی و سه‌رجه‌م مامۆستایانی وه‌رزشی، پلانی ئه‌نجامدانی چاڵاكییه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌یان داڕشتووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ جۆری یارییه‌كانی و ژماره‌ی یارییه‌كان، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین تا زۆرترین چاڵاكی ئه‌نجام بده‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش فێستیڤاڵی گه‌وره‌ی به‌هاره‌ ئه‌نجام بده‌ینه‌وه‌، كه‌ قوتابییه‌كی زۆر تێدا به‌شداری ده‌كه‌ن و رۆژێكی خۆشی وه‌رزشیه‌ بۆ هه‌وموو لایه‌ك، چگه‌ له‌ مانه‌ش ده‌مانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌ی دێده‌وانی ئه‌نجام بده‌ین خولی به‌هێز كردنی مامۆستایان بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام پێویستمان به‌ پاڵپشتی دارایه‌، داواشمانكردووه‌ هۆلێكی وه‌رزشی تایبه‌ت به‌ چاڵاكییه‌كانی سنوری په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ند دروستبكریت.

پاڵه‌وانی چاڵاكییه‌كانی ساڵی رابردوو ئه‌مانه‌بوون، كه‌ پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ستهێنا
تۆپی فووتساڵی بنه‌ڕه‌تی ( شه‌وبۆی بنه‌ڕه‌تی)
تۆپی باله‌ی به‌ڕه‌تییه‌كانی كچان (حه‌سارۆكی بنه‌ڕه‌تی)
باله‌ی كچان بۆ پۆله‌كانی حه‌وت تا نۆ(حه‌سارۆكی بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاو)
باله‌ی كوڕان حه‌وت تا نۆ(لاوانی بنه‌ڕه‌تی كوڕان)
باله‌ی كچان بۆ ئه‌ماده‌ییه‌كان(شه‌می كچان)
باسكه‌ی ئاماده‌ییه‌كان(كارۆخی كوڕان)
تۆپی پێی ئاماده‌یه‌كان (دارینی كوڕان)
ئه‌نجامی فێستیڤاڵه‌كه‌ش به‌مشێوه‌یه‌ بوو(بێتواته‌ی بنه‌ڕه‌تی كچان، سه‌ربه‌ستی بنه‌ڕه‌تی كوڕان، ئاماده‌ی زه‌هرای كچان، ئاماده‌ی ئه‌حمه‌دی خانی كوڕان) پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ستهینا.
 

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler