ئاب 26, 2019

ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان یه‌كه‌م یاری خۆی له‌ پاڵه‌وانیه‌تی نۆروه‌ی كه‌پ دەكات

دوای چوار ساڵ دابڕان جارێكی تر هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تی نۆروه‌ی كه‌پ ده‌كات، كه‌ ساڵانه‌ له‌ مانگی ته‌مووز بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی ته‌مه‌ن جیاوازه‌كان ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌مساڵیش زیاتر له‌ 60 وڵاتی جیهان به‌شدارییان كردووه‌، له‌ ته‌مه‌نی خوار 20 ساڵی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌شداره‌، پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ به‌سه‌ر 16 كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكراون و هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م یاری ده‌كات، دواین جار هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌شداریكرد ساڵی 2015 بوو كه‌ توانی پله‌ی یه‌كه‌م و ناسناوی خوله‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت.

ئه‌مڕۆ كوردستان یه‌كه‌م یاری خۆی ده‌كات
ڕۆژی هه‌ینی شاندی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌ره‌و وڵاتی سوید به‌ڕێكه‌وتن و له‌وێشه‌وه‌ گه‌شتی نه‌رویژ ده‌كات و ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ یه‌كه‌م یاری خۆی له‌ كاتژمێر 6:25 خوله‌ك به‌كاتی كوردستان له‌گه‌ڵ تیپی به‌یرومی نه‌رویژی ئه‌نجامده‌دات، جێگه‌ی باسه‌ هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م شانبه‌شانی هه‌ریه‌ك له‌ تیپه‌كانی (به‌یروم، درۆباك فرۆگن، هاسل لۆرین) یاری ده‌كات.
خشته‌ی یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
یه‌كشه‌ممه‌ 28/7/2019 (هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان × درۆباك فرۆگن) كات: 6:25 ـی ئێواره‌.
دووشه‌ممه‌ 29/7/2019 (هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان × هاسل لۆرێن) كات: 11:40 ـی پێشنیوه‌ڕۆ.
سێشه‌ممه‌ 30/7/2019 (هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان × به‌یروم) كات: 12:55 ـی نیوه‌ڕۆ.

شێوازی به‌رێوه‌چوونی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ چۆنه‌؟
له‌ ته‌مه‌نی خوار بیست ساڵی، كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان به‌شداری تێدا كردووه‌ پێك دێت له‌ (66) تیپ، به‌سه‌ر (16) گرووپ دابه‌شكراون، له‌ هه‌ر گرووپێك دوو تیپ بۆ قۆناغی (32) سه‌رده‌كه‌ون، له‌ قۆناغی (32) ده‌رچوون له‌ یه‌ك دۆڕان ده‌بێت.



ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان له‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان له‌ ساڵه‌كانی (2012، 2013، 2014 و 2015) به‌شداری له‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ كردووه‌، به‌ هۆی خراپی باری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی داعش له‌ ساڵه‌كانی (2016، 2017 و 2018) به‌شداری نه‌كردووه‌ و، ئه‌مساڵ بۆ پێنجه‌مین جار به‌شداری ده‌كات و، ده‌ستكه‌وته‌كانیشی به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بووه‌:
• له‌ ساڵی 2012 له‌ قۆناغی (32) ماڵئاوایی كردووه‌.
• له‌ ساڵی 2013 پله‌ی سێیه‌می به‌ ده‌ستهێناوه‌.
• له‌ ساڵی 2014 پله‌ی دووه‌می به‌ ده‌ستهێناوه‌.
• له‌ ساڵی 2015 پله‌ی یه‌كه‌می به‌ ده‌ستهێناوه‌.
نۆ‌روای كه‌پ به‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانیه‌تی گه‌نجان ده‌ناسرێت، له‌ ساڵی 1972 تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ساڵانه‌ زیاتر (2000) یاریزان له‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوو ره‌گه‌ز، له‌ (60) وڵات به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler