کانونی دووەم 28, 2020

هەولێر و برایەتی لە یاری دێربی بەیەك دەگەن، پێشمەرگەی هەولێر و هەندرێنیش یاری لوتكە دەكەن

بە ئەنجامدانی 4 یاری ئەمڕۆ یارییەكانی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی كوردستان ئەنجام دەدرێت و تیایدا یانەكانی پارێزگای هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانی خۆیان یاری دەكەن، یانەی نەورۆزۆیش دەبێتە میوانی یانەی زاخۆ، یانەی هەولێریش لە یاری دێربیدا میوانداری یانەی برایەتی دەكات، لە پیرمامیش یانەكانی پێشمەرگەی هەولێر و ئارارات میوانداری یانەكانی هەندرێن و شێروانە دەكەن، سەرجەم یارییەكانیش لە كاتژمێر 2:30 ئەنجام دەدرێن.
هەولێر ـ برایەتی
ئەم یارییە لەسەر یاریگەی یەكەمی شەهید فڕانسۆ هەریری ئەنجام دەدرێت، یارییەكە دێربی هەولێرە و هەردەم یاری نێوانیان ئەم دوو یانەیە لە لوتكەدا بووە، هەولێر دوای 3 گەڕ ڕاهێنەرەكەی (یوسف كاكی) دەستی لەكاركێشایەوە و (تەها قادر) شوێنی گرتەوە لە سێ یاری ڕابردوویشدا هەولێرییەكان دوو جار تووشی دۆڕا بوون و جارێكیش براوە بوون، كێشەیەكی تری هەولێر پێكهاتەی یاریزانانە كە ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا بەهۆی بەشداریكردنی یانەی هەولێر لە خولی پلەیەكی عێراق بەشێك لە یاریزانانی پێكهاتەی ئێستا یاری لەو خولەدا بكەن، ئەمەیش ڕەنگە كاریگەری لەسەر ئاست و ئەنجامی هەولێر لە خولی كوردستان دروست بكات.
 یانەی برایەتیش جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەكی جیاواز ئامادەكاری بۆ وەرزی ئەمساڵ كردووە و زیاتر لە7 یاریزانی بۆ پێكهاتەكەی زیاد كردووە و چاوی لە ئەنجامێكی شایستەیە، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان یارییەكی لوتكە دەبێت، هەولێر 3 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەم دێت یانەی برایەتیش لە 4 یاریدا 7 خاڵی هەیە و پلەی دووەمی گرتووە.

پێشمەرگەی هەولێر ـ هەندرێن
لە پیرمامیش یانەی پێشمەرگەی هەولێر میوانداری یانەی هەندرێنی پێشەنگی یانەكان دەكات، ئەم یارییە هاوشێوەی یاری هەولێر و برایەتی یارییەكی بەهێز دەبێت، پێشمەرگەی هەولێر پاڵەوانی وەرزی ڕابردووە و تا ئێستا لە 3 یاریدا 4 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەم دێت، یانەی هەندرێنیش ئەم وەرزە بە ئاستێكی بەرز دەردەكەوێ و لە 4 یاری ڕابردوودا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ پێشەنگی یانەكانی گرتووە.
پێشمەرگەی هەولێر گەڕی ڕابردوو یاری نەبوو لە پشوودا بوو، بۆیە بەشێوەیەكی باشتر بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و بە پێی زانیارییەكانیش هەموو یاریزانەكان بۆ ئەم یارییە ئامادەن، كوڕانی (سەمیر بابۆ) چیتر نایەنەوێ خاڵ لەدەست بدەن و گەرەكیانە بە بردنەوە لە هەندرێن بگەڕێنەوە ناو ڕكەبەری یانەكانی تر.
یانەی هەندرێنیش دوای بردنەوەی لە یانەی هەولێر لە گەڕی ڕابردوودا لەسەر هەمان یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر كە بەهۆی خراپی كەش و هەواوە یارییەكە لەو یاریگەیە بەڕێوە چوو، هەروەها گرتنی پێشەنگی یانەكان، بە وریەكی بەرزەوە دەچێتە پیرمام هەرچەندە ئەگەری یاری نەكردنی (بارزان یوسف) ـی گۆڵپارێز و (فەرهەنگ تەها) ـی كاپتنی یانەكان بەهۆی پێكانەوە لە ئارادایە، بەڵام یاریزانان لە ڕووی دەرونیەوە بەتەواوی ئامادەن.

ئارارات ـ شێروانە
هەر لە پیرمام یانەی ئارارات میوانداری یانەی شێروانەی تاكە نوێنەرەكە گەرمیان دەكات، ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە گرنگیەكی زۆری هەیە ئارارات لە 4 گەڕی ڕابردوودا توشی هیچ شكستێك نەهاتووە و بردنەوەیەك و سێ یەكسان بوونی هەیە و بە كۆكردنەوی 6 خاڵ پلەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەكانی گرتووە و لەسەر ڕێچكەیەكی ڕاست دەڕوات، دوای یەكسان بوونیشیان لەگەڵ یانەی نەورۆز ئارارات دەیەوەێت لەسەر ئەو ئاستەی بەردەوام بێت و یانە گەرمیانیەكە دوچاری شكستێكی تر بكات.
یانەی شێروانەیش كە تەنیا 1 خاڵی هەیە و لە پلەی كۆتایی دێت، گەرەكیەتی بە بردنەوە لە ئارارات خۆی لەو بارودۆخەی كە تێی كەوتووە دەرباز بكات، شێروانە لە هەموو یانەكانی تر كەمتر یاری كردووە كە 2 یارییە، بەهۆی خراپی كەش و هەواوەیش لە گەڕی ڕابردوودا یاری لەگەڵ زێرەڤانی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، جیاوازی بارودۆخی هەردوو یانەیش تام و چێژێكی زیاتر بە یارییەكە دەبەخشێ و پێشبینی دەكرێت یارییەكی كراوە بێت و لە ئاستێكی بەرزدا بێت.

زاخۆ ـ نەورۆز
لە دواین یاری ئەمڕۆیشدا یانەی زاخۆ لەسەر یاریگە نێودەوڵەتیەكەی میوانداری یانەی نەورۆزی نوێنەرەكە سلێمانی دەكات، هەردوو یانە لە باروو دۆخێكی خراپدان و ڕاهێنەرەكانیان دەستیان لە كاركێشاوەتەوە، بە تایەبت یانەی زاخۆ كە بەر لە چەند ڕۆژێك سەرۆكی یانەكە و ڕاهێنەری یانەكە دەستیان لەكاركێشایەوە، زاخۆ سەرەتا و لەیەكەم یاری خولی نایابی كوردستاندا بە سەرەتایەكی باش دەستی پێكرد و لە یانەی هەولێری بردەوە، بەڵام دواتر تووشی 3 شكستی یەك لە دوای یەك هات و لە 4 یاریدا تەنیا 3 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەم دێت.
نەورۆزیش كە هیوای سلێمانیەكانە و هەموو هاندەرانی ئەو شارە چاویان لەوەیە یەكەم ناسناوی كوردستانە لەسەر دەستی ئەو یانەیە بەدەست بهێنن، ئەم وەرزە ئەنجامەكانی وەك پێویست نین و لە 3 یارییدا 2 خاڵی هەیە و لە پلەی 8 و پێش كۆتای دێت، ئەمەیش (یاسین مەناف) ـی ڕاهێنەری ناچار بەوە كرد دەست لەكار بكێشێتەوە، بە گوتەی ئەو ڕاهێنەرەیش ڕوحیەت لەناو تیپەكەیدا نەبووە و ئەمەیش هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەی بووە، لە ئێستایشدا یانەكە (سەفا نوری) ڕاهێنەری تیپی لاوانی وەك ڕاهێنەر دەست نیشانكردووە، كە ناوبراو لە یەك كاتدا دوو ئەركی پێ سپێردراوە و ڕاهێنەری دوو تیپە، ئەمەیش گرنگی ئەنجامی یارییەكە بۆ هەردوولا زیاتر دەكات و وا دەكات هەردوو یانە بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ یارییەكە بكەن.

ڕیزبەندی یانەكانیش دوای یارییەكانی گەڕی چوارەم بەم شێوەیە:
1-هەندرێن 4 یاری 10 خاڵ
2- برایەتی 4 یاری 7 خاڵ
3- ئارارات 4 یاری 6 خاڵ
4- پێشمەرگەی هەولێر 3 یاری 4 خاڵ
5 زێرەڤانی 3 یاری 4 خاڵ
6- هەولێر 3 یاری 3 خاڵ
7- زاخۆ 4 یاری 3 خاڵ
8- نەورۆز 3 یاری 2 خاڵ

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler