کانونی دووەم 28, 2020

(ئافرەتانی هەولێر) بەردەوامە لە ڕاماڵینی یانەكان، (كچانی زێرەڤانی) ـیش لە یارییەكی دراماتیكی و پڕگۆڵدا لە (ئەفرۆدێتی سلێمانی) ـیان بردەوە

هەینی ڕابڕدوو بە ئەنجامدانی دوو یاری گەڕێكی تری یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی فووتساڵی كچانی یانەنایابەكانی كوردستان ئەنجامدرا كە ئەم هەفتەیە یارییەكانی گەڕی چوارەم بوو، تێیدا (ئافرەتانی هەولێر و زێرەڤانی) براوەی ئەم گەڕە بوون.

(ئافرەتانی هەولێر چوارەم یاری لە زانكۆی جیهان بردەوە)
لە یەكەم یاریدا لەنێو هۆڵی (زانكۆی جیهان) هەردوو یانەی هاوشار (زانكۆی جیهان و ئافرەتانی هەولێر) ڕووبەڕووی یەكتربوونەوە، ئەم یارییەی هەینی ڕابڕدووی نێوان هەردوو یانە (چوارەم) یارییان بوو لەم وەرزەدا كە لە (سێ) یاری پێشوودا كە دووانیان لە قۆناخی كۆمەڵەكان و ئەوی تریان لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین بوو، ئافرەتانی هەولێر سەركەوتنی بەسەر (زانكۆی جیهان) تۆماركردبوو، هاوشێوەی (سێ) یارییەكەی پێشوو تیپەكەی (مەزن محەممەد و عەباس فەرەج) ـی ڕاهێنەرانی ئافرەتانی هەولێر ئەم یارییەشیان لە بەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێهێنا و (دەیەم) سەركەوتنیان لەم وەرزەدا تۆماركرد، كاتێك یارییەكەیان بە ئەنجامی (7ـ1) گۆڵ لە ڕكابەرەكەیان بردەوە، گۆڵەكانی ئافرەتانی هەولێر لە یارییەكە لەلایەن یاریزانان (دێرین عومەر 3 گۆڵ، سەمیرە ڕەئوف 2 گۆڵ، شۆخان نورەددین، سۆلین ئەسعەد) تۆماركران و (شیراز مەعروف) ـیش تاكە گۆڵەكەی (زانكۆی جیهان) ـی تۆماركرد.

(ئەفرۆدێتی سلێمانی بە زێرەڤانی دۆڕا)
لە دووەم یاری ئەم گەڕەدا لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی ئاشتی لە شاری سلێمانی، لە یاری لوتكەی ئەم گەڕەدا كچانی یانەی زێرەڤانی بوونە میوانی یانەی ئەفرۆدێتی سلێمانی، دواجار لە یارییەكی دراماتیكی و پڕگۆڵدا كچانی زێرەڤانی بە ئەنجامی (9 ـ 8) گۆڵ یارییەكەیان لە میواندارەكەیان بردەوە.

ڕێزبەندی یانەكانیش دوای یارییەكانی گەڕی چوارەم بەمشێوەیە:
1- ئافرەتانی هەولێر (دوانزە) خاڵ.
2- زێرەڤانی (نۆ) خاڵ.
3- ئەفرۆدێتی سلێمانی (سێ) خاڵ.

4- زانكۆی جیهان (هیچ خاڵێكی نییە).

 

ئومێد ئیبراهیم - هەولێر

© 2017 Hawler