تشرینی یەکەم 16, 2019

تازەترین پێشهات لە بارەی نێیمار و ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بەرشلۆنە و هەڕەشەكانی یانە پاریسییەكە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ریاڵ مەدرید بە ڕێككەوتن حەوتەمین یاریزانی بە ڕێ كرد
راپۆرتە مێدیاییەكانی ئیسپانی بڵاویان كردەوە، كە لۆكا زیدانی گۆڵپارێزی یانەی ریاڵ مەدرید، ئەم هاوینە ریزەكانی یانەكەی جێ دەهێڵێت و بەرەو رایسینگ سانتاندێر ملی ڕی دەگرێتە بەر.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە ڕێككەوتن لە نێوان ریاڵ مەدرید و لۆكا زیدان كراوە، كە وەرزی دادێ بە شێوەی خواستن یاری بۆ یانەی رایسینگ سانتاندێر بكات، كە لە خولی پلە دووی ئیسپانیایە.
هەر لەبەر ئەو هۆكارە، لۆكا، لەگەڵ باوكی و تەواوی تیمی یانەكەی ناچێتە كەنەدا، كە یانەكە بۆ مەبەستی كەمپی ئامەدەكاری دەچنە ئەو وڵاتە.
لە بارەی بوونی كیلۆر ناڤاسدا، ئەگەری یاریكردنی لۆكا زیدان، لە چەند خولەكێك تێناپەڕێ، ئەویش لە باری تایبەتدا. ناوبراو هەر لەسەر ڕێنوێنیی باوكی، ئەو كارەی كردووە.
پێش لۆكا، هەریەك لە یاریزانان یۆرێنتی، كۆڤاسیچ، دی تۆماۆس، ریجیلۆن، ئۆدیگارد و هێرناندێز، ریزەكانی شایانەیان جێ هێشتووە.

تازەترین پێشهات لە بارەی نێیمار و ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بەرشلۆنە و هەڕەشەكانی یانە پاریسییەكە
گەرمترین هەواڵی وەرزشی ئێستە، باسوخواس و ئەگەری ئەگەڕانەوەی نێیمار دا سیلڤای یاریزانی بەڕازیلی یانەی پاریس سانت جێرمانە بۆ یانەكەی پێشووی "بەرشلۆنە" ئێستە واتەوات و وەڵام و وەڵامكاری كەوتووەتە نێوانیانەوە.
لیۆناردۆ بەڕیوەبەری وەرزشی یانەی پی ئێس جی، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی لۆ باریزیانی فەرەنسی، ئەوەی خستووەتە روو، كە نێیمار دەیەوێ پاریس جێ بهێڵێت و پێوەندیی فەرمی لەگەڵ بەرشلۆنە هەیە، بەڵام لە تۆپی پێدا، ئەمڕۆ ڕایەك هەیە و لەوانەیە سبەی رایەكی جیاواز هەبێ.
لیۆناردۆ، ئەوەی خستووەتە روو، كە بەرچاویان روون نییە، كە كێ نێیمار دەكڕێ و بە چەند، ئەمە كاتی پێویستە، چونكە هیچ یانەیەك بە فەرمی بۆندی پێشكەش نەكردوون.
لە بارەی گەڕانەوەی نێیمار بۆ یەكە مەشقییەكانی پاریس، كە ناوبراو لە سەرەتادا بە نەیتوانی ئامادە بێ، لیۆناردۆ وتی: نازانم كەی دەگەڕێتەوە، تاكەشتێك كە دەیزانم، ئەو لە كاتی دیاریكراودا ئامادە نابێ.
ناوبراو وتی كە پێوەندییان لەگەڵ بەرشلۆنە هەیە، بارتۆمیۆیش وتوویەتی نێیماریان دەوێ، بەڵام ئێمە نایفرۆشین.
لیۆناردۆ، ئەوەی خستە روو، كە كاری سەرەكی ئەوەیە، كە لەگەڵ ئەو یانەیەی نێیماری دەوێ، دابنیشن و گفتوگۆ بكەن، ئەوە هەموو شتێكە.
لەلایەكی دیكەوە، یانەی پاریس سانت جێرمان بە فەرمی بڵاوی كردەوە، كە بە هۆی ئامادەنەبوونی لە مەشقەكان، سزای نێیمار دەدەن.
گرژییەكان لەو كاتەوە دەستیان پێ كرد، كە ناسر خلێفی خاوەنی یانەكە، هەڕەشەی لە "ناكام"ـەكان كرد و بە تایبەت نێیمار، كە ئەگەر گوێڕایەڵی ڕینوێنی و سیاسەتی یانەكە و لیۆناردۆ نەبێ، ئەوا دووری دەخاتەوە.
یانەكە دواتر رایگەیاند، كە هەموو ڕێوشوێنێكی یاسایی دژی نێیمار دەگرنە بەر، بۆ پاراستنی مافەكانی یانەكەیان، بە هۆی ئەوەی نێیمار نەچووەتە مەشقەكانەوە، بێ ئەوەی مۆڵەت وەربگرێ. یانەكە روونی كردووەتەوە، كە سەركۆنەی ئەو كارە دەكات و ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە دەگرنە بەر.
بەڵام باوكی نێیمار، تۆمەتەكانی یانەی پاریس سانت جێرمان لە بارەی نێیمارەوە رەت كردەوە و روونی كردەوە كە كوڕەكەی لە یانەكەی یاخی نەبووە.
باوكی نێیمار، وەڵامی بەیاننامەكەی یانەی پاریس سانت جێرمانی دایەوە و ئەوەی روون كردەوە، كە هۆی نائامادەبوونی كوڕەكەی لە مەشقەكان، هۆكاری نائەنقەست نییە و نێیمار بە یانەكەی وتووە پێش 15ـی یۆلیۆ ناتوانێ پێوەندی بە یانەكەی و مەشقەكانەوە بكات.


بەرشلۆنە دەیەوێ بەرگریكارێكی مانچستەر یونایتد بباتە ریزەكانییەوە
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، وابەستەی بەرگریكاری سوێدی ڤیكتۆر لیندیلۆڤە، كە ئێستە لە ریزەكانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیدایە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كاتەلۆنی، بڵاوی كردووەتەوە، كە بەرشلۆنە لە كێبەركێی دەستخستنی ماتیاس دی لیخت كشاوەتەوە، دوای ئەوەی بریكارەكەی داوای 10 ملیۆن یۆرۆی وەك هەقكاری خۆی وەربگرێ و بەرشلۆنە ئەوەی رەت كردەوە.
بۆیە بەرشلۆنە رووی لە بەرگریكارێكی دیكە كردووە، ئەویش ڤیكتۆری بەرگریكاری مان یووە.
رۆژنامەكە، ئەوەی خستووەتە روو، كە بەرشلۆنە زیاتر لە جارێك پێوەندیی بە كارگێڕیی یانەی مانچستەر یونایتدەوە كردووە، بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە سوێدییە، بەڵام تا ئێستە ڕا و بۆچوونی یانە ئینگلیزییەكە نەگۆڕاوە، بەوەی ئەو یاریزانەیان بۆ فرۆشتن نییە، چونكە یەكێكە لە ڕەگەزە سەرەكییەكانی یانەكە و لە نێو چەقی پلانی راهێنەر ئۆلی سۆڵشایەردایە.
بەرشلۆنە بێهیوا نییە و چاوەڕێ دەكات رای یانە ئینگلیزییەكە لەو رووەوە بگۆڕێ و ئەوانیش بتوانن ڤیكتۆر ببەنە ریزەكانیانەوە. بۆ زانین، بریكاری ڤیكتۆر، هەمان بریكاری فرانكی دی یۆنگە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler