تشرینی یەکەم 16, 2019

كوردێك ده‌بێته‌ ڕاهێنه‌ر و ڕاوێژكاری هه‌ڵبژارده‌ی بادمنتۆنی تونس

ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تیی كورد (ئه‌حمه‌د ئازاد) له‌ یاریی بادمنتۆندا به‌هۆی زۆری ئه‌زموونی له‌و یارییه‌دا و شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌ بواری ڕاهێنه‌ری یاریی بادمنتۆندا، فیدڕاسیۆنی بادمنتۆنی تونس ئه‌و ناوبژیوانه‌ كورده‌كه‌ ده‌كاته‌ ڕاهێنه‌ر و ڕاوێژكاری سه‌رجه‌م تیپه‌كانی یاری بادمنتۆن، له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا و گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵدا واژوو ده‌كات تاكو بتوانێت چه‌ند ڕاهێنه‌ر و ناوبژیوانێك له‌ یاری بادمنتۆندا بۆ وڵاتی تونس دروست بكات.

چۆن داوای بوون به‌ ڕاوێژكاری لێكراوه‌؟
ده‌رباری بوون به‌ ڕاهێنه‌ر و ڕاوێژكار له‌ فیدڕاسیۆنی بادمنتۆنی تونسی له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر (ئه‌حمه‌د ئازاد) به‌مجۆره‌ قسه‌ی كرد و گوتی" دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2017 دا له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی بادمنتۆنی عه‌ره‌بی له‌ وڵاتی تونس خولێكی ناوبژیوانی و ڕاهێنه‌ری یاری بادمنتۆن ئه‌نجامدرا، من وه‌كو ڕاهێنه‌ری بواری ناوبژیوانی یاری بادمنتۆن خوله‌كه‌م ده‌گوته‌وه‌، له‌ خوله‌كه‌دا چه‌ند كه‌سێكی تونسی به‌شداری خوله‌كه‌یان كرد بوو، دوای ئه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كی زۆرم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌رزشی وڵاتی تونس دروستكرد، دواتر داوای كردنه‌وه‌ی خولێكی تریان كرد و چه‌ند ناوبژیوانێكی یاری بادمنتۆنمان له‌و وڵاته‌ دروستكرد، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ بۆ یه‌كه‌مجار وه‌كو ناوبژیوان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بیان كرد، ئه‌مانه‌ بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ وڵاتی تونس دروست بكه‌م".

پێش ساڵی 2017 یاری بادمنتۆن له‌ تونس زۆر لاواز بوو
ئازاد زیاتر قسه‌ی كرد و هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ وڵاتی تونس له‌ ساڵی 2017 له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی یاری بادمنتۆندا بوو، ئه‌و یارییه‌ له‌و وڵاته‌دا شتێكی سه‌ره‌تایی بوو، ته‌نانه‌ت فیدراسیۆنی یاری بادمنتۆنیشیان نه‌بوو، ته‌نیا وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌ك كارییان ده‌كرد، له‌وكاته‌دا داوایان لێكردم كه‌ یارمه‌تیان بده‌م و ناوبژیوان و یاریزانیان بۆ دروست بكه‌م، به‌ڵام من پێم وتن كه‌ پێویسته‌ ئه‌وان ببن به‌ فیدراسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ و بودجه‌و یاریگه‌و شوێنی مه‌شق و ڕاهێنانتان هه‌بێت، ئینجا ده‌توانم كارتان له‌گه‌ڵ بكه‌م، ئه‌مساڵ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌كو فیدراسیۆنی بادمنتۆنی تونس دامه‌زران و له‌ لاه‌ین 5 وه‌زاره‌تی ئه‌و وڵاته‌ پشگیریان ده‌كرێت جارێكی تر په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم كه‌ وه‌كو ڕاوێژكار و ڕاهێنه‌ر كارییان له‌گه‌ڵ بكه‌م و منیش داواكه‌م قبوڵ كرد و سه‌ره‌تا گرێبه‌ستی ساڵێكم له‌گه‌ڵیاندا واژوو كرد، كه‌ ئه‌وان داوایان ده‌كرد بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام بم.

داواكاری و ئامانجی تونسیه‌كان چییه‌؟
ئه‌و ناوبژیوانه‌ زیاتر باسی كاركردنی خۆی له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی بادمنتۆنی تونس كرد و گووتی: له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا گه‌شتی تونس ده‌كه‌م و وه‌كو وێستگه‌یه‌كی نوێ ده‌ست به‌كار ده‌بم، یه‌كه‌م كاریشم ئاماده‌كاری تیپی بادمنتۆنی تونس ده‌بێت بۆ پاڵه‌وانیه‌تی وڵاتانی ئه‌فریقی كه‌ له‌ وڵاتی مه‌غریب به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گوتیشی داواكاری سه‌ره‌كی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌و یارییه‌دا پێش بكه‌ون و یاریزان و ناوبژیوانی ئه‌و یارییه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ئاستێكی به‌رز، منیش ئه‌وه‌م پێڕاگه‌یاندوون كه‌ من هه‌وڵ ئه‌ده‌م كه‌ كادیری باش و سه‌ركه‌وتوتان بۆ دروست بكه‌م تا له‌ ئاینده‌دا بتوانن خۆتان په‌ره‌ به‌و یارییه‌ بده‌ن.

پڕۆفایل
ئه‌حمه‌د ئازاد عه‌بدولحه‌مید
ماوه‌ی 45 ساڵه‌ وه‌كو ڕاهێنه‌ر و ناوبژیوانی یاری بادمنتۆن به‌رده‌وامه‌
یه‌كێكه‌ له‌و 27 ناوبژیوانه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو جیهان كه‌ نێوده‌وڵه‌تین و یارییه‌ ئۆڵیمپی و جیهانییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن
زیاتر له‌ 70 پاڵه‌وانیه‌تی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تی ناوبژیوانی سه‌ره‌كی بووه‌

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler