کانونی دووەم 28, 2020

(پێشمەرگەی هەولێر ـ دهۆك)، (زێرەڤانی ـ نەورۆز) ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

یارییەكانی قۆناخی كۆتایی خولی تۆپی پێی لاوانی یانە نایابەكانی كوردستان بەردەوامی هەیە و ئەمڕۆش بە ئەنجامدانی دوو یاری گەڕێكی تری خولەكە كە گەڕی سێیەم دەبێت لە كات 2:30 ـی دوای نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت و لاوانی (شێروانە) ـیش لەم گەڕە یاری ناكات و چاوەڕوانە.

(پێشمەرگەی هەولێر ـ دهۆك)
یاری یەكەمی ئەم گەڕە كە یاری لوتكە دەبێت، یاری نێوان لاوانی پێشمەرگەی هەولێر و لاوانی دهۆك دەبێت لە یاریگەی ئەوەی یەكەمیان لە شاری هەولێر، ئەركی بەڕێوەبردنی یارییەكەش بە ناوبژیوانی ناوەڕاست (هونەر ڕەحیم) سپاردراوە، بردنەوەی لاوانی دهۆك لە یارییەكە تا ڕادەیەكی زۆر لە بردنەوەی ناسناوەكە نزیكیان دەكاتەوە، بەو پێیەی لە دوا گەڕی خولەكەیش لەنێو یاریگەی خۆیان میوانداری (نەورۆز) ـی نزیكترین ڕكابەریان دەكەن، لە بەرامبەردا لاوانی (پێشمەرگەی هەولێر) ـی خاوەن ماڵ گەرەكیانە بەبردنەوە لە دهۆكیەكان هێزی خۆیان نیشانی ركابەرەكەیان بدەن و شوێنی خۆشیان لە ڕیزبەندی خولەكە لەگەڵیان ئاڵوگۆڕ بكەن، ماوەتەوە بڵێین لە قۆناخی كۆمەڵەكان لاوانی دهۆك لە یاریگەی خۆیان بە ئەنجامێكی گەورە و بە (4 ـ 1) گۆڵ توانیبوویان لە لاوانی پێشمەرگەی هەولێر ببەنەوە.

(زێرەڤانی ـ نەورۆز)
لە دووەم یاری ئەم هەفتەیەشدا لاوانی (زێرەڤانی) دوا پلەی ریزبەندی بە ناوبژیوانیەتی (دلشێر عومەر) میوانداری لاوانی (نەورۆز) ـی شاری سلێمانی دەكەن كە ئەمەی دووەمیان خانەی دووەمی گرتووە، لاوانی زێرەڤانی كە هەفتەی رابردوو بە لاوان دهۆك دۆڕان لەوە ناچێت لەم یارییە ئەركیان ئاسان بێت، چونكە ڕكابەرەكەیان خاوەن پێكهاتەیەكی تۆكمە و ستافێكی مەشقی لێهاتوون، دوو ڕۆژیش بەر لە ئێستە ستافی مەشقی یانەكە كە لە (سەفا نوری) ڕاهێنەر و (پرسیار زاڤی) یاریدەدەری پێكهاتبوو ئەركی مەشقی دانەوەی تیپی پێشكەوتووانی یانەی نەورۆزیان لە شوێنی ستافی پێشوو بە ڕابەرایەتی (یاسین مەناف) پێدرا
ڕیزبەندی خولەكە دوای ئەنجامدانی یارییەكانی گەڕی دووەم:
1- لاوانی دهۆك (چوار) خاڵ لە (دوو) یاریدا.
2- لاوانی نەورۆز (سێ) خاڵ لە (یەك) یاریدا.
3- لاوانی پێشمەرگەی هەولێر (یەك) خاڵ لە (یەك) یاریدا.
4- لاوانی شێروانە (یەك) خاڵ لە (یەك) یاریدا.
5- لاوانی زێرەڤانی (یەك) خاڵ لە (دوو) یاریدا.

ڕێزبەندی گۆڵكارانی خولەكە:
1- ئەحمەد لوئەی ـ لاوانی دهۆك ـ (پێنج) گۆڵ.
2- وەزاح مالك ـ لاوانی شێروانە ـ (پێنج) گۆڵ.
3- ئەحمەد حەسەن ـ لاوانی هەولێر ـ (پێنج) گۆڵ.
4- ئەحمەد سەبڕی ـ لاوانی دهۆك ـ (چوار) گۆڵ.
5- ئەحمەد زێڕۆ ـ لاوانی دهۆك ـ (چوار) گۆڵ.

 

ئومێد ئیبراهیم - هەولێر

© 2017 Hawler