کانونی دووەم 28, 2020

ئایا چێڵسـی دەتوانێ مێژووی تاڵ بۆ بارسێلۆنا دووبارە

یارییەكی قورس بۆ هەر دوو یانەی چێڵسی و بارسێلۆنا لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، بە تایبەت بۆ بارسێلۆنا كە تۆپ و یاریگای بەدەستەوەبوو، كەچی لە ڕەخساندنی هەلی تۆماركردنی گۆڵ كۆڵەوار بوو و بۆ چێڵسیش كە دوو تۆپیان بەر ستونی گۆڵی بارسێلۆنا كەوت و یارییەكەیان بە هەڵەیەكی كوشندە لێ یەكسان كرا، بە واتایەكی دیكە، ئێستە بارسێلۆنا دڵخۆش لەو یەكسانەی بەرانبەر بە چێڵسی چاوەڕوانی یاری گەڕانەوەی ناو كامپ نو دەكات ئەویش بە پاڵپشتی هاندەرانی.

ئەنتۆنیۆ كۆنتێ ڕاهێنەری چێڵسی تا بڵێی ستایشی یاریزانەكانی كرد، لە ڕاسیدا كەمتر كەس چاوەڕوانی ئەو ئەنجامەی لە یارییەكە دەكرد.
چێڵسی پێش گۆڵی ویلیانی بەڕازیلی، هەر لە لایەن ئەو یارزیزانەوە دووجار ستونی گۆڵی بارسێلۆنای هەژاند، كەچی دوای گۆڵەكەی، یاریزانانی بارسێلۆنا هەڵەی كریستنسنیان قۆستەوە و لیونێل مێسیش بە خەونی لەمێژینەی گەیشت، واتە گۆڵكردن لە یانەی چێڵسی، كە لە كارنامەی گۆڵكردنەكانیدا گۆڵكردن لە چێڵسی نەقوستان بوو.

كۆنتێ: تەنیا هەڵەیەكمان هەبوو
كۆنتێ دوای یاری وتی، ئێمە تەنیا هەڵەیەكەمان كرد و بە هۆیەوە سزا دراین، بە بڕوای من یارییەكی باشمان كرد، گەر بەرانبەر بە یانەیەكی وەكوو بارسێلۆنا هەڵە بكەی، دەبێ باجەكەیشی بدەی. لەكۆتاییدا ئەنجامەكەم بەدڵ نەبوو، بەڵام ئەو یارییە متمانەیەكی زۆری پێ بەخشین و هیواشمان بۆ سەركەوتن بەسەر بارسێلۆنادا ماوە. هەرچەند دەبێ ڕاستگۆیانە بیر لە یاری گەڕانەوە بكەینەوە، باسی بارسێلۆنایە و ئەویش لەناو یاریگای خۆیاندا، بەڵام ئەگەر وەكوو یاری چوون یاری بكەین، دەبینە سەرئێشە بۆیان و دوتوانین لە هێرشی پێچەوانەدا گۆڵیان لێ بكەین.

كۆنتێ لەبارەی شێوازی یاری وتی، ئەگەر بتهەوێ هەر لە خولەكی یەكەمەوە هێرش بكەیتە سەر گۆڵی بارسێلۆنا، چوار بە سفر یان یان 6 بە سفر یارییەكە دەدۆڕێی. یاریزانەكانی من گێل نین، ئێمە پلانمان هەبوو، هەر بۆیە بە باشی بەرگریمان كرد و لە هێرشیكردنیشدا باشترین هەلمان ڕەخساند، هەموو هاندەرانی تۆپی پێیش بینیان چۆن لە هەندێ ساتەوەختدا یاریزانانی بارسێلۆنامان هەڵدەچنی. تەنیا هەڵەیەك، ئەویش یارییەكەی یەكسان كرد.
ڤالڤێردێ: ناتوانم ئەنجامەكەم بە دڵ نەبێ
بارسێلۆنا تا خولەكی 75 بە گۆڵێك لەپاش چێڵسی بوو، بەڵام مێسی توانی پاسی ئینێستا بقۆزێتەوە و یارییەكە بە ئەنجامی 1-1 كۆتایی هات.

ڤالڤێردێ ڕاهێنەری بارسێلۆنا دوای یاری وتی، لە ئەنجامەكە ڕازیم و لەسەر ئەو باوەڕەم یارییەكی قورسمان یەكسان كرد. یاری نێوان دوو پێكهاتە، ئەویش بە دوو شێوازی تەواو لە یەك جیاواز. ئامانجی ئێمە بەدەستەوەگرتنی تۆپ و گۆڕەپان بوو، بەڵام هێرشە پێچەوانەكانی چێڵسی ڕووخێنەربوون، ئێمەش نەماندەتوانی هەلی گۆڵ بڕەخسێنن، چونكە بە تێكڕایی بەرگریان دەكرد. ویلیان ئەستێرەی یارییەكە بوو و دوو تۆپی لە ستوندا، لەڕاستیدا سەرئێشەبوو بۆمان. لە كاتێكدا یاریمان كۆنتڕۆڵ كردبوو، گۆڵێكمان لێ كرا، بەڵام بە خۆشییەوە خۆمان نەدۆڕاند و لە هەڵەیەك بە باشترین شێوە سوودمان بینی.

ڤالڤێردێ لەبارەی یاری گەڕانەوە وتی: ئەو گۆڵەی مێسی زۆر گرینگ بوو، بەڵام یارییەك ماوە. چێڵسی لە یاری گەڕانەوە زیاتر هێرش دەكات و دەبێ ئاگامان لە یارییەكە بێت، ئێستە چانسی ئێمە زیاترە و ئەوە فاكتەرێكی ورەبەخشانەیە، بەڵام هیچ شتێ یەكلایی نەبۆتەوە.

چانسی سەركەوتنی بارسێلۆنا
بارسێلۆنا بە ئاوڕدانەوەیەك لە مێژووی یەكسانبوونە یەك بە یەكەكانی دەبێ زۆر دڵخۆش بێ.
سێ حەوتووی دیكە لە كامپ نو، بارسێلۆنا میوانداری یانەی چێڵسییە. بەر لەو یارییە، بارسێلۆنا 13 یاری چوونی لە ناو یاریگای ڕكابەرە ئەورووپییەكان بە ئەنجامی 1-1 بووە ولە یازدەیان سەركەوتووە و تەنیا دووجار لە یاری گەڕانەوە دۆڕاوە.
لە وەرزی 93-92 لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، یاری چوونی بارسێلۆنا و زێسكا مۆسكۆ یەكسان بوو، كەچی لە كامپ نو، زێسكا مۆسكۆ بە ئەنجامی 3-2 یارییەكەی بردەوە و بارسێلۆنای لە خولەكە لادا.
وەرزی 03-2002 بارسێلۆنا لە خولی یانە پاڵەوانەكانی و لەناو یاریگای یۆڤانتوسدا یارییەكەی بە گۆڵێك یەكسان كردەوە، كەچی لە كامپ نو بە ئەنجامی 1-2 بە یۆڤانتوس دۆڕا و دیسانیش ماڵئاوایی لە یارییەكان كرد.
ئایا چێڵسی دەتوانێ بیرەوەری تاڵی دۆران بەرانبەر بە زێسكا و یۆڤانتوس وەبیر هاندەرانی بارسێلۆنا بێنێتەوە؟

 

محەمەد شەهدی- هەولێر

© 2017 Hawler