ئەیلول 21, 2019

مێسی هۆی دەركردنی و وەرنەگرتنی میدالیای بڕۆنزی ئاشكرا كرد و وەڵامیشی درایەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دیارییەكی ژەهراوی، لە ریاڵ مەدریدەوە بۆ بەرشلۆنە
مێدیاڤانی ئیسپانیی بەناووبانگ فرانسیس ئەگیلار، لە بارەی دواپێشهاتەكانی چوونی نێیمار بۆ بەرشلۆنە، هەندێ بابەتی روون كردەوە.
بەشی زۆری مێدیا ئیسپانی و فەرەنسییەكان، ئەوەیان خستە روو، كە نێیمار زۆر لە جێهێشتنی پاریس و پێوەندیكردن بە بەرشلۆنەوە نزیك بووەتەوە، بەو هۆیەی لە یاریگەی یانەی یەكەم هەست بە ئاسوودەیی ناكات.
ئەگیلار، مێدیاكاری رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، وتوویەتی: " لە فەرەنسا دەڵێن پێوەندی نێوان نێیمار و پاریس گەییشتووەتە ڕێگەیەكی داخراو، بۆیە لەوێ نامێنێتەوە و دەچیتە بەرشلۆنە و یانە پاریسییەكەیش هیچ ئۆفەرێكی دیكەی بۆ نەهاتووە، هەروەها جگە لە بەرشلۆنە، هیچ یانەیەكی دیكەیش نییە كە بایەخ بە نێیمار بدات.
ناوبراو وتی: پێویستە بەرشلۆنە لەوە دڵنیا بێتەوە كە ئایا پاریس دەیەوێ لە نێیمار رزگاری بێ یان نا، ریاڵ مەدریدیش بە سەرۆكایەتی پێرێز لە بۆندی نێیمار كشایەوە، هەموو شتێك ئاماژەدەری ئەوەن كە ئەوە دیارییەكە لە ریاڵ مەدریدەوە، بەڵام ژەهراوی، بەرشلۆنەیش ئامادەی وەرگرتنیەتی.

مێسی هۆی دەركردنی و وەرنەگرتنی میدالیای بڕۆنزی ئاشكرا كرد و وەڵامیشی درایەوە
كاپتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین، لیۆنێل مێسی، هۆی بەشدارینەكردنی لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی پلەی سێیەمی كۆپا ئەمەریكای ئاشكرا كرد و لە بارەی دەركردنی بە كارتی سووریش لە یارییەكەدا، ڕوونكردنەوەی دا.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، لێدوانی مێسی گواستووەتەوە، كە ناوبراو لە بارەی كارتە سوورەكەوە، وتوویەتی: "بە پێدانی كارتی زەرد بۆ هەردووكمان "خۆی و مێدێل" دەكرا كێشەكە كۆتایی پێ بهاتایە، بەڵام ئەوەی گرینگە، تیپەكە، پاڵەوانیەتییەكەی بە شێوەیەكی زۆر باش كۆتایی پێ هێنا.
لە بارەی هۆكاری وەرنەگرتنی میدالیای خاوەن پلەی سێیەمیشەوە، وتی: ئەوەم رەت كردەوە، چونكە پێویست نەبوو كە ئێمە ببینە بەشێك لەو گەندەڵییە، ئێمە شایانی ئەوە بووین لە كۆتایی بین، بەڵام گەندەڵی و ناوبژیوانان، ڕێگری لە خەڵك لەوەی چێژ لە تۆپی پێ وەربگرن، هەموو ئەو شتانە لە كۆپا ئەمەریكادا هەبوون، هەموو شتێك بۆ بەڕازیل ئامادە كراوە، كە ببێتە پاڵەوان، بەبێ هیچ گومانێكیش دەكرێتە پاڵەوان و ئەمە روونە.
لە بارەی ئەو لێدوانەی مێسییەوە، یەكیەتیی تۆپی پێی ئەمەریكای باشوور، ڕوونكردنەوەی بڵاو كردەوە و ناڕاستەوخۆ لێدوان و گوتە و بۆچوونەكانی ناوبراو بە بێنەما و ناڕاست ناو برد و رایگەیاند جێی قبووڵكردن نییە، كە ئەو جۆرە ڕەخنانەیان لێ بگیرێت.

گریزمان لە پێناو بەرشلۆندا لە ئەتلەتیكۆ یاخی بووە
ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید "ئەنتوان گریزمان"، ئەوەی خستە روو، كە لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید هەست بەبێ هیوایی دەكات و لە پێناو بەرشلۆنەدا بڕیاری داوە ئەو یانەیە جێ بهێڵێت.
رۆژنامەی ماركا، بڵاوی كردووەتەوە، كە گریزمان بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی راگەیاندووە، كە پێوەندیی بە مەشقەكانی یانەكەوە نەكا، بە هۆی بەیاننامەكەی یانەكە و چۆنیەتیی مامەڵەیان لەگەڵیدا.
ناوبراو ئەوەی خستە روو، كە لە كۆبوونەوەیدا بە یانەكەی راگەیاندووە، لەوێ نامێنێ، بەڵام ئەوان لە بەیانێكدا هێرشی دەكەنە سەر و پێش ئەوەی یانەكەیش جێ بهێڵێ، ژمارەكەی لێ دەكێشنەوە و داویانە بە یاریزان جواو فیلیكس، كە بەرانبەر 127 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەنفیكاوە بردوویانەتە ریزەكانیانەوە، ئەوەیش گریزمانی تووڕە كردووە و بڕیاری داوە نەگەڕێتەوە مەشقەكانی. ماركا، ئەوەی راگەیاندووە، كە یانەكە بە گریزمانی وتووە، بە دڵنیاییەوە پێیان بڵێ دەمێنێتەوە یان دەڕوا، تا لە سۆنگەی ئەو بڕیارەوە، پلانی هاوینەی خۆیان دابنێن. گریزمان، ئێستەیش هیوای وایە، ئەتلەتیكۆ و بەرشلۆنە لە نزیكترین كاتدا بگەنە ڕێككەوتنی دۆستانە.

تیۆ هێناندێز بووە یاریزانی یانەی میلان
یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، بڵاوی كردەوە، كە بۆندی لەگەڵ بەرگریكاری چەپەی ئیسپانی تیۆ هێناندێزی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریددا واژۆ كردووە، كە یەكێكە لەوانەی لە پرۆژە و پلانی راهێنەر جیامپاولۆدا بۆ وەرزی دادێ جێ دەگرێت.
بۆندی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئیتاڵییەكەدا بۆ ماوەی 5 ساڵە، بەڵام بڕ و بەهای بۆندەكەی ئاشكرا نەكراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا یانەی میلان 20 ملیۆن یۆرۆی داناوە تا ریاڵ مەدرید رازی بووە.
ئەو بەرگریكارە 21 ساڵانە، دوای ئەوەی یانەی ریاڵ مەدرید بۆندی لەگەڵ میندی یاریزانی لیۆن واژۆ كرد و یاریزان مارسێلۆیش بوونی هەیە، چووە دەرەوەی پلان و پێكهاتەی یانەكە، بۆیە زیدانی راهێنەر سەرپشكی كرد لەوەی یانەكە جێ بهێڵێت و هەلێكی دیكەی یاریكردن لە دەرەوەی ریاڵ بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

دوای دوورخستنەوەی میسڕ، ئەگێڕیش دوور خرایەوە
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسڕ، لە پاڵەوانیەتیی جامی نەتەوەكان ئەفریقا دوور خرایەوە، یەكیەتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتەیش، راهێنەر ئەگێڕیی دوور خستەوە.
لە قۆناغی شازدەی پاڵەوانیەتیی جامی نەتەوەكانی ئەفریقادا، هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسڕ، لەسەر دەستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی باشووری ئەفریقا.
هانی ئەبوو ڕیدە، سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی میسڕ، هەر زوو دوای یارییەكە، بە شێوەیەكی فەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند، ئەوەیش لەسەر داوای هاندەرانی هەڵبژاردەكەی بوو.
پێش ئەوەی خۆی و تەواوی دەستەی بەڕێوەبەردنی یەكیەتیی تۆپی پێی میسڕ دەست لە كار بكێشێتەوە، ئەبوو ڕیدە بڕیاری دا تیمی هونەریی هەڵبژاردەكە بە تەواوی لا بدا، بە سەرۆكایەتی مەكسیكی خافیێر ئەگێڕی، كە بڕیار بوو بۆندەكەی تا مۆندیالی 2022 بەردەوام بێت.
دەركردنی میسڕ لەو قۆناغەدا كە خۆیان میوانداریی پاڵەوانیەتییەكە دەكەن، بۆ هاندەرانی میسڕ مایەی سەرسوڕمانە، سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی میسڕیش، هەرچەندە بێكەموكورتیی خۆیان دەردەخەن، بەڵام وەك "وابەستەبوونێكی ئاكاری" بڕیاری وازهێنانیان راگەیاندووە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler