تەمموز 14, 2020

جیمس رۆدڕێگز، بە هۆی شووتێكی مووشەكئاسای مۆلەرەوە تووشی پێكان هات

یۆب هاینكس، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، رایگەیاند كە پشكنینی سەرەتایی بۆ پێكانەكەی یاریزانی كۆلۆمبی جیمس رۆدڕێگزیان كردووە، كە لە یاریی نێوان یانەكەی و بێشكتاش، لە یاریی چوونی قۆناغی شازدەی چامپیۆنس لیگ تووشی بوو.

جیمس رۆدڕێگز، بە هۆی ئەو پێكانەوە بە ناچاری لە خولەكی 44ـدا یاریگەی جێ هێشت و ئارین رۆبن جێی گرتەوە.
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، لێدوانی یۆب هاینكسی گواستووەتەوە، كە دەڵێ: جیمس لە نەرمایی رانیدا تووشی پێكان بووە و پێكانەكەی زۆر گران نییە، بۆیە پێمان وایە چەند رۆژێكی كەم لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا پشكنینی زیاتری بۆ دەكرێت و وادەی دروستی دووركەوتنەوەكەیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی ماركای ئیسپانی نزیك لە یانەی ریاڵ مەدرید، بڵاوی كردەوە، ئەو پێكانەی جیمس بە هۆی لێدانێكی بەهێزی تۆماس مۆلەری هاویانەیەوە بووە.
رۆژنامەكە تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، لە كاتی هێرشێكی بایرن میونشندا، تۆماس مۆلەر لێدانێكی زۆر بەهێزی ئاراستەی گۆڵی بێشكتاش كرد و تۆپەكە بەر ڕانی جیسم كەوت و بە هۆی بەهێزیی لێدانەكەوە، چەند ساتێكی كەم جیمس دەستی بە دەموچاوییەوە گرت، بەڵام وای ئاماژە نەدا كە لێدانەكە كاریگەریی بەسەرییەوە هەبووبێ، لەگەڵ ئەوەیشدا دوای گۆڵەكەی مۆلەر، جیمس نەیتوانی بەردەوام بێت و هەر لە نیوەی یەكەمدا یاریگەی جێ هێشت.
پەیجی فەرمیی یانەی میونشن، لە تویتەر هیوای ئەوەی خواستووە كە لێدانەكە زۆر مەترسیدار نەبێت.
بۆ زانین، یانەی بایرن میونشن، یارییەكەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 5-0 گۆڵ بردەوە و سەركەوتنی نیمچەمسۆگەری بۆ قۆناغی شازدە، لە هزریدا كێشاوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler