تەمموز 18, 2019

دی یۆنگ: له‌ بردنه‌وه‌ی كلاسیكۆ به‌رده‌وام ده‌بین

یاریزانی هۆڵەندی فرانكی دی یۆنگ، كە تازەیاریزانی یانەی بەرشلۆنەیە، پشتپەردەی چۆنیەتی چوونی بۆ بەرشلۆنە و دانوستانەكان لەو بارەیەوە ئاشكرا دەكات.
ناوبراو، بە بۆندێكی 75 ملیۆن یۆرۆیی ، لە یانەی ئەیساك ئەمستردامەوە چووە بەرشلۆنە و یانەكەی دوایی بە فەرمی پێشكەشی مێدیاكانی كرد.
دی یۆنگ، ئەوەی خستە روو، ئەو كاتەی هەواڵی ئەوەیان پێ داوە كە بەرشلۆنە لە دانوستانەكانیدا لە بارەی دەستخستنی ناوبراوەوە رژدە، كارێكی ئاسان و سادە بوو، كە چوون بۆ ئەو یانەیە هەڵبژێرم.
وتیشی: رازی بووم كە بچمە بەرشلۆنە، ئەو كاتەی بارتۆمیۆ هاتە ئەمستردام، ئەو متمانەی پێ بەخشیم بەوەی یاریزانێكی سەرەكی دەبم لە بەرشلۆنە بۆ ساڵانی داهاتوو، منیش هیچ بەربەستێكم بۆ ئەو بۆندە دروست نەكرد، دەمەوێ لە شان مێسی، باشترین یاریزانی جیهان یاری بكەم، گرینگترین شتیش بۆ من، یاریكردنمە بە شێوەی سەرەكی و پێم خۆشە درێسی ژمارە 21 بپۆشم، ئەو ژمارەیەم زۆر لا خۆشەویستە، بەڵام سەیر دەكەین بزانین چی روو دەدات.
دی یۆنگ ده‌شڵێت: ده‌بێـت له‌ بردنه‌وه‌ی یارییه‌كانی كلاسیكۆ هاوشێوه‌ی پێشوو به‌رده‌وامین، حه‌زیش ده‌كه‌م له‌ یاریگه‌ی بێرنابیۆ 5 ـ 0 له‌ ریال مه‌درید ببه‌ینه‌وه‌.
لە بارەی داهاتووی دی لیختیشەوە، وتی: دەمەوێ كە ئەو لێرە ببینم و لەگەڵ من بێ، بەڵام كارەكە بۆ من ناگەڕێتەوە، پێویستە ئەو كاتی خۆی وەربگرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ ماڵبات و بریكارەكەیدا، بڕیاری كۆتایی بدات.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler