تشرینی یەکەم 23, 2019

نێیمار دواوەڵامی بە یانەی پاریس سانت جێرمان داوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

یانەی یوڤێنتوس، پیلیگرینی بردە ریزەكانییەوە
یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بە شێوەیەكی فەرمی بڵاوی كردەوە، كە یاریزانی یانەی رۆما لۆكا پیلیگرینی بردووەتە ریزەكانییەوە، بۆندەكەی بۆ ماوە چوار ساڵە.
سایتی یانەی یوڤێنتوس، بڵاوی كردەوە، كە ئەو بەرگریكارە چەپەیان بە بۆندێكی ئاڵوگۆڕی بردووەتە ریزەكانیانەوە، كە بەرانبەر لۆكا، ئەوانیش یاریزان لیۆناردۆ سپینازۆلا بە یانەكەی پایتەختی ئیتاڵیا دەدەن.
یوڤی، یاریزان لیۆناردۆی بە 29.5 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە، لە كاتێكدا یاریزان پیلیگرینی بە 22 ملیۆن یۆرۆ بردووەتە ریزەكانییەوە و لە 30ـی یۆنیۆی 2023ـدا بۆندەكەی كۆتایی پێ دێت، بەو جۆرە 7.5 ملیۆن یۆرۆیشی بۆ دەمێنێتەوە.

بەرشلۆنە بڕیاری فرۆشتنی دینیس سوارێزی دا
یانەی بەرشلۆنە، بە شێوەیەكی فەرمی بڵاوی كردەوە، كە دینیس سوارێزی به‌ یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ فرۆشتووه‌.
یانەی بەرشلۆنە، ئەو یاریزانە لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، بە یانە ئیسپانییەكەی دیكە دەدات، كە بۆندەكەی بۆ ماوەی 4 ساڵە و بڕەكەیشی دەگاتە 15 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی بەرشلۆنە، سوپاسی پابەندی و خزمەتی دڵسۆزانەی سوارێزی كرد و هیوای سەركەوتنی زیاتری لە ئەزموونی تازەیدا بۆ خواست.
بۆ بیرهێنانەوە، دیسنیس سوارێز، 71 یاریی بۆ بەرشلۆنە كرد و 8 گۆڵی بۆی تۆمار كرد، لەگەڵ یانەكەدا 5 ناسناوی بردەوە، یەك ناسناوی خولی ئیسپانیا، دوو جامی شای ئیسپانیا و دوو جامی سوپەری ئیسپانیا.

نێیمار دواوەڵامی بە یانەی پاریس سانت جێرمان داوە
یاریزانی بەڕازیلی نێیمار دا سیلڤا، دواوەڵامی لە بارەی چارەنووسی خۆیەوە بە یانەكەی داوە، ئەویش بەردەوامنەبوونە لە یانە فەرەنسییەكە.
راپۆرتی مێدیا فەرەنسییەكان، بڵاویان كردەوە كە نێیمار جۆنیۆر، سوورە لەسەر جێهێشتنی یانەی پاریس و گەڕانەوەی بۆ یانەكەی پێشتری (بەرشلۆنە).
سایتی پاریس یونایتدی فەرەنسی بڵاوی كردووەتەوە، كە نێیمارە پێداگرە لەسەر جێهێشتنی پاریس سانت جێرمان، بە تایبەت كە رۆژ بە رۆژ نێوانی لەگەڵ یانەكەی بەرەو ئاڵۆزتر دەڕوات.
سایتەكە، ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە بریكارەكەی نێیمار، یانەكەی ئاگەدار كردووەتەوە، نێیمار دەگەڕێتەوە بەرشلۆنە، لەو رووەوە باوكی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردووە.
سایتەكە، ڕوونیشی كردووەتەوە، كە پاریس سانت جێرمان دژی خواستی نێیمار ناوەستێت و ئامادەیە ئەم هاوینەیە بیفرۆشێت و دەستبەرداری بێت، بە تایبەت كە لەم چەند هەفتەیەی پێشتردا پێوەندیی نێوان هەردوولا بەرەو خراپی چووە، ئەمە لە كاتێكدایە لە شریتێكی ڕێكلامیدا، یانەی پاریس سانت جێرمان درێسی تازەی بۆ وەرزی دادێ ئاشكرا كرد و لە ئەكاونتی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردەوە، هێمای ئەوەی لێ دەردەكەوێت، كە نێیمار وەرزی دادێیش لە ریزەكانیاندا دەمێنێتەوە، بە تایبەت كە لە دیمەنێكدا، هەردوو یاریزان كلیان ئمباپێ و نێیمار دا سیلڤا دەردەكەون، كە وەك پەیامێك بۆ بەردەوامبوونیان، دەخوێندرێتەوە.

دیێگۆ گۆدین بووە ئینتەری
یاریزانی بەناووبانگی ئۆروگوایی دیێگۆ گۆدین، ریزەكانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی جێ هێشت و لە رێی یانەی ئینتەر میلانەوە، لە دەروازەی خولی ئیتاڵیی دا.
یانەی ئینتەر میلان، بە شێوەیەكی فەرمی، بڵاوی كردەوە، كە سەركەوتوو بووە لە دەستخستنی دیێگۆ گۆدین و لە ڕوونكردنەوەیەكی فەرمیدا، ئەو هەواڵەی راگەیاند.
یانەكە، باسی ئەوەی كردووە، كە بۆندەكەی بۆ ماوەی سێ وەرزە و لە یۆنیۆی 2022ـدا وادەكەی كۆتایی پێ دێت.
هەروەها، ئەوەیشی خستووەتە روو، كە دیێگۆ گۆدین، هاتووەتە ئینتەر بۆ ئەوەی هەرچی لە توانایدایە، لە بەهرە و ئەزموونی، لێرە پێشكەشی بكات، یانەكە خۆشحاڵیی خۆی بە چوونی گۆدین بۆ ریزەكانیان دەربڕیوە.
بۆندی گۆدین بۆ ئینتەر، بەشێوەی ئازادانە بوو، بە هۆی ئەوەی ماوەی بۆندەكەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریددا كۆتایی پێ هاتبوو، كە ناوبراو لە 2010 لە یانەی ڤیا ریاڵەوە چووبووە ئەتلەتیكۆ مەدرید و چەندان ناسناوی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بە دەست هێنا، چ لە ئاستی ناوخۆ یان ئەورووپی، خۆیشی ڕەهەندێكی گرینگی یانەكە بووە و هەمیشە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە، دواناسناویش، جامی سوپەری ئەورووپا بوو، كە لەسەر حسابی یانەی ریاڵ مەدرید دەستیان خست.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler