تەمموز 18, 2019

بەیڵ، لە بارەی دەنگۆی چوونی بۆ ئینتەر هاتە دەنگ

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.


بەیڵ، لە بارەی دەنگۆی چوونی بۆ ئینتەر هاتە دەنگ
جۆناتان بارنێت، بریكاری ئەستێرەی تۆپی پێی وێڵزی یانەی ریاڵ مەدرید گاریس بەیڵ، ئەوەی خستە روو، كە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئینتەر نەكراوە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر مێدیاسێتی ئیتاڵی بڵاوی كردبووەوە، كە گفتوگۆ لە نێوان هەدوولادا كراوە لە بارەی گواستنەوەی بەیڵ بۆ ئینتەر میلان بە شێوەی خواستن.
بارنێت بۆ سایتی ئینتەر دیبیندێنزا، وتوویەتی: هەرچی ئەوەی لەو ڕووەوە وتراوە، ڕاست نییە، دەنگۆی چوونی بەیڵ بۆ ئینتەر میلان راست نییە.
ئێستە چارەنووسی بەیڵ روون نییە، بە تایبەت دوای ئەوەی باس كرا، ناوبراو بۆ وەرزی دادێ لە دەرەوەی پلانەكانی زینەدین زیدانی راهێنەر دەبێت، لە نیوەی دووەمی وەرزی رابردوویشدا بە شێوەیەكی كەم بەشداریی یارییەكانی پێ كرا. تا ئێستەیش هیچ یانەیەك بە شێوەیەكی فەرمی، خواستی خۆی بۆ دەستخستنی بەیڵ دەرنەبڕیوە، بەڵام ئەگەر هەیە لە ڕێی یەكێك لە یانەكانی تۆتنهام یان مانچستەر یونایتدەوە، بگەڕێتەوە خولی ئینگلیزی، یانیش بچێتە یانەی بایرن میونشن.
پێشتر بەیڵ لە یانەی تۆتنهامەوە چووە یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵام بەردەوام پێكان و ناجێگیریی ئاستی و هەندێ وردەكێشەی دیكە، بوونە لێڵییەك لە بەردەم بینینی ئاستی راستەقینەی ئەو یاریزانەدا.

ساری پێوەندیی بە پۆگبا و بۆنۆچییەوە كردووە
راپۆرتە میدیاییەكان بڵاویان كردەوە، كە ماوریتسیۆ ساری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، پێوەندیی بە هەردوو یاریزان پۆڵ پۆگبای یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتد و لیۆناردۆ بۆنۆچی بەرگریكاری تیپەكەوە كردووە.
پۆگبا، خواستی گەڕانەوەی بۆ یوڤی دەربڕیوە، ئەمە لە كاتێكدایە یانەی پاریس سانت جێرمانیش بۆندێكی پێشكەش بە یاریزان بۆنۆچی كردووە، كە ناوبراو لە ریزەكانی یوڤیدایە. رۆژنامەی ئاس بڵاوی كردووەتەوە، كە ساری خۆی پێوەندی بە پۆگباوە كردووە، بۆ ئەوەی لە بارەی بۆندەكەیەوە بدوێن، یاریزانە فەرەنسییەكەیش خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە دەربڕیوە.
مێدیاكە، دووپاتی كردووەتەوە، كە پۆگبا، پێشتریش خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە دەربڕیبوو. لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی لاگازێتتا، ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە ساری لەگەڵ بۆنۆچیشدا دواوە و پێی راگەیاندووە، سەرەڕای دەستخستنی یاریزان دی لیخت، بەڵام شوێنی سەرەكیی ئەو بۆ وەرزی داهاتوو پارێزراوە، ئەمە لە كاتێكدایە، یانە فەرەنسییەكە بۆندێكی پێشكەشی بۆنۆچی كردووە، كە بڕەكەی دەگاتە حەوت ملیۆن یۆرۆی ساڵانە، لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە، ئەو ئۆفەرەی پێ راگەیاندووە.

مانچستەر سیتی، پاداشتی كۆتایی خزمەتی بە سیلڤا دەدا
یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی، پاداشتی كۆتایی خزمەتی بۆ ئەستێرەی ئیسپانیی یانەكەی دەیڤید سیلڤا داناوە، كە ناوبراو پێشتر رایگەیاندبوو، وەرزی دادێ دواوەرز دەبێ بە درێسی سیتیزینەوە، بەو پێیەی لەو كاتەدا بۆندەكەی تەواو دەبێت.
رۆژنامەی میڕەڕی بریتانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە پێپ گواردیۆلا، نیازی وایە، پاداشتی ماندووبوونی ئەو یاریزانە بداتەوە، كە 10 ساڵ خزمەتی بە یانەی مان سیتی كردووە، ئەوەیش پێدانی نیشانەی كاپتنییە لە دواوەرزیدا.
سیلڤای تەمەن 33 ساڵان، لە شوێنی یاریزانی بەلژیكی ڤیسنت كۆمپانی، دەبێتە كاپتن، كە ریزەكانی یانەكەی جێ هێشتووە و لە یەك كاتدا بووە راهێنەر و یاریزانی یانەی ئەندەرلەخت، كە پێشتر لە ریزەكانیدا یاریی كردووە.
دوای نەمانی كۆمپانی، ئێستە سیلڤا خاوەن زۆرترین خزمەتە لە یانەكە، كە لە 2010ـەوە لەو یانەیەدا یاری دەكا، كاتێك بە بۆندێكی 24 ملیۆن جونەیهی لە ڤاڵێنسیاوە چووە ریزەكانی ئەو یانە ئینگلیزییە.
مانچستەر سیتی، دەیەوێ ڕێزێكی زۆر بۆ سیلڤا دابنێ لە دواوەرزی یاریكردنیدا، بەو پێیەی دەیكات بە كاپتن.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler