تشرینی یەکەم 16, 2019

دوای 9 ساڵ جارێكی تر خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان ده‌كرێته‌وه‌

دوای ماوه‌یه‌ك وه‌ستان جارێكی تر خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر، له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر له‌ پێشتر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خوله‌كه‌ به‌هۆی بارودۆخی دارایی و بارودۆخی سیاسی هه‌ندێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان بۆ ماوه‌ی 9 ساڵه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چووه‌، له‌ ئێستادا سكرتاریه‌تی یه‌كیه‌تی لاوانی دیموكراتی كوردستان سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر هه‌ر له‌ زاخۆ تا خانه‌قین ئه‌نجام بدات و تیپه‌ میللیه‌كانی شاری موسڵیشی تێدا ده‌بێت.

خوله‌كه‌ سه‌رتاسه‌ری ده‌بێت و هه‌موو كوردستان ده‌گرێته‌وه‌
ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر و ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و خوله‌ دوای 9 ساڵ له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر (ئازاد مه‌حه‌مه‌) كارگێڕی سكرتاریه‌تی یه‌كیه‌تی لاوانی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی به‌شی وه‌رزشی به‌مجۆره‌ قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر كرد و گووتی" خولی بارزانی نه‌مر ماوه‌ی 9 ساڵه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌ ڕابردوودا چه‌ند ساڵێك ئه‌نجامنه‌درا، كه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بوو خوله‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باشتر ڕێكبخرێت و وه‌كو ڤیستیڤاڵێكی لێبكرێت"
 دواتر بارودۆخی دارایی كوردستان تێكچوو ئه‌مه‌یش هۆكارێكی دیكه‌ی وه‌ستاندنی گه‌وره‌ترین خولی تۆپی پێی بوون له‌سه‌ر ئاستی تیپه‌ میلیه‌كان.
بۆیه‌ دوا دابڕانێكی زۆر وه‌كو ستافی سكرتاریه‌تی نوێ بڕیارماندا كه‌ خولی بارزانی نه‌مر له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان هه‌ر له‌ زاخۆ تا خانه‌قین جارێكی تر بكرێته‌وه‌ له‌ ئێستایشدا له‌ ئاماده‌كاری به‌رده‌وامین
.
شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كه‌ چۆن ده‌بێت؟
ئه‌و به‌رپرسه‌ی به‌شی وه‌رزشی یه‌كیه‌تی لاوان باسی شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی خولی ئه‌مساڵیشی كرد و ده‌ڵێت: شێوازی خوله‌كه‌ به‌شێوازی ده‌رچوون به‌ یه‌ك دۆڕان ده‌بێت، هه‌رچوار پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، كه‌ركووك، له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌نده‌ باڵاكانی خۆیان یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، له‌ ده‌ستپێكدا نوێنه‌ری هه‌موو شاره‌كان دێنه‌ هه‌ولێر و تیروپشك ئه‌نجام ده‌درێت و له‌سه‌ر چوار ناوچه‌ی هه‌رچوار پارێزگاكه‌ دابه‌شكراوه‌ و نوێنه‌ری هه‌موو شاره‌كان ئاماده‌ ده‌بن و تیروپشك ئه‌نجام ده‌ده‌ین.
 دواتر له‌ هه‌ر شاره‌و یارییه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن، هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ تیپه‌ میلیه‌كانی شاری موسڵ و شه‌نگالیش له‌گه‌ڵ پارێزگای دهۆك به‌شداری خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌ كۆتایدا یارییه‌كانی چوارگۆشه‌ی زێڕین له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

باسی ئامانجی كردنه‌وه‌ی خولی بارزانی ده‌كات
ئه‌و كارگێڕه‌ی سكرتاریه‌تی لاوان زیاتر قسه‌ی كرد و باسی له‌ ئامانجی كردنه‌وه‌ی خوله‌كه‌ كرد و گووتی: ئامانجمان له‌ كردنه‌وه‌ی خولی بارزانی نه‌مر كه‌ خولێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م خوله‌وه یاریزانی نوێ له‌ تیپه‌ میلیه‌كان پێبگه‌ن و بگه‌نه‌ ئاستی یانه‌كان و ده‌رفه‌تی زیاتر به‌ تیپه‌ میلیه‌كان بده‌ین و لێك نزیك بوونه‌وه‌ و ناساندنی زیاتری یاریزانانی تیپه‌ میلیه‌كانی شاره‌كان دروست بكه‌ین.
جگه‌ له‌وه‌یش له‌‌ سه‌ر ئاستی ناوه‌نده‌ باڵاكان تیپی نمونه‌یی و هه‌ڵبژارده‌ دروست ده‌كه‌ن و به‌شداری ئه‌و خوله‌ ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌وان سانسۆریان له‌سه‌ر كه‌س نیه‌ و خوله‌كه‌ سه‌رتاسه‌ری ده‌بێت و په‌یوه‌ندی به‌ هیچ حیزب و لایه‌نێك نیه‌ هه‌موو تیپێك كه‌ سه‌ر به‌ هه‌ر حیزبێكی كوردستان بێت ده‌رگامان كراوه‌ته‌وه‌ ده‌توانێت به‌شداری بكات.
مه‌به‌ستمانه‌ تیپه‌كانی هه‌موو كوردستان سوود مه‌ند بن له‌م خوله‌، شاری كه‌ركووك به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركومان به‌شدار ده‌بن، شاری خانه‌قین ئه‌گه‌رچی له‌ژێر ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌وێیش خوله‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك كێشه‌و گرفتمان هه‌بن، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین خوله‌كه‌ سه‌رتاسه‌ری بێت و زۆرترین تیپه‌كان به‌شداربن.

كات و ماوه‌ی یارییه‌كانی خوله‌كه
‌دوای ته‌واو بوونی ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌ چوونی خوله‌كه‌، بڕیاره‌ وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی 7 خوله‌كه‌ به‌ پێی ناوچه‌كانی كوردستان له‌ 7 ناوه‌ندی باڵا به‌ڕێوه‌بچێت.
 له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانیش ئازاد مه‌حه‌مه‌د گوتی: ئێمه‌ ئاماده‌كاری خۆمان كردووه‌ و هیچ كێشه‌ و گرفتێكی گه‌وره‌مان نیه‌، له‌ هه‌موو شاره‌كانیش له‌ ریزی تیپه‌ میلیه‌كان ئه‌ندامی ڕێكخراوی یه‌كیه‌تی لاوان هه‌ن، ئه‌گه‌ر تیپی میلی سه‌ر به‌ حیزبه‌كانی تریش به‌شداری خوله‌كه‌ نه‌كه‌ن ئێمه‌ كێشه‌مان نابێت و خوله‌كه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ هیچ ته‌مه‌نێك دیاری نه‌كراوه‌ هه‌ر یاریزانێك له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێك بێت مافی به‌شداریكردنی هه‌یه‌ و ده‌توانێت به‌شدار بێت.
ئاماژه‌ی به‌‌وه‌یش كرد، كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ خوله‌كه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌مساڵ خوله‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌نده‌ باڵاكان به‌ڕێوه‌ده‌چن، هه‌ر ناوه‌ندێك له‌گه‌ڵ تیپه‌ میلیه‌كانی سنوری خۆی كۆده‌بێته‌وه‌ و باشترین یاریزانه‌كانی سنوری ناوه‌نده‌كانی خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌توانێت سوود له‌ یاریزانی تیپه‌ میلیه‌كانی ناوه‌نده‌كه‌ی خۆی وه‌ربگرێت، به‌مه‌یش ژماره‌ی تیپه‌كان كه‌متر ده‌بن، به‌ڵام ئاستی خوله‌كه‌ به‌هێزتر ده‌بێت.

‌یاریزانی یانه‌كانیش ده‌توانن به‌شداری بكه‌ن
هه‌روه‌ها ڕێگه‌ به‌ یاریزانی یانه‌كانی كوردستانیش دراوه‌ كه‌ به‌شداری خولی بارزانی نه‌مر بكه‌ن و ئاستی خوله‌كه‌ زیاتر به‌هێز ده‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاریزانه‌ سه‌ر به‌ ناوه‌ندێكی باڵا بێت، وه‌ هیچ یاریزانێكیش له‌ ناوه‌ندێك ناتوانێت بۆ ناوه‌ندێكی تر یاری بكات، گوتیشی ڕه‌نگه‌ خوله‌كه‌ زیاتر له‌ مانگێك به‌رده‌وام بێت، هه‌وڵی ئه‌وه‌یش ده‌‌ده‌ین ساڵێكی تر له‌سه‌ره‌تای مانگی یه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ خوله‌كه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تیپه‌ میلیه‌كان به‌شێوه‌ی پاڵاوتن به‌شداری بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و تیپه‌ میلیانه‌ی سه‌ر به‌ سكرتاریه‌تی لاوانن ژماره‌یان له‌ 9 هه‌زار تیپی میلی زیاتره‌ و بۆیه‌ ساڵێكی تر زووتر ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین.

ناوبژیوانانی خوله‌كانی كوردستان یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن
بۆ به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی خولی بارزانی نه‌مر لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌یه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی یارییه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ناوبژیوانانی خولی نایاب و پله‌یه‌كی كوردستانیش یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خوله‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌بچن و هیچ گرفتێك دروست نه‌بن، خه‌رجی به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كان و ناوبژیوانانیش هه‌مووی له‌لایه‌ن یه‌كیه‌تی لاوان دابینكراوه‌ و ڕه‌نگه‌ جل و به‌رگی وه‌رزشیش به‌سه‌ر تیپه‌كاندا دابه‌ش بكرێن.
قۆناخی كۆتایی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیپه‌كان خه‌ڵات ده‌كرێن
دوای ئه‌وه‌ی كه‌ یارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌نده‌ باڵاكان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیپه‌كان ده‌گه‌نه‌ قۆناخی كۆتایی، دواتر یه‌كه‌می ئاستی هه‌موو ناوه‌نده‌كان له‌ قۆناخی كۆتایی دێنه‌ هه‌ولێر و هه‌رچوار تیپه‌كه‌ی چوارگۆشه‌ی زێڕین خه‌ڵات ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ تیپی پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می خوله‌كه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ خه‌ڵاتی ماددیشی تێدا بێت، هه‌روه‌ها باشترین یاریزان و گۆڵپارێز و گۆڵكاری خوله‌كه‌ خه‌ڵاتی یاری خاوێن و تیپی نمونه‌یی خوله‌كه‌یش دابه‌ش ده‌كرێت.

گرنگترین شت سه‌ركه‌وتنی خوله‌كه‌یه‌
ئازاد محه‌مه‌د كارگێڕی سكرتاریه‌تی یه‌كیه‌تی لاوان له‌ دواین په‌یڤیدا گوتی گرنگترین شت لای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوله‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی به‌ڕێوه‌ بچێت، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌و خوله‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو ڕه‌خنه‌ و پێشنیاره‌كانیش قبوڵ ده‌كه‌ین و بۆ ساڵانی داهاتوو كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
خشته‌ی یارییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
سنوری ناوه‌ندی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری:
سه‌فین × هه‌ولێر
ده‌شتی هه‌ولێر × باڵه‌ك
مێرگه‌سوور × قه‌ره‌چوغ
بارزان × خه‌بات
سۆران چاوه‌ڕوانه‌
سنوری ناوه‌ندی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه:‌
ڕانیه‌ × ده‌وروبه‌ری سلێمانی
سلێمانی × هه‌ڵه‌بجه‌
سنوری ناوه‌ندی كه‌ركووك و گه‌رمیان:
خانه‌قین × گه‌رمیان
چه‌مچه‌ماڵ × كه‌ركووك
سنوری ناوه‌ندی دهۆك و موسڵ:
زاخۆ× شنگال
سێمێل × دهۆك
ئامێدی × موسڵ
به‌رده‌ڕه‌ش × شێخان
ئاكرێ چاوه‌ڕوانه‌

بۆ یه‌كه‌مجار خوله‌كه‌ له‌ كوێ ده‌ستی پێكردووه‌؟
 خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1993 له‌ قه‌زای سۆران ده‌ستی پێكردووه، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی چالاكیه‌ وه‌رزشیه‌كان له‌ مت بوون و سست بووندا بوون، به‌ڵام ئه‌م خوله‌ بووه‌ هۆی جوڵه‌ و بزاوتێكی زۆر له‌ یاریگه‌كانی كوردستان، به‌ تایبه‌تی یاری تۆپی پێی كه‌ ئه‌وكاته‌ یارییه‌كان له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆڵ به‌ڕێوه‌ ده‌چوون،‌ دواتر خوله‌كه‌ شاروشارۆچكه‌كانی تری كوردستانی گرتۆته‌وه‌ و به‌سه‌دان تیپی میلی له‌سه‌رجه‌م شاره‌كان به‌شداری ئه‌و خوله‌یان ده‌كرد، ئه‌م خوله‌ بوو به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ پێگه‌یاندنی یاریزانان و گه‌یشتنیان به‌ ڕیزی یانه‌كان، جگه‌ له‌وه‌یش كه‌ له‌ڕووی ناوبژیوانیه‌وه‌ گرنگیه‌كی زۆری پێده‌درا، هه‌روه‌ها به‌هۆی تام و چێژی خوله‌كه‌ و به‌هێزی یارییه‌كان به‌رده‌وام ژماره‌یه‌كی زۆری هانده‌رانی تۆپی پێ له‌ یاریگه‌كان ئاماده‌ ده‌بوون، تا ئێستایش 14 جار خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ئه‌مساڵ وه‌شانی ژماره‌ 15 ئه‌نجام ده‌درێت.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler