تەمموز 16, 2019

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كرد

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان له‌ یاریگەی دووه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری ده‌ستی به‌ مه‌شق و راهێنانه‌كانی كرد، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردن و خۆ ئاماده‌كردن بۆ پاڵه‌وانیه‌تیی نۆروه‌ی كه‌پ، كه‌ له‌ وڵاتی نه‌رویج به ‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ستافی راهێنه‌ران پێكهاتوون له‌ ئه‌رسه‌لان جه‌لال راهێنه‌ر، شیڤان حاجی یاریده‌ده‌ر، كاوه‌ ئیبراهیم راهێنه‌ری گۆڵپارێزان، له‌گه‌ڵ 24 یاریزانی هه‌ڵبژێردراو بۆ پێكهاته‌كه‌، ئه‌ره‌سه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ر له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كان و بارودۆخی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بۆ ده‌زگەكانی راگه‌یاندن وتی: ئێمه‌ نزیكه‌ی چوار هه‌فته‌مان له‌به‌ر ده‌سته‌ تا بۆ پاڵه‌وانیەتییه‌كه‌ خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین تا به‌شێوه‌یه‌كی دروست و ته‌واو تا ئه‌و كات ئاماده‌بین، له‌و ماوه‌یش چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین تا یاریزانه‌كان زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌كتر گونجان دروست بكه‌ن و شاره‌زای یه‌كترببن.
ئه‌رسه‌لان وتیشی: ئێمه‌ ئه‌و یاریزانانه‌مان هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ و پلانی ئێمه‌ دا ده‌گونجێن، ئه‌گه‌رنا یاریزانی باش هه‌ن له‌و ئاسته‌ و له‌و ته‌مه‌نه‌ له‌ كوردستان، به‌ڵام ئیمه‌ ده‌توانین ته‌نیا 24 یاریزان ببه‌ین بۆ یارییه‌كان، ئه‌وه‌یش كارێكی زه‌حمه‌ته‌ بۆ دیاریكردنی ئه‌و رێژه‌ یاریزانه‌، به‌رده‌وامیش له‌ كاتی پێكهێنانی ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ و گله‌یی ده‌بیته‌وه‌، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ویژدانی خۆمان ئاسوده‌ كردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ یاریزان ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ، ئه‌رسه‌لانی راهێنه‌ر وتی: ئه‌و بانگهێشت كرابوو، كه‌چی دواتر به‌ هۆكاری تایبه‌تی خۆی نه‌یتوانی پابه‌ندی رێنمایی و ئه‌ركه‌كانی ئێمه‌ بێت، بۆیه‌ داوامان له‌ فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كرد له‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ دووری بخه‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌ داواكه‌ی ئێمه‌ رازیبوون.
هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان، ماوه‌ی مانگێكی له‌ به‌رده‌مدایه‌ تا خۆی ئامادە بكات، چونكه‌ رۆژی 26- ته‌موزی داهاتوو گه‌شت بۆ ڵاتی نه‌رویج ده‌كات و رۆژی 28 مانگیش یه‌كه‌م یاریی له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات، دواینجاریش، كه‌ به‌شداریكرد له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م راهێنه‌ره‌ی ئێستا جامی نۆره‌ی كه‌پی نه‌رویجی برده‌وه‌.

 

 

© 2017 Hawler