تەمموز 16, 2019

شۆڕشی نوێكردنەوەی ئینتەر میلان بە سەرۆكایەتیی كۆنتی دەست پێ دەكات

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

شۆڕشی نوێكردنەوەی ئینتەر میلان بە سەرۆكایەتی كۆنتی دەست پێ دەكات
ئەنتۆنیۆ كۆنتی، راهێنەری نوێی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی، دەكۆشێت هێڵی ناوەڕاستی یانەكەی پتەو بكات، بە تایبەت كە ناوبراو لە پلانەكانیدا بە زۆری پشت بەو هێڵە دەبەستێت.
كارگێڕیی یانەكە، بۆندی لەگەڵ ساسۆڵۆدا كردووە، بۆ ئەوەی یاریزانی ناوەندی ستیڤانۆ سینسی، ئەمە لە كاتێكدایە چاوەڕوانی بڕیاری یانەی كالیاری دەكات، لە بارەی بۆندی ئەستێرەی نێونەتەوەییان "نیكۆلا بارێلا"ـوە، كە نزیكە لەوەی بچێتە ریزی دەستەكەی كۆنتییەوە.
هەروەها یاریزانی بەلژیكی رادگا ناینگۆلان، لە دەرەوەی بازنەی ئەو شۆڕشە گۆڕانكارییە نییە، كە كۆنتی پێی هەڵدەستێ، بە تایبەت كە ئەم یاریزانە، ئەگەری رۆییشتنی زۆرە، بەو پێیەی راهێنەری یانەكەی متمانەی بە تواناكانی نەماوە و خستوویەتییە دەرەوەی پلانەكانی، بۆیە لەوانەیە ئەو یاریزانەی پێشتری ڕۆما، دوای بەسەربردنی وەرزێك ریزەكانی ئینتەر جێ بهێڵێت.
تۆڕی سپۆرت مێدیاسێت، بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەرتۆرۆ ڤیدالی یاریزانی چیلیی ناوەڕاستی یانەی بەرشلۆنە، یەكێكە لەو یاریزانانەی كۆنتی نیازی دەستخستنی هەیە، بە تایبەت كە لەو سەروەختەی راهێنەری یوڤی بوو، سەرپەرشتیی كردووە، ئەو كاتەیشی كە راهێنەری چێڵسی بوو، نیازی دەستخستنی هەبوو و هەوڵیشی بۆی دا.
ئێستەیش ئەرتۆرۆ، بۆندی گەورەی یەكێك لە یانەكانی چینی رەت كردووەتەوە، بەو هۆكارەی نیاز و مەبەستی گەڕانەوەی بۆ خولی ئیتاڵیادا هەیە، ئێستەیش ئینتەر بیری لە بۆندێكی ئاڵۆگۆڕكاری كردووەتەوە، كە ناینگۆلان بە ڤیدال بگۆڕنەوە.
لەلای خۆیەوە، رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانیی نزیك لە یانەی بەرشلۆنە، ئەوەی بڵاو كردووەتەوە، كە ڤیدال بۆیە بۆندی یانە چینییەكەی رەت كردووەتەوە، ڕازییە بە مانەوە لە یانەی بەرشلۆنە و پێوەندیی باشی لەگەڵ ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی هەیە و دۆخی ئێستەی لە یانە كاتەلۆنییەكە باشە.
بۆ زانین، بۆندی ڤیدال لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە، تا ساڵی 2021ـە، لە یەكەم ساڵیدا 53 یاریی بۆ بەرشلۆنە كرد، سێ گۆڵی تۆمار كرد و 7 گۆڵیشی دروست كرد، ناوبراو ئێستە تەمەنی 32 ساڵانە و چاوەڕێ دەكرێ چەند ساڵێكی دیكەیش لە یاریكردن بەردەوام بێت.

بە هۆی سیپایۆسەوە، ناكۆكیی كەوتووەتە نێوان زیدان و پێرێز
زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، ئەوەی جێگیر كردووە، كە دانی سیپایۆسی یاریزانی یانەكەی بفرۆشێت، ئەم بڕیارەیشی وەها داوە، كە لەم هاوینەدا بچێتە واری جێبەجێكردنەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردووەتەوە، كە سیپایۆس پێی باشە بە شێوەی خواستن ریزەكانی یانەی ریاڵ مەدرید جێ بهێڵیت، بەڵام زیدان نایەوێت بە فەرمی لە ریزەكانی یانەكەیدا بمێنێتەوە.
رۆژنامە، ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە زیدان نایەوێت جارێكی تر بژاردەی كڕینەوەی ئەو یاریزانەی لەبەردەمدا بێت، دوای ئەوەی ریزەكانی یانەكە جێ دەهێڵێت، بە تایبەت كە لە دەرەوەی پلانەكانی ناوبراودایە بۆ وەرزی دادێ.
رۆژنامەكە، تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، كە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەكە و یاریدەدەرەكەی خۆسیە ئەنخێل سانچێز، دەیانەوێت سیپایۆس بە خواستن بدەن بە یانەیەكی دیكە، لەگەڵ بژاردەی دووبارە دەستخستنەوەی، چونكە متمانەی زۆریان بە توانا و بەهرەكانی هەیە.
ئاس، ئاشكرایشی كردووە، كە ریاڵ مەدرید ئەو یاریزانە بە كەمتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ نافرۆشێت، چونكە هێشتە بۆندی 4 ساڵی لەگەڵ یانەكەدا ماوە، كە 500 ملیۆن یۆرۆ مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەكەیەتی.
نزیكترین یانە كە ئەگەر هەیە سیپایۆس بچێتە ریزەكانییەوە، یانەی تۆتنهامە، كە زۆر مەبەستی دەستخستنی ئەو یاریزانەیە و لاری نییە لەوەی بە شێوەی خواستن بیباتە ریزەكانییەوە. هەروەها یانەی ئارسناڵیش، یەكێكە لەو یانانەی خواستی دەستخستنی سیپایۆسی هەیە.

پۆگبا، بۆندی نموونەیی دەبێ بۆ توندوتۆڵكردنی هێڵی ناوەڕاستی ریاڵ مەدرید
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە سێ ناوەندی یاریكردنی ریاڵ مەدرید، پێویستی بە تونوتۆڵكردن و بەهێزكردن هەیە، بەڵام پۆگبا لە هێڵی ناوەڕاست، باشترین بژاردەیە بۆ پڕكردنەوەی كەموكورتییەكان.
ریاڵ مەدرید، خواستی دەستخستنی كریستیان ئێریكسنی دانماركی هەیە، كە لە ناوەڕاستی یانەی تۆتنهامدا ڕۆڵێكی كارای هەیە، بەڵام ماوەی وەرزێك لە بۆندەكەی ماوە، زیدانی راهێنەری یانەكەی، تەنیا پۆڵ پۆگبای دەوێ، نەك یاریزانێكی دیكە.
بە ژمارە دەركەوتووە، كە پۆگبا باشترین بژاردەیە بۆ پڕكردنەوەی كەموكورتییەكانی هێڵی ناوەڕاستی ریاڵ مەدرید، بە تایبەت لە بەشداریكردن لە هێرشی یانەكە و تۆماركردنی گۆڵ و دروستكردنی گۆڵ، خۆ ئەگەر بچێتە ریاڵ مەدرید، لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان لۆكا مۆردیچ و تۆنی كروس، دەبنە سێینەیەكی زۆر باشی بەهێز بۆ ریاڵ مەدرید.
پۆگبا لە هەر 250 خولەكێكدا لەگەڵ مانچستەر یونایتد، گۆڵێكی تۆمار كردووە، كە دەكاتە 16 گۆڵ. بەڵام ئیریكسن لە هەر 377 خولەكێكدا گۆڵی تۆمار كردووە، واتە لە وەرزی 2018/2019ـدا 10 گۆڵی دەست خستووە.
لە بارەی مۆدریچ و كرووسیشەوە، كرواتییەكە 4 گۆڵی تۆمار كردووە، بە رێژەی گۆڵێك بۆ هەر 892 خولەك، بەڵام كرووس یەك گۆڵی كردووە، واتە لە 3 سەعاو 432 خولەكدا گۆڵێك.
بەڵام لە پرۆسەی دروستكردن و بنیاتنانی هێرش لە پشتەوە، دوو یاریزانەكەی ریاڵ مەدرید، بەسەر پۆگبا و ئیریكسندا سەركەوتوون، بە جۆرێك ڕێژەی پاسە دروستەكانی كرووس 92%ـدایە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler