تەمموز 16, 2019

ئه‌مڕۆ هه‌ولێر بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ میوانداریی نه‌جه‌ف ده‌كات

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ له‌گه‌ڕی 33 خولی نایابی عێراق، هه‌ولێر له‌ یاریگای یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی یانه‌ی نه‌جه‌ف ده‌كات، كاتژمێر 7:15 یارییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م یارییه‌ بۆ هه‌ولێرییه‌كان به‌ یاریی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ داده‌نرێت و گرینگییه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌.

هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی میوانداریی نه‌جه‌ف ده‌كات، بۆ زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا گرینگه‌ سێ خاڵی یارییه‌كه‌ به‌ده‌ستبێنن، چونكه‌ پێویسته‌ بیباته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باری لاسه‌نگی خۆی راستبكاته‌وه‌ دوای ئه‌و دوو شكسته‌ی له‌ سه‌رده‌ستی یانه‌كانی شورته‌ و به‌غدا تووشی هات، له‌ لایه‌كی تریش له‌ ئه‌گه‌ری دۆڕانی هه‌ولێر ئه‌وا ره‌نگه‌ پێگه‌كه‌ی بۆ نه‌جه‌ف چۆڵ بكات.
ئه‌كره‌م سه‌لمانی راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر به‌هه‌ر نرخێك بێت هه‌وڵده‌دات بیباته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بگڕێته‌وه‌ سه‌ر ریچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی، پێكهاته‌ی هه‌ولێر هه‌مان پێكهاته‌یه‌، ته‌نها یاریزان بارزان شیرزاد 3 رۆژ به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ری یاریی كردنی كه‌م بێت، نه‌جه‌فییه‌كانیش چاویان له‌ بردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌ پێگه‌ی هه‌ولێر داگیر بكه‌ن.
یاریی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ بۆ پاساوانانی قه‌ڵاومناره‌، چونكه‌ دووساڵ به‌ر له‌ ئێستا به‌هۆی درووشمه‌ ره‌گه‌زپه‌رستانه‌كه‌ی هانده‌رانی نه‌جه‌ف هه‌ولێر له‌ خولی عێراقی كشایه‌وه‌، دواتر باجێكی زۆری دا تا جارێكیتر بۆ ریزی نایاب سه‌ركه‌وته‌وه‌.
هه‌ولێر 32 یاریی ئه‌نجامداوه‌، 10 یاریی بردۆته‌وه‌ 9 یه‌كسان بوونی هه‌یه‌، 13 یارییشی دۆڕاندووه‌، 29 گۆڵی كردووه‌ و 32 گۆڵی لێكراوه‌، به‌ 39 خاڵ خانه‌ی یازدیه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی گرتووه‌، محه‌مه‌د جه‌فال به‌ 9 گۆڵ گۆلكاری هه‌ولێرییه‌كانه‌.
نه‌جه‌ف 31 یاریی ئه‌نجامداوه‌، 8 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، یارییه‌كی دواخراوی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ی زه‌ورا، 12 یاریی یه‌كسان بووه‌، 11 یاریی دۆڕاندووه‌، 33 گۆڵی كردووه‌ و 37 گۆڵی لێكراوه‌، به‌ 36 خاڵ خانه‌ی چوارده‌یه‌می گرتووه‌.
له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2010 له‌ كۆی 10 یاریی نێوانیان هه‌ولێر له‌ 9 یاریی براوه‌ بووه‌، ته‌نها یه‌ك یاریی دۆڕاندووه‌، گه‌وره‌ترین ئه‌نجامیش له‌ به‌رژوه‌ندی پاسه‌وانی قه‌ڵا و مناره‌یه‌، كه‌ له‌ دوو یاریی (4 - 0) براوه‌ بووه‌، هه‌ولێر له‌و 10 یارییه‌ 23 گۆڵی كردووه‌، نه‌جه‌فیش ته‌نها 8 گۆڵی كردووه‌.
یانه‌ی شورته‌ 79 خاڵی كۆكردۆته‌وه‌ و شوێنی خۆی له‌ پێشه‌نگی خولی نایابی عێراق قایم كردووه‌ و له هه‌موو كاتێك نزیكتره‌ بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ و ته‌نها یه‌ك یاریی دۆڕاندووه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler