تشرینی یەکەم 03, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

زیدان، لە تەكنیكی نێو یاریگەوە، بۆ تەكنیكی خۆدەربازكردن

زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لە كاتێكدا ئەم وەرزە تیپەكەی لە هەردوو خولی ئیسپانیا و جامی شای وڵات تا ئێستە ڕوو لە نزمییە، بە جۆرێك لە جامی شای ئیسپانیا دوور خراوەتەوە و لە بردنەوەی لا لیگایش بێهیوا بووە، بەڵام لە چامپیۆنس لیگ هەلی ماوە.

زیدان، بووە تاكەراهێنەرێك كە لە كورتترین ماوەدا، زۆرترین ناسناوی بردەوە، ڕەنگە ئەو دەستكەوتە گەورانەی، وایان لێ كردبێ هەوڵ بدات لە ڕادەربڕیندا، ڕادەستبوون و ملدان بۆ ئەنجامە خراپەكانی یانەكە پیشان نەدا، بە جۆرێكی تر خۆی هەر بە گەورە و خاوەن دەستكەوت ببیبنێت.

لە گەڕی 24ـی لا لیگا، ریاڵ مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی (5-3) گۆڵ لە یانەی ریاڵ بێتسی بردەوە، هەرچەندە سێ گۆڵیان لێ تۆمار كرا، بەڵام زیدان ملی نەدا و ئەو سێ گۆڵەی بێبایەخ پیشان دا، بە جۆرێك ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان لە كاتێكدا 5 گۆڵ تۆمار بكەن، لێتۆماركردنی سێ گۆڵ، بایەخی نییە.
زیدان، سەرەڕای كەمبایەخپیشیاندانێ نیگەرانیش بوو لە لێتۆماركردنی ئەو سێ گۆڵە.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، ئاماژەی بەوە كرد، هەمیشە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان باشتر یاری دەكەن.
لە لێدوانەكانی پێشووتریشیدا، زیدان هەر بەلای سوودی خۆیدا دایشكاندووە، بە جۆرێك خۆی نەشكاندووەتەوە و هەمیشە وای خستووە روو پێكهاتەكەی باشە و ئەو یاریزانانەیشی جێی گلەیی خەڵكن، ئەو بە ئاستباڵا ناوی بردوون، تەنانەت رازی نەبووە یاریزانی تازەی بۆ ببەنە ریزەكانیانەوە.
ئەو ڕەوتارانەی زیدان، چارەنووسی ئەویان لە یانەكە لێڵ كردووە، بە جۆرێك ئەگەر هەیە ئەمە دواوەرزی بێ و مێدیاكان چەند ناوێكیان بۆ جێگرتنەوەی خستووەتە ڕوو
رۆژنامەی ئاس، ئاماژەی بەوە كردووە، ریاڵ لە كۆتایی وەرزدا گووشار لە زیدان ناكات بۆ مانەوەی، ئەویش ئامادە نییە لە پرۆژەی تازەی ریاڵدا كار بكات.
ئەو سێ راهێنەرەی بەربژێرن بۆ جێگرتنەوەی زیدان، یەكەمیان یواكیم لۆڤی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و دووەمیان ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری یانەی تۆتنهام و سێیەمیشیان یۆرگن كلۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوولن، كەر هەر كام لەوانە لەگەڵ تیپ و هەڵبژاردەكانیان، ئەنجامەكانیان باش بووە. بۆندی ئەوانەیش یەك بە دوای یەك لە ساڵانی 2020، 2021 و 2022 تەواو دەبن.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە لە بارەی پۆچیتینۆوە، دەستخستنی ئەو ئەستەمە، بە تایبەت كە كارگێریی تۆتنهام بە سەرۆكایەتیی دانیال لیڤی، لە دانوستاندا ئاسان نییە. هاوكات چارەنووسی یواكیم لۆڤیش ڕوون نییە لەگەڵ ئەڵمانیا و وابەستەی ئەنجامی ئەڵمانیایە لە مۆندیالی 2018ـی ڕووسیا.

لە بارەی بۆندكردن لەگەڵ یۆرگن كلۆپەوە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەوەیش كارێكی گرانە، بە تایبەت كە بەم دواییە ئەنجامی باشی لەگەڵ ڕێدز هەبووە، ئەوەیش وا دەكات كارگێریی لیڤەرپوول، بە ئاسانی دەستبەرداری نەبن.
بۆ زانین، چاوەڕێ دەكرێ كە لە وەرزی داهاتوودا، ریاڵ مەدرید پێكهاتەكەی بە تەواوەتی بگۆڕێت، ئەگەری زۆریش هەیە هەریەك لە ئیدین هازاردی یاریسازی چێڵسی و هاری كینی هێرشبەری تۆتنهام و نێیماری یاریزانی پاریس سانت جێرمان، ببەنە ریزەكانیانەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler