حوزەیران 17, 2019

پاریس سانت جێرمان لە دەستخستنی یاریزانێكی بەئامانجگیراوی بەرشلۆنە نزیك بووەتەوە

سەرەڕای ئەوەی هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ئەیاكس ئەمستردام لە بارەی نرخی دی لخیتەوە گەییشتوونەتە ڕێككەوتن، بەڵام رۆژنامەنووسێكی ناسراو و بڕواپێكراو، ئەوەی خستە روو، یاریزانی ناوبراو دەچێتە ریزەكانی یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی.
پێشتر مێدیا جیهانییەكان، هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردەوە، كە هەردوو یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی و ئەیاكسی هۆڵەندی، لە بارەی نرخ و بەهای بۆندی بەرگریكاری یانەی هۆڵەندییەكە ماتیاس دی لخیتەوە گەییشتوونەتە ڕێككەوتن و ڕا و هەڵوێستی ئەو یاریزانە، واژۆكردن و نەكردنی ڕێككەوتنەكە یەكلا دەكاتەوە، بەڵام فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی وەرزشیی ناسراو، كە تۆڕی سكای سپۆرتس كار دەكات، لە ئەكاونتی خۆی لە ئینستاگرام، ئەوەی خستە روو، كە ماتیاس دی لخیت بۆندێكی فەرمی لە یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسییەوە بۆ چووە، كە بۆندەكە بۆ ماوەی 5 ساڵە و مووچەی ساڵانەی زۆر لەوە زیاترە كە بەرشلۆنە پێشكەشی كردووە و دەگاتە 10 ملیۆن یۆرۆ، جگە لە پاداشت و دەستكەوتی دیكەی ماددی.
ئەوەیشی روون كردووەتەوە، كە هەرچەندە یاریزانەكە بڕیاری نەداوە، بەڵام یانە فەرەنسییەكە، سوورە لەسەر ئەوەی بەم نزیكانە ئەو بۆندە بگەیەنێتە خاڵی كۆتایی و دی لخیت بباتە ریزەكانییەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە، ئەوەیشی نووسیوە، كە دی لخیت چاوەڕێ دەكات، بزانێ یانەكانی دیكەی وەك بەرشلۆنە و مانچستەر یونایتد یان لیڤەر پوول، بۆندی دیكەی پێشكەش دەكەن یان نا، ئەو كاتە بڕیاری كۆتایی خۆی بۆ چوونە یانەی پاریس سانت جێرمان دەدات.
پێشتر، بەرشلۆنە بۆندی فرینكی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی یەكلا كردبووەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرا دی لخیتیش بچێتە هاوشانی هاونیشتمانییەكەی، بەڵام بە ڕێنوێنی بەڕێوەبەری كارەكانی، كە پێی گوتبوو هێشتە بەرشلۆنە بۆ ئەو زووە و لەو یانەیە نابێتە یاریزانی سەرەكی، ڕای لخیت گۆڕاوە و ئەگەر هەیە یانە فەرەنسییەكە بكاتە وێستگەی داهاتووی كاروانی ژیانی پیشەگەریی وەرزشیی خۆی.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler