حوزەیران 17, 2019

ڕامۆس ژمارە پێوانەییەكان دەشكێنێت

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مانچستەر یونایتد، ریاڵ و زیدانی تووشی شۆك كردووە
یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، بە دانانی نرخێك لەسەر گواستنەوەی پۆڵ پۆگبا، یانەی ریاڵ مەدرید و زیدانی تووشی شۆك كرد.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردووەتەوە، كە یانەی ریاڵ مەدرید پێوەندی گرتووە بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە تا گفتوگۆ و دانوستان لە بارەی پۆڵ پۆگباوە بكەن و نرخی سەرەتایی ئەو یاریزانە بزانن، بە تایبەت دوای ئەوەی یاریزان ئیدین هازاردیان بە فەرمی بردە ریزەكانیانەوە.
پۆگبا لە لایەن خودی زیدانەوە داوا كرابوو، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد، هەرزوو بەربەستێكی بۆ دروست كردن و پێی راگەیاندن ئەو یاریزانە بۆ فرۆشتن نییە و لە ماوەی هاویندا دەستبەرداری نابن.
ئەو بۆچوونەی مانچستەر یونایتد، وای دەردەخات دەیەوێ ئەو یاریزانە بە نرخێكی گرانتر لە ئیدین هازار بە ریاڵ مەدرید بفرۆشێت.

بەرشلۆنە بە فەرمی لەگەڵ ئەیاكس لە بارەی نرخی دی لخیتەوە گەییشتە ڕێككەوتن
راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، بڵاویان كردەوە، كە یانەی بەرشلۆنە بە فەرمی لەگەڵ ئەیاكس ئەمستردام لە بارەی نرخی یاریزانی بەرگریكار دی لخیتەوە گەییشتووەتە ڕێككەوتن.
رادیۆی كاتەلۆنیا بڵاوی كردووەتەوە، كە ڕێككەوتن لە نێوان هەردوو یانە كراوە بۆ گواستنەوەی ماتیاس دی لخیت بۆ كامپ نۆ و بەرشلۆنە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانە هۆڵەندییەكە، ئەگەر دی لخیت بڕیاری دا بچێتە یانە ئیسپانییەكە، لەو بارەدا بە شێوەی فەرمی بۆندەكە لە مانگی یۆلیۆدا رادەگەیەنرێت.
ئۆریۆل دۆمینیك، رۆژنامەنووسی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە مینۆ ڕایۆلا، بە دی لخیتی وتووە ئێستە كاتی بەرشلۆنە نییە، پێیشی وتووە ئەگەر ئێستە بچێتە بەرشلۆنە، بە شێوەی سەرەكی یاری ناكات، بە هۆی ئەوەی راهێنەر چەند ناوێكی دیارتری لە پێشتر داناوە، بۆیە دەبێتە یەدەگە و ئەگەر چوار یان پێنج ساڵی دیكە بچێتە بەرشلۆنە، خەونەكەی بە دی دێت.
مینۆ، بە دی لخیتی وتووە، گرەنتی یاریكردنی لە بەرشلۆنە، لە چەند خولەكێك زیاتر نییە.

وسام بەربژێرە بۆ یاریكردن لە ریزەكانی بەرشلۆنە
هێشتە یانەی بەرشلۆنە، یەكلا نەبووەتەوە لە دەستخستنی هێرشبەرێك، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەكانی بەردەوامە، بە تایبەت هێرشبەرێكی یەدەگ، كە لە بارەی ئامادەنەبوونی هێرشبەرە سەرەكییەكەدا (لویس سوارێز)، پشتی پێ ببەستێت.
رۆژنامە فەرەنسییەكان، بڵاویان كردووەتەوە، كە وسام بن یەدری هێرشبەری فەرەنسی، یاریزانی یانەی سڤیلیە، چووەتە نێو بازنەی بەربژێرەكان، كە بەرشلۆنە بە ئامانجیان دەگرێ بۆ بردنە ریزەكانیانەوە.
ناوبراو لە دوالێدوانیدا، ئەوەی راگەیاندووە كە بە رژدی بیری لەوە كردووەتەوە یانە ئەندەلووسییەكە جێ بهێڵیت و بچێتە یانەیەكی گەورەتر، ئێستەیش كاتێكی نموونەیی بۆ ئەو بڕیاردانە.
سوارێز زۆر جار لە یارییەكانی بەرشلۆنە دادەبڕێ، كە زۆرترینا بە هۆی پێكانەوەیە، بۆیە بۆ بەرشلۆنە، هێرشبەرێكی كارامە و ئامادە، پێویستە.

ڕامۆس ژمارە پێوانەییەكان دەشكێنێت
سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی گەییشتن بە جامی نەتەوەكانی ئەورووپا (2020)، لە رێی لێدانی سزاوە گۆڵێكی لە سوێد تۆمار كرد، كە تیپەكەی بە سێ گۆڵ یارییەكەی بردەوە، چەند ژمارەیەكی پیوانەییشی تۆمار كرد.
ڕامۆس ژمارەی گۆڵەكانی لەگەڵ ئیسپانیا، گەیاند بە 20 گۆڵ، ئێستە تەنێ بە دوو گۆڵ بە دوای بەرگریكاری ئەرژەنتینی باسارێلاوەیە، كە ناوبراو خاوەنی 22 گۆڵە، بە تۆماركردنی ئەو دوو گۆڵە، لە دەروازەیەكی دیكەوە، ناوی دەچێتە نێو مێژووەوە، بە تایبەت كە باسارێلا وازی هێناوە.
هەروەها ناوبراو لە لیستی گۆڵكەرانی ئەم وەرزەی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوەیە بە 7 گۆڵ و 4 گۆڵ لە نزیكترین ركەبەرییەوە دوورە.
لە هەموو پاڵەوانیەتییەكانیشدا لەگەڵ ئیسپانیا، بەشداریی 51 یاریی كردووە، كە 11 گۆڵی بە لێدانی سزا و 7 گۆڵی بە لێدانی سەر تۆمار كردووە.
ڕامۆس لە كاتێكدا بەو ژمارانە گەییشتووە، تەمەنی 33 ساڵانە و هێشتە لە یاریكردن بەردەوام دەبێت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler