ئاب 22, 2019

خولی نایابی فوتساڵی كچان دوای زیاتر له‌ مانگێك له‌ وه‌ستانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

دوای وه‌ستانی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێك خولی نایابی فوتساڵی كچان ڕۆژی هه‌ینی ده‌سپێده‌كاته‌وه‌، كه‌ تیایدا به‌ ئه‌نجامدانی 5 یاری یارییه‌كانی گه‌ڕی نۆیه‌می خوله‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌م وه‌رزه‌ جیاوازتر له‌ ساڵانی پێشوو زیاتر له‌ 5 یانه‌ ڕكه‌به‌ری ده‌كه‌ن و چاویان له‌ ناسناوی خوله‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها ڕكه‌به‌ری گه‌یشتنیش به‌ چوارگۆشه‌ی زێڕین له‌ نێوان یانه‌كاندا زۆر به‌هێزه‌، یانه‌ی ئا‌فرۆدێت كه‌ تا ئێستا پێشه‌نگی یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌، به‌گوته‌ی ڕاهێنه‌ری تیپه‌كه‌ ئاماده‌كارییه‌كی باشیان بۆ یارییه‌كانی داهاتوو كردووه‌.

له‌ ڕاهێنان دانه‌بڕاوین ئاماده‌كارییه‌كانمان به‌رده‌وام بوون
یانه‌ی ئافرۆدێتی سلێمانی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ ئاستێكی به‌رزده‌رده‌كه‌وێت و تا ئێستایش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 15 خاڵ له‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م دێت، ده‌رباره‌ی ئاماده‌كاری و ئامانجی یانه‌كه‌یش له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر (كاروان شێخ زیره‌ك) ڕاهێنه‌ری تیپه‌كه‌، به‌م جۆره‌ قسه‌ی كرد و گووتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ زیاتر له‌ مانگێك خوله‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانیشدا له‌شه‌واندا له‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌رده‌وام بووین، بۆ ئه‌وه‌ی دانه‌بڕێین و یاریزانان توانای جه‌سته‌ییان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن، ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كیشه‌ ئاماده‌كاری چڕمان بۆ یارییه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌یه‌نی له‌گه‌ڵ یانه‌ی زێره‌ڤانی كردووه‌، به‌ ته‌واوی پێكهاته‌وه‌ ئاماده‌ین بۆ ئه‌م یارییه‌، هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قۆناخی یه‌كه‌م و دووه‌مدا تا ئێستا هیچ یارییه‌كیان نه‌دۆڕاندووه‌، تاكه‌ یانه‌یشن له‌سه‌رجه‌م یانه‌كان كه‌ هیچ یارییه‌ك نه‌دۆڕاون، ئه‌وان نزیكن له‌ گه‌یشتن به‌ چوارگۆشه‌ی زێڕین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوو یاری زه‌حمه‌تیان له‌گه‌ڵ زێره‌ڤانی و سێمێل هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌باشی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو یارییه‌ بكه‌ن.
شێخ زیره‌ك ده‌رباره‌ی ئامانجی یانه‌كه‌ی له‌م وه‌رزه‌ ده‌ڵێت: تیپه‌كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌و پێش خوله‌كه‌یش ئامانجمان گه‌یشتن بوو به‌ چوارگۆشه‌ی زێڕین و زۆری نه‌ماوه‌ بگه‌ین به‌و ئامانجه‌ ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ دوای گه‌یشتنیان به‌ قۆناخی داهاتوو بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ناسناوه‌كه‌ ده‌ده‌ن.

ڕیزبه‌ندی یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م به‌م شێوه‌یه‌یه‌:
1- سیروانی نوێ8 یاری 21 خاڵ
چۆمان 7 یاری 18 خاڵ 2-
 3- زانكۆی جیهان 7 یاری 15 خاڵ
 4- ئافره‌تانی هه‌ولێر 8 یاری 12خاڵ
 5- سه‌وره‌‌ 8 یاری 12خاڵ
 پیره‌مه‌گرون 8 یاری 3 خاڵ 6-
 7- دووكان 8 یاری 0 خاڵ
ڕیزبه‌ندی یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌‌م به‌م شێوه‌یه‌یه:‌
1- ئافرۆدێت 5 یاری 15 خاڵ
سێمێل 6 یاری 13 خاڵ 2-
 3- زێره‌ڤانی 5 یاری 10 خاڵ
 4- هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید 6 یاری 3خاڵ
 5- ده‌روازه‌ 6 یاری 0 خاڵ

خشته‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی سێیه‌می قۆناخی دووه‌م
دوای ته‌واو بوونی مانگی ڕه‌مه‌زان و تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵ هه‌ینی گه‌ڕێكی تری یارییه‌كانی خولی نایابی فوتساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چن، له‌ هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌كه‌یشدا 5 یاری گرنگ به‌ڕێوه‌ ده‌چن، له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا له‌شاری سلێمانی سیروانی نوێی پێشه‌نگی یانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م میوانداری چۆمانی پله‌ی دووه‌م ده‌كات، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش له‌ شاری دهۆك زێره‌ڤانی و ئا‌فرۆدێت له‌ یاری لوتكه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، خشته‌ی سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه‌یش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن:

یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م
زانكۆی جیهان× ئافره‌تانی هه‌ولێر (یاریگه‌ی زانكۆی جیهان)
سیروانی نوێ × چۆمان (یاریگه‌ی سیروانی نوێ)
پیره‌مه‌گرون × دووكان (یاریگه‌ی پیره‌مه‌گرون)
یانه‌ی سه‌وره‌ چاوه‌ڕوانه‌

یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م
هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید ‌× ده‌روازه‌ (یاریگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید) ‌
زێره‌ڤانی × ئافرۆدێت (یاریگه‌ی زێره‌ڤانی)
یانه‌ی سێمێل‌ چاوه‌ڕوانه
خولی نایابی فوتساڵی كچان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ به‌شداری 12 یانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، سه‌ره‌تا ژماره‌ی یانه‌كان 13 یانه‌ بوو، به‌ڵام دواتر یانه‌ی ڕانیه‌ له‌ خوله‌كه‌ پاشه‌كشه‌ی كرد، كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ 7 یانه‌ پێكهاتووه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش 5 یانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، خوله‌كه‌ به‌ شێوازی خول و به‌ دوو قۆناخی چوون و هاتن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یانه‌كانی خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك سه‌رده‌كه‌ون بۆ چوار گۆشه‌ی زێڕین و هه‌ر چوار یانه‌كه‌ به‌شێوازی خول یاری ده‌كه‌ن و پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ ئاشكرا ده‌بێت.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler