ئاب 22, 2019

ڤان دایك، باسی بردنەوەی هەڵبژاردەی پورتوگال دەكات

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڤان دایك، باسی هۆكاری بردنەوەی هەڵبژاردەی پورتوگال دەكات
هەڵبژاردەی هۆڵەندا، هەلی گەڕانەوەی بۆ سەر سەكۆی ناسناوەكانی لە دەست دا و لە یاریی كۆتایی خولی نەتەوەكانی ئەورووپا، بەرانبەر هەڵبژاردەی پورتوگال، شكستیان خوارد و ڤان دایكی یاریزانی تازەناودەركردووی هۆڵەندا، لە بارەی هۆكارەكانی شكستی وڵاتی گوڵەوە، پەیڤیوە.
ڤێرجیل ڤان دایك، بەرگریكاری گەنج و ناسراوی هۆڵەندا، پێی وایە هەندێ وردەكاریی سادە و شەڕی ناوەڕاستی یاریگە، هۆكاری بردنەوەی پورتوگال بووە.
ڤان دایك وتوویەتی "شكست لە یاریی كۆتاییدا بە گۆڵێك، كار و دۆخێكی ناخۆشە، هیوامان وابوو بە جۆرێكی باشتر كۆتاییمان بەم پاڵەوانیەتییە هێنابا، بە درێژایی ماوەی پاڵەوانیەتییەكە زۆر باش دەركەوتین، هەموویشمان بۆ یاریی كۆتایی زۆر بە باشی ئامادە بووین، هیچ گووشارێكمان لەسەر نەبوو، پێویست بوو هەلە بچووكەكان بقۆزینەوە، ئەستەمە هۆ و فاكتەری دروستكردنی جیاوازیمان دیاری بكرێت، هەندێ وردەكاریی هەیە و شەڕی ناوەڕاستی یاریگە، كە پورتوگال بەهێز بوو، بووە هۆی بردنەوەیان.

كریستیانۆ لە بارەی بەربژێركردنی بۆ بردنەوەی تۆپی زێڕین هاتە دەنگ
ئەستێرەی پورتوگالی یانەی یوڤێنتوس كریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە بارەی هەلی بەربژێركردن و كاندیدكردنی بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین، هاتە دەنگ.
رۆناڵدۆ، كە لەگەڵ پورتوگال یەكەمین پاڵەوانیەتیی خولی نەتەوەكانی ئەورووپای بردەوە، لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئەوەی ئایا كاندید دەكرێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەمساڵ؟ ئێزگەی كادینا كۆبی ئیسپانی وەڵامی رۆناڵدۆی بڵاو كردەوە، كە وتوویەتی "ئارەزووی دەستكەوتی تاكەكەسی نیم، ژمارەكان درۆ ناكەن، خۆی لە بارەی خۆیەوە دەدوێ. وتیشی: ئەمساڵ سێ ناسناوم بردووەتەوە، لە خولی نەتەوەكانی ئەورووپایش باش بووم، چی تر دەكرێ ئەنجامی بدەم؟
بۆ زانین، كریستیانۆ رۆناڵدۆ، خاوەنی خەڵاتی پێنج تۆپی زێڕینە و هاوشانی مێسی زۆرترین تۆپی زێڕینیان بردووەتەوە.

ڕاددەی پێكانی ئارسەری مێللۆ دیاری كرا و دڵینایی لە بارەیەوە درا
یەكیەتیی تۆپی پێی بەڕازیلی، ڕاددەی پێكان و ئەگەری دووركەوتنەوەی لە یاریكردنی ئارسەر مێللۆی لە كۆپا ئاشكرا كرد، كە لە یاریی دۆستانەیان بەرانبەر هیندۆراس تووشی بوو.
لە یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و هیندۆراس، كە بەڕازیل یارییەكەی بە ئەنجامی 7-0 بردەوە، لە نیوەی یەكەمدا و لە خولەكی 30ـی یارییەكەدا ئارسەر مێللۆ، تووشی پێكان هات.
سەرچاوەیەكی نزیك، لە ئارسەر، بە رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی راگەیاندووە، كە چارەسەر و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ پێكانەكەی كراوە، تا ڕێژە و ڕاددەی هەوكردنی شوێنەكەی كەم بكاتەوە. لە لایەكی دیكەوە، یەكیەتیی تۆپی پێی بەڕازیل، روونی كردەوە، كە تیمی پزیشكی هەڵبژاردەكە، پێیان وا نییە پێكانەكەی ئارسەر سەخت و مەترسیدار بێت، تەنێ ئازار بە ئەژنۆی گەییشتووە، هیچ نیگەرانییەك لە بارەی بەشدارینەكردنی لە كۆپا ئەمەریكادا نییە، كە رۆژی هەینی لەسەر خاكی بەڕازیل، ركەبەرییەكانی دەست پێ دەكات.
بۆ زانین، پشكنینی دیكە بۆ ئارسەر دەكرێ، تا وردتر ڕاددەی پێكانەكەی دیاری بكرێ و چارەسەری پێویست و گونجاوی بۆ بكرێت.

بەرشلۆنە،
دواهۆشداریی بە دێمبڵی دا
یانەی بەرشلۆنە، دواهۆشداری بە ئەستێرەی فەرەنسیی یانەكەی عوسمان دێمبڵی دا، لە بارەی داهاتوویەوە.
رۆژنامەی میڕەڕی ئینگلیزی، بڵاوی كردووەتەوە، كە بەرشلۆنە هۆشداری بە دێمبڵی داوە، بە هۆی ئەوەی جارێكی تریش لە مەشقی یانەكە دواكەوتووە، پێشتریش لە یەكە مەشقییەكانی یانەكەی دواكەوتووە و ئەوەیش بەرشلۆنەی تووڕە كردووە.
ناوبراو، كە تەمەنی 22 ساڵانە و لە ساڵی 2017ـەوە لە یانەی بوڕوسیا دۆرتمۆندەوە چووە بەرشلۆنە و لە وەرزی 2018/2019ـیش بەشداریی 42 یاریی یانەكەی كردووە، 14 گۆڵیشی تۆمار كردووە، هەشت گۆڵیشی دروست كردووە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler