حوزەیران 17, 2019

بلاته‌ر داوا ده‌كات خه‌ڵاتی تۆپی زێرین به‌ مێسی بدرێت

جۆسێپ بلاته‌ر سه‌رۆكی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی فیفا داوا ده‌كات ئه‌م وه‌رزه‌ خه‌ڵاتی تۆپی زێرین به‌ لیۆنێل مێسی بدرێت.
بلاته‌ر پێیوایه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌‌ ئه‌گه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان به‌ مێسی پێودانگ بكرێت، ده‌شڵێت: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كریستیانۆ جامی خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپای له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بردۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌م وه‌رزه‌ ئاست و ئاماری مێسی پێش كریستیانۆ كه‌وتووه‌ و مێسی شایسته‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی ئه‌م وه‌رزه‌یه‌.
جۆسێپ بلاته‌ر سه‌رۆكی پێشووی فیفا كه‌ به‌ تێوه‌گلانی به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان سڕ كراوه‌، له‌ لێدوانێكدا ده‌ڵێت: هێشتا ناسنامه‌ی خه‌ڵاتی تۆپی زێرین ماویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربكه‌وێت، چه‌ندان پاڵه‌وانێتی دیكه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ به‌تایبه‌تی كۆپا ئه‌مریكا و جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌فریكا.
بلاته‌ر گوتیشی: به‌ڵام تا ئه‌م كاتانه‌ مێسی باشترینی ئه‌م وه‌رزه‌یه‌ و دوورخرانه‌وه‌شی له‌ یاریی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول نابێته‌ هۆكاری بێبه‌شبوونی مێسی له‌ خه‌ڵاتی تۆپی زێرین، چونكه‌ مێسی تا ئه‌م ساته‌ له‌ هه‌مووان باشتره‌.
لیۆنێل مێسی كاپتنی بارسێلۆنا ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 10 یاری 12 گۆڵی له‌ چامپیۆنزلیگ كردووه‌ و خه‌ڵاتی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و پێشبینی ده‌كرێت خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش وه‌ربگرێت، به‌وپێیه‌ی مێسی زۆرترین ئاسیستی كردووه‌ و له‌ هه‌ر 70 خوله‌كێك گۆڵێكی كردووه‌ و زۆرترین لێدانیشی بۆ نێو گۆڵ هه‌بووه‌.

© 2017 Hawler