ئاب 22, 2019

بارتۆمیۆ بڕیاری كۆتایی لە بارەی ڤاڵڤێردییەوە دەدات

میدیاكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە، كە یانەی بەرشلۆنە بە سەرۆكایەتی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، بڕیاری كۆتایی لە بارەی ئیرنستۆ ڤاڵڤێردیی راهێنەریان دەدا، كە مانەوە و بەردەوامبوونیەتی.

هەرچەندە پێشتر بە نافەرمی بڵاو كرابووەوە، كە بارتۆمیۆ پشتیوانی لە مانەوەی ڤاڵڤێردی دەكات، بەڵام رۆژنامەی ماركا بڵاوی كردەوە، كە ئێزگەی ڕاسی ئیسپانی، ئەو زانیارییەی بە دەست گەییشتووە، بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكە، هێشتە لەسەر هەڵوێستەكەی سوورە و دەیەوێ لە وەرزی دادێیش ڤاڵڤێردی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشلۆنە بكات.
بارتۆمیۆ، نیازی دوورخستنەوەی ڤاڵڤێردی نییە، هەرچەندە ئەنجامەكانی بەرشلۆنەیش وەك پێویست و لە ئاستی دڵخوازی هاندەراندا نەبوون، بە تایبەت كە تەنیا توانییان ناسناوی لا لیگا ببەنەوە، لە كاتێكدا ئەگەر و هەلی بردنەوەی سێ ناسناویان لەبەردەمدا بوو، بەڵام بەم دواییە لە دەستی دان، لەگەڵ ئەوەیشدا، سەرۆكی یانەكە بە مێدیاكانی وتووە، ڤاڵڤێردی هۆی ئەنجامخراپیی كۆتایی وەرز نەبووە، بۆیە دەمێنێتەوە.
بەشێك لە رۆژنامەنووسە وەرزشییە ناسراوەكانی ئیسپانیایش، هەواڵی مانەوەی ڤاڵڤێردییان بۆ وەرزی داهاتوو بڵاو كردووەتەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler