ئەیلول 18, 2019

پاڵه‌وانێكی کوردی نێودەوڵەتی، كێك بۆكسێن لە ژێر مەغسەلی قاپ شوشتن دەخەوێت

ناونیشانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ چیروکی (فەرشاد دەرەکەیە) پاڵه‌وانی کیک بۆكسێنه‌ کە چیرۆکه‌كه‌ی لە ژێر مەغسەلی قاپ شوشتنەوە دەست پێ دەکات، ئه‌م پاڵه‌وانه‌ كورده‌ له‌ دیمانه‌یه‌كدا چیرۆكی پڕمه‌ینه‌تی و ئازاری خۆی ده‌گێرێته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ برسیه‌تی و ته‌نیا به‌ یه‌ك بوتڵی ئاو و پارچه‌یه‌ك نان به‌شداریی له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان كردووه‌، به‌جۆرێك زۆرجار له‌ دوای یارییه‌كان له‌ هۆش خۆی چووه‌، ده‌شڵێت: نامه‌یه‌كم بۆ سه‌رۆككۆماری ئێران و فیدراسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ ناردووه‌، كه‌چی به‌هۆی كوردبوونمه‌وه‌ ئاوڕیان لێ نه‌داومه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوونه‌ شوێنێكی حه‌وانه‌م بۆ دابین بكه‌ن و له‌ژێر مه‌غسه‌لی دووكانه‌كان رزگارم بكه‌ن.

نەک بە به‌هۆی مێدالیاكانی بەڵکو بە بوونەی مه‌غسه‌له‌وه ‌ناوبانگی زیاتری په‌یدا كرد
ئه‌و پاڵه‌وانه‌ كورده‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ساڵی پار لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڕەزمی، پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا كه‌چیهێشتا هه‌ر لە ژێر مه‌غسه‌لێك دەخەوێ .
چیرۆکی تاڵمان زۆر بیستوەو بینیوە بەڵام کە دەبیستی قارەمانێکی نێودەوڵەتی شوێنی حەسانەوەی نیبە ئه‌وا تاڵییه‌كه‌ی به‌ ئه‌ندازه‌ی ژه‌هر تاڵتر ده‌بێت.
فەرشاد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك پاڵه‌وانێكی مه‌زن ناوی ده‌ركرد، به‌ڵام ژیانێکی زۆر ئاڵۆزی هەبووە و تەنانەت له‌ پای ده‌ستكه‌وت و مێدالیاكانی سووپاسنامەیه‌ك و دەستخۆشییه‌كی پێنه‌گه‌یشتووه‌.

به‌ برسیه‌تی به‌شداری پاڵه‌وانێتیه‌كانی كردووه‌
ئەو دەڵێ تەنها بە نانی وشک و بتڵێکی ئاو لە پڕۆڤەکاندا ئامادە دەبوو و بە هۆی فشاری زۆری پڕۆڤه‌ و برسییەتی دوای پڕۆڤە لە هۆش خۆی چووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنها ویستویەتی بگات بە خەونەکانی و وڵاتەکەی سەربەرز بکات.
بۆ هەموو ئەو پڕۆڤە و خەڵاتانەی کە بە دەستی هێناوە تەنها پاداشتێک کە وەری گرتووە بڕی 50 هەزار تمەن بوە کە لە لایان ده‌سته‌ی وەرزشی کرماشان کە شوێنی لە دایكبوونیەتی وەریگرتووە و فیدراسیونی تاران هیچ ئاوڕێكی له‌و پاڵه‌وانه‌ كورده‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌.
نا خۆشە کاتێک پاڵەوانێكی نێودەوڵەتی لە بەر دەردی بژیوی ژیان بە ناچاری لاپه‌ڕه‌كانی ئازار و مه‌ینه‌ته‌كانی بۆ ده‌زگایه‌كانی راگه‌یاندن هه‌ڵداته‌وه‌ و به‌ هه‌موو جیهان بڵێت ئاماده‌ نییه‌ له‌ پێناو دابینكردنی شوێنێکی خەو و حه‌وانه‌ سەر بۆ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی شۆڕ بكات.

نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆككۆماری ئێران نووسیوه‌
ئەمانە چیرۆکی فەرشادی دەرەکەیە کە بۆ په‌یامنێرێكی ئێرانی ئیسنا باسی کردووە .
فەرشاد دەڵێت: نامەیه‌كی بۆ سەرۆک کۆماری ئێران نووسیووەو راده‌ستی بۆدی گاردەکانی سەرۆک کۆماری كردووه‌، بەڵام هێچ وڵامێک نەهاتووتەوە، تەنانەت وەزیری وەرزشی ئێران هیچی بۆی نەکردووە.
فەرشاد ده‌شڵێـت: کاتێک شارەکەم کرماشانم بە جێهێشت بۆ بەدی هێنانی خەونەکانم هاتم بۆ تاران، دەمزانی دەبێ کێشەو بەربەستەکان لە بەرچاو بگرم و به‌رگه‌ی ناخۆشییه‌كان بگرم، بەڵام هەرگیز بڕوام نەدەکرد ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو گرفته‌ ببمه‌وه‌.

له‌ جیاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كه‌ن
فه‌رشاد هه‌ڵگری نازناوی خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی پاڵه‌وانێتی ئاسیایه‌ و خاوه‌نی 10 میدالیای نێوخۆیی و 11 میدالیای پارێزگاکانە و گلەیی لەوە دەکات، له‌ جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی كه‌چی هەڕەشەی لێ دەکەن.
ئه‌و پاڵه‌وانه‌ كورده‌ بە پێکەنینێکی تاڵەوە دەڵێ سەیرە پاڵەوان بیت و لە ژێر مەغسەلی دووکانێکی ئاو و هەنارفرۆشی بخەوی .
تەنها داواکاری من لە فیدراسیون دابین کردنی شوێنی حەوانەوەیە بو ئەوەی بتوانم باشتر بۆ پاڵەوانیەکان ئامادە بم، بەڵام لە وڵامدا ئەوان پێم دەڵێن شوێنی حەوانەوە لە ئەستووی فدراسیون نییە .

به‌ڵێنه‌كه‌یان شكاند
کاتێک باسی پاڵه‌وانێتی ئاسیا دەکات چاوەکانی دەدرەوشێتەوە و هێشتا هیوای لێ دیارە، بەڵام دەڵێ دوای قارەمانی ئاسیا هیچ پاداشتێکی وەر نەگرت، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڵێنی پێ درابوو ئەگەر خه‌ڵاته‌كه‌ بباته‌وه‌ ئەوە پاداشتێکی باشی پێ دەدرێت و دەتوانێت خانوویه‌ك بە کرێ بگرێت، دوای ئه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌، بۆ وەرگرتنی پاداشتەکەی سەردانی فدراسیۆنی کرد، بەڵام لە وڵامدا گوتوویانە کە پاداشت تەنها بۆ کەسانی بیانیە .

ده‌ڵێت: ته‌نیا خودام له‌ پشته‌ و كه‌سی ترم نییه‌
ئەو لەو دووکانەی کە دەخەوێ وەکو شاگرد کار دەکات و مووچه‌كه‌شی بۆ کرێی هاتووچو بۆ هۆڵی وەرزش و کڕینی نان و ئاوێک تاکو هێزێکی هەبێت بۆ پڕۆڤە .
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ی پاره‌ی مانگانه‌ی هۆڵی وەرزشییه‌كه‌ی لێ وه‌رناگرن، چونکە فەرشاد دەناسن و ده‌زانن پاڵەوانێكی نێوده‌وڵه‌تی جیهانییه‌ و ئەو بە بێ ڕاهێنەر پڕۆڤە دەکات .
پاڵه‌وانه‌ كورده‌كه‌ی كرماشان لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت لە هەموو جیهاندا بۆ پاڵەوانە نێودەوڵەتیەکان هەمووشتێک ئامادەیە، بەڵام لێرە وا نییە و دەمەوێت بڵێم ئەگەر من بوومە پاڵەوانی جیهان تەنها و ته‌نها خوا لە پشتم بووە و کەس یارمەتی منی نەداوە .

كێشه‌كان چۆكیان به‌ فه‌رشادادا، ئێستا په‌شیمانه‌ له‌وه‌ی كردوویه‌تی
فه‌رشاد پێشتر لە زانکۆ بەشی ئاگركوژێنه‌وه‌ دەیخوێند و دەیەویست ببێتە كه‌سێكی ئازاو سوودبه‌خش تاکو گیانی هاوڵاتیان ڕزگار کات، بەڵام بە بونەی کێشەی دارایی نەیتوانیوە بەردەوام بێت .
ئەو شار و زێدەکەی کرماشانی بە جێ هێشت تاکو خەونەکانی بەدی بێنێت بەڵام نائۆمێدی خەونەکانی داپۆشیوە .
فەرشادی دەرەکە دەڵێ شەرمەزارم کە ئەم باسانە دەکەم، بەڵام پێویستە بکرێت چۆنکە دەزانم و ئاگادارم زۆر کەس وەکۆ منن بەڵام نایانەوێ باسی خۆیان بکەن، چۆنکە دەترسن لە فیدراسیۆن دەر بکرن، ئەو دەڵێ پاڵەوانی 5 دەورەی نێودەوڵەتی دەناسم کە وەکو من نە کاری هەیە و نە شوێنێک بۆ حەسانەوە .

له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجی و لاویه‌تی، پیری یه‌خه‌ی گرتووه‌
ئەم گەنجە لە تەمەنی 24 ساڵیدا گەیشتووتە زەمەنی پیری، به‌وپێیه‌ی فەرشاد دەبێ شەوان تاکو کاتژمێر 12 شەو چاوه‌ڕێ بکات بۆ ئەوەی دووکانەکە دابخرێت و دواتر ئەو بڕوات بخەوێت و بەیانیان پێش کاتژمێر 6:00 هەڵسێت چونکە دوکان دەکرێتەوە .
ئەو دەڵێ یاریزانێکی تۆپی پێ ئەگەرچی پێش سەرکەوتن کێشە و ناخۆشی هەیە بەڵام دوای سەرکەوتن ناخۆشیەکانی نامێنێت، من سەرکەوتم و کێشەکانم زۆرتر بووە، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ فەرشاد دەرەکە بۆ ساڵی 2012 وەکو باشترین وەرزشوانی ڕەزنی ناساندراوە.

 

كه‌ژاڵ حه‌سه‌نی - هەولێر

© 2017 Hawler