ئایار 25, 2019

بەیڵ، تۆتنهامی رەت كردەوە و تاكەمەرجی بۆ رۆییشتن لە ریاڵ دانا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئەگوێڕۆ لە هەڵوێستێكی پێشووی خۆی لەسەر مێسی پەشیمان دەبێتەوە
سێرجیۆ ئەگوێرۆ، هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی، رەتی كردەوە كە وتبێتی مێسی ئەستێرەی بەرشلۆنە شایانی خەڵاتی تۆپی زێڕین نەبێ، دووپاتی كردەوە، كە هاونیشتمانییەكەی شایانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە.
پێشتر لە سایتی كاڵچیۆ مێركاتۆ بڵاو كرایەوە، كە ئەگوێڕۆ رایگەیاندووە، لەوانەیە وەرگری خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەمساڵ، یاریزانێكی یەكێك لە یانەكانی تۆتنهام یان لیڤەرپوول بێ، بە هۆی ئەوەی هەردوو یانە گەییشتوونەتە كۆتایی چامپیۆنس لیگ.
ئەگوێرۆ لە تویتێكدا، ئەوەی خستە روو كە پێی خۆش نییە ڕوونكردنەوە لەسەر هەندێ قسە بدا، كە لە بنەڕەتدا بوونی نییە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، روونی كردەوە، كە مێسی بە هۆی ئەو ئاستە بەرزەی ئەم وەرزە پێشكەشی كردووە، شایانی خەڵاتی تۆپی زێڕینە.

كۆتایی چیرۆكی بۆسكێتس لەگەڵ بەرشلۆنە
راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، دووپاتیان كردەوە، كە سێرجیۆ بۆسكێتسی یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی بەرشلۆنە، دوای داكشانی ئەم دواییەی ئاستی، كۆتایی بە كاروانی یاریكردنی لەگەڵ یانە كاتەلۆنییەكە دێت.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، بڵاوی كردەوە، كە شكستی بەرشلۆنە بەرانبەر لیڤەرپوول، سەلماندی كە بۆسكێتس توانای ئەوەی نەماوە لەمەودوا لە یانەكەیدا رۆڵی هەبێت، بەو جۆرەی كە پێشتر هەیبووە و پێی ناسراوە.
یەكشەممەی رابردوو، هاندەرانی بەرشلۆنە فیكەی ناڕەزایەتییان دژی ئەو یاریزانە لێ دا، كاتێك لە یاریگەی خۆیان رووبەرووی یانەی خیتافی بوونەوە.
پێشتر پێپ گواردیۆلا، ڕێی بۆ ئەو یاریزانە خۆش كردبوو لە تیپی لاوان و دواتر یەكەمی بەرشلۆنە یاری بكات، ناوبراوی شێوازێكی زۆر تایبەت بە خۆی هەیە لە یاریكردن، كە هیچ یاریزانێكی دیكە ئەو تایبەتمەندییەی نییە، بە تایبەت لە ناوەڕاستی بەرگری.

گریزمان یەكلای كردەوە، ئەتلەتیكۆ مەدرید جێ دەهێڵێت
ئەنتوانی گریزمان، یاریزانی فەرەنسی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، بڕیاری كۆتایی دا و یانەكەی ئاگەدار كردەوە لەوەی ریزەكانیان جێ دەهێڵێت.
ناوبراو بڕیاری كۆتایی و یەكلاكەرەوەی دا، بەوەی دەیەوێت ئەزموونێكی دیكە تاقی بكاتەوە.
ئەكاونتی فەرمیی یانەكە لە تویتەر، روونی كردووەتەوە، كە گریزمان بە كارگێڕیی یانەكەی وتووە نایەوێت وەرزی دادێ درێسی رۆخیبلانكۆس بپۆشێت.
مێدیاكان، ئاماژە بەوە دەكەن كە هەردوو ركەبەر (بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید)، ململانێی زۆر بۆ دەستخستنی تواناكانی ئەو یاریزانە دەكەن، بە تایبەت رۆژنامەی ماركا بڵاوی كردەوە، كە بەرشلۆنە دۆسیەی بۆندكردن لەگەڵ گریزمان دەكاتەوە، دوای شكستی لە چامپیۆنس لیگی ئەم وەرزە، هەرچەندە پێشتر گریزمان رەتی كردبووەوە بچێتە بەرشلۆنە.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، ئەو یاریزانە 28 ساڵانە، ئەم وەرزە لە هیچ پاڵەوانیەتییەكدا لەگەڵ یانەكەی نەبووە خاوەن ناسناو. لە كاتێكدا وەرزی رابردوو یۆرۆلیگ و جامی سوپەری ئەورووپیشی بردبووەوە.
لەم وەرزەدا بەشداریی 47 یاریی پاڵەوانیەتییە جیاوازەكانی لەگەڵ یانەكەیدا كردبوو، 21 گۆڵی تۆمار كردبوو، 18 گۆڵیشی دروست كردبوو.
ناوبراو پێشتر و لە 2014ـدا، لە ریاڵ سۆسیدادەوە چووبووە ئەتلەتیكۆ مەدرید، كە بەهای بۆندەكەی 30 ملیۆن یۆرۆ بو، بۆندەكەیشی تا هاوینی 2023ـیە.

بەیڵ، تۆتنهامی رەت كردەوە و تاكەمەرجی بۆ رۆییشتن لە ریاڵ دانا
راپۆرتی مێدیا بریتانییەكان، ئاماژە بەوە دەكەن، كە یاریزانی نێودەوڵەتی وێڵزی گاریس بەیڵ، بۆندی یانەی تۆتنهامی رەت كردووەتەوە، كە پێشتر خۆی لە ریزەكانی ئەو یانە ئینگلیزییەدا بوو.
بەیڵ، یەكێكە لەو یاریزانانەی لە پلانی داهاتووی زیداندا نییە، بۆیە رۆییشتنی پێشهاتێكی یەكلاكراوەیە، لە كاتێكدا ئەم وەرزە 42 یاریی بۆ شایانە ئەنجام داوە.
رۆژنامەی میڕەر بڵاوی كردەوە، كە بەیڵ رەتی كردووەتەوە بچێتەوە تۆتنهام، تەنیا بەو شێوەیە ریاڵ مەدرید جێ دەهێڵێت، ئەگەر بچێتە یانەیەكی گەورە، ئەمەیش دەریدەخات، كە نایەوێ بە ناچاری شایانە جێ بهێڵیت و دەست لە مووچەی گەورەی 600 هەزار جونەیهی لە هەفتەیەكدا بێ، بە تایبەت كە هێشتە وادەی كۆتاهاتنی بۆندەكەی ماوە.
بەیڵ، لە 2013ـدا چووە ریاڵ مەدرید و بەهای بۆندەكەی 86 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بوو. ئەم وەرزەیش هەرچەندە 14 گۆڵی تۆمار كرد و 4 گۆڵیشی دروست كرد، بەڵام رووبەرووی فیكە و نارەزایی جەماوەری یانەكە بووەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler