ئایار 25, 2019

چاره‌نووسی سكاڵایه‌كه‌ی جه‌وییه‌ له‌ دژی یانه‌ی هه‌ولێر یه‌كلایی بووه‌وه‌

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ سكاڵایه‌كه‌ی له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌ دژی یانه‌كه‌یان كشانده‌وه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ كارێكی نایاسایی نه‌كردووه‌ و هه‌موو رێككاره‌كانیان به‌ دروستی تۆمار كراوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی جه‌وییه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له‌سه‌ر 3 یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر سكاڵای له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تۆمار كردووه‌ به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌م 3 یاریزانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی یارییان كردووه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ و هانده‌رانی دڵنیا كردۆته‌وه‌ كه‌‌ جه‌وییه‌ له‌ سكاڵایه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و 3 یاریزانه‌ ناویان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تۆمار كراوه‌، یاریزانه‌كانیش پێكهاتوون له‌ (ئاسۆ رۆسته‌م، دیار عه‌لی و وریا كامه‌ران) كه‌ ئه‌م 3 یاریزانه‌ به‌شدارییان له‌ یاری رابردووی یانه‌ی هه‌ولێر به‌رامبه‌ر جه‌وییه‌ كرد بوو.
هه‌ولێر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌‌ ئه‌و 3 یاریزانه‌ بۆ دوو وه‌رز گرێبیه‌ستیان له‌گه‌ڵ واژۆ كراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌توانن به‌شداریی له‌ سه‌رجه‌م یارییه‌كانی داهاتووی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی عێراق بكه‌ن.بكه‌ن.
هه‌ولێر و جه‌وییه‌ له‌ گه‌ڕی 26ـه‌می خولی نایابی عێراق هه‌ینی رابردوو له‌سه‌ر یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری به‌یه‌ك گه‌یشتن، یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسانبوون به‌ بێگۆڵ كۆتایی هات.
یانه‌ی هه‌ولێر بریاری رۆژی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری له‌ كاتژمێر 4:00ـی ئێواره‌ میوانداریی یانه‌ی حسێن بكات، هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 26 یاری، 7 بردنه‌وه‌، 8 به‌رامبه‌ربوون و 11 شكستی هه‌یه‌ و 7 یارییه‌ هیچ سه‌ركه‌وتنێكی تۆمار نه‌كردووه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 29 خاڵ له‌ پله‌ی سێزده‌یه‌می ریزبه‌ندێ دێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئه‌لحسێن ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ ئاستێكی خراپ گوزه‌ر ده‌كات و له‌ كۆی 26 یاری ته‌نیا 2 یاری بردۆته‌وه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 20 خاڵ له‌ پله‌ی نۆزده‌یه‌م و پێشكۆتایی ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت و هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی بۆ خولی پله‌یه‌كی عێراق له‌سه‌ره‌.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler