ئایار 25, 2019

دوای دۆڕاندنی ناسناوەكە، محەممەد سەڵاح ڕادەست نەبووە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دوای دۆڕاندنی ناسناوەكە، محەممەد سەڵاح ڕادەست نەبووە
هەرچەندە یانەی لیڤەرپوول، شەڕی بردنەوەی ناسناوی پرێمەر لیگی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی دۆران، بەڵام محەممەد سەڵاحی گۆڵكەر و ئەستێرەی یانەكە، سوورە لەسەر ئەوەی وەرز كۆتایی نەهاتووە.
لیڤەرپوول بە جیاوازیی خاڵێك، خولەكەی لە دەست دا، سەڵاح وێڕای سوپاسی بۆ هاوڕێكانی لە تیمەكەی و راهێنەران و هاندەرانی ڕێدز، تكا لە هاندەرانیان دەكا كە خۆیان بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ بەرانبەر تۆتنهام ئامادە بكەن، كە بڕیارە یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، لە نێوان لیڤەرپوول و تۆتنهام لەسەر یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید بەڕێوە بچێت.

دی لخیت: هێشتا لەگەڵ بەرشلۆنە نەگەییشتوومەتە ڕێككەوتن
بەرگریكاریی هۆڵەندیی یانەی ئەیاكس ئەمستردام، دی لخیت، رەتی كردەوە كە تا ئێستە لەگەڵ بەرشلۆنە گەییشتبنە ڕێككەوتن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە.
پێش ماوەی گواستنەوەی هاوینە وا بڵاوكرایەوە، كە ماتیس دل لخیتی تەمەن 19 ساڵان لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەدا بۆندی كردووە و لە هاویندا بە فەرمی دەچێتە ریزەكانییەوە، بنەمای ئەو هەوڵەی بەرشلۆنەیش، بۆ ئاستبەرزیی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەكەی دەگەڕێتەوە، كە لەگەڵیدا جامی وڵاتەكەی بردەوەو گەییشتە نیوەی كۆتایی چامپیۆنس لیگیش.
بەڵام دی لخیت، بۆ رۆژنامەی زە میڕەڕی بریتانی، وتوویەتی: گفتوگۆ و دانوستان بۆ گواستنەوەم بۆ بەرشلۆنە هەیە، بەڵام تا ئێستە نەگەییشتووینەتە هیچ ڕێككەوتنێك.
بەرشلۆنە وێڕای دی لخیت، بە رژدی كار بۆ دەستخستنی ئەنخێل دی ماریاش دەكات.
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ میدیاكانی كه‌ته‌لۆنیا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ ته‌واوكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی هاوشانی ئیریك ئه‌بیدال گه‌یشتۆته‌ ئه‌مستردام و له‌ 48 كاتژمێری داهاتووی گرێبه‌ستی ئه‌و یاریزانه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌.

لە بابەتی چوونی بۆ ریاڵ مەدریددا، نێیمار دوابڕیار دەدات
راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، ئاماژەیان بەوە كردووە، لە بابەتی چوونی نێیمار بۆ یانەی ریاڵ مەدرید، ئەو یاریزانە دواقسەی خۆی دەكات.
رۆژنامەی ئاس بڵاوی كردووەتەوە، كە ناوی نێیمار هێشتە لە مەدرید دەهێنرێ، هەرچەندە كارێكی سەخت و گرانە، بە تایبەت تا ئەو كاتەی نێیمار خۆی دوابڕیار لەو رووەوە دەدات.
هەرچەندە وەرز تەواو نەبووە، بەڵام ریاڵ مەدرید ئامانجەكانی دیاری كردووە و دەیەوێ هەریەك لە یوڤیچ و هازارد و پۆگبا و ئیریكسن بباتە ریزەكانییەوە، دوای دەستخستنی میلیتاو.
چەند هەفتەیەكی كەم پێش ئێستە، بریكاری نێیمار لە مەدرید بوو، كە هەر خۆی پشكی گەورەی لە چوونی نێیمار بۆ بەرشلۆنە بەركەوت و پێوەندییەكی باشی لەگەڵ پێرێز هەیە.
سەرچاوەی نزیك لە نێیمار بۆ ئاس، ئاماژەی بەوە كردووە، كە ڕەوشی ئەو لە پاریس باشە و لەگەڵ هاوڕێكانیدا ئاسوودەیە و خەونی یاریكردنی نێیمار لەگەڵ ریاڵ مەدرید كارێكی كردەنی نییە، مەگەر خۆی بە ناسر خلێفی بڵێ كە خواستی رۆییشتنی هەیە.
ئەو هەواڵانە لە كاتێكدان، بۆندی نێیمار لەگەڵ پی ئێس جی، تا 2022ـە و لە دوای مێسییەوە زۆرترین بڕەپارەی پاداشتی یاریكردن وەردەگرێت.

دیل پیێرۆ: كۆنتی یارمەتیی ئینتەر میلان دەدات
ئەستێرە و ئەفسانەی پێشووی ئیتاڵیی یانەی یوڤێنتوس (ئەلیساندرۆ دیل پیێرۆ)، پێی وایە كە كۆنتی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلاندا سەردەكەوێ، ئەگەر ئەركی راهێنەرایەتیی ئەو یانەیە بگرێتە ئەستۆ.
پیێرۆ، بۆ رۆژنامەی كاڵچیۆ مێركاتۆ، سەرسوڕمانی خۆی بۆ ئەو هەواڵە پیشان داوە، كە باسی نزیكبوونەوەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی لە راهێنەرایەتیی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی كردووە و ئەوەی پێ نامۆ بووە، بەو پێیەی لە رابردوودا لەگەڵ یوڤێنتوس بووە، بەڵام پێی وایە دەتوانێ یارمەتیی ئینتەر بدا، هەروەك چۆن پێشتر لەگەڵ یوڤی سەركەوتنی بە دەست هێناوە.
لەو كاتەوەی لە چێڵسی رۆییشتووە، ناوی كۆنتی وابەستەی هیچ یانەیەك نەكراوە، بەڵام رایگەیاندبوو دەگەڕێتەوە خولی ئیتاڵیا.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler