ئاب 19, 2019

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوازه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خولی فێرگه‌كانی كوردستان نیم

له‌ ماوه‌ی رابردوو قۆناخی یه‌كه‌می خولی فێرگه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، تیادا چه‌ندین ره‌خنه‌ له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌چوون و ژماره‌ی فێرگه‌كان و ته‌مه‌نی به‌شداربووان له‌ فیدڕاسیۆنی كوردستان گیرا، سه‌ید ئازاد جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی فێرگه‌كانی كوردستان، به‌رپرسی پێدانی مۆڵه‌ته‌ به‌ فێرگه‌كان، له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی خولی فێرگه‌كان و ئه‌و به‌ندانه‌ی بۆ مۆڵه‌تدان به‌ فێرگه‌كان دانراون، بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ی دا.

* شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی خولی فێرگه‌كانت پێچۆنبوو؟
- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ل ئه‌م شێوازی خولی فێرگه‌كان نیم لێی رازی نیم، چونكه‌ نابێت خوله‌كه‌ 9 یاریزانی بێت، ئێمه‌ دوو شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خولی فێرگه‌كانمان هه‌یه‌، یان به‌شێوه‌ی پێنج یاریزانی یاخود یازده‌ یاریزانی، ده‌كرێت به‌دوو شێوه‌ بۆ ته‌مه‌ن بچووكه‌كان به‌ پێنج یاریزانی بۆ گه‌وره‌كانیش یازده‌ی.

* له‌ روووی هونه‌ریه‌وه‌ ئه‌م شێوازه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كان زیانی هه‌یه‌؟
- به‌ڵی پێموانییه‌ سوودێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت نه‌وه‌یه‌كی درووست پێبگه‌ینین فێری كێبڕكێی یاریگای گه‌وره‌بن و بۆ داهاتوو پێبگه‌ن، له‌ ئێستا فێری وه‌ستانی نێو یاریگای یازده‌ی و چۆنییه‌تی جولانه‌وه‌ بن، شێوازه‌ ستانداره‌كه‌ی یازده‌ یاریزانی و هه‌ر گێمێكیش 25 خوله‌ك ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئیستاوه‌ له‌سه‌ر شیوازه‌ دروسته‌كه‌ بڕۆین ده‌بێت ئه‌م شێوازه‌ نه‌مێنێت.

* وه‌رزی داهاتوو رازیت به‌وشێوه‌ خولی فێرگه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت؟
- نه‌خێر له‌ وه‌رزی داهاتوو رازی نابم خوله‌كه‌ به‌و شێوه‌ی ئێستا بڕوات، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین تابه‌شێوه‌ی یازده‌ یاریزانی بڕوات، چونكه‌ ئه‌و ماندووبوونه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات.

ته‌مه‌نی یاریزانه‌كان گونجاوه‌ بۆ به‌شداریكردن؟
- ئێستا ته‌نها ته‌مه‌نی 2006 و 2007 به‌شدارن، ده‌كرا ته‌مه‌نی 2005 به‌شداریانكردبا، چونكه‌ یاریزانی زۆر باشی تێدابوو، ساڵی رابردووش ئه‌وان بێبشه‌بوون له‌ یاریی كردن به‌هۆی نه‌كردنه‌وه‌ی خول بۆیان.

* ئه‌و به‌ندانه‌ چین بۆ ئه‌وه‌ی فێرگه‌یه‌ك مۆڵه‌تی پێبدرێت؟
- ده‌بێت یاریگای یازده‌ی هه‌بێت، وه‌ شوێنی خۆگۆڕینی یاریزانان و شوێنی ئه‌وه‌ی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ش ده‌كات ده‌بێت یه‌كێك له‌ بڕوانامه‌كانی راهێنه‌رایه‌تی كوردستانی هه‌بێت، ده‌كرێت راهێنه‌رجۆرێك له‌ بڕوانامه‌ی ئاسیای هه‌بێت.

* به‌شێك له‌ فێرگه‌كان چاوه‌ڕێی مۆڵه‌ت ده‌كه‌ن؟
- له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ئه‌و فێرگانه‌ی مه‌رجه‌كانیان تێدایه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمی له‌ لێژنه‌ی فێرگه‌كانی سه‌ر به‌ فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان وه‌رده‌گرن.
له‌ ماوه‌ی رابردوو خولی فێرگه‌كان له‌ كوردستان كرایه‌وه‌، نزیكه‌ی 69 فێرگه‌ تێدا به‌شداربوون، ئێستاش ته‌نها 16 فێرگه‌ گه‌یشتوونه‌ت قۆناخی دوومی خوله‌كه‌، به‌م زووانه‌ش خوله‌كه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler