ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ریبێری په‌یامێكی ماڵئاوایی بڵاو كرده‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی فرانك ریبێری بڕیاری دا له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ بایرن میونشن بڕوات و به‌ چه‌ند رسته‌یه‌ك ماڵئاوایی له‌ یانه‌ باڤارییه‌كه‌ كرد، راسته‌وخۆش دوای هه‌واڵه‌كه‌، چه‌ندان یانه‌ی عه‌ره‌بی بۆ گواستنه‌وه‌ی ناوه‌راستكاره‌ فره‌نساییه‌كه‌ هاتنه‌ سه‌رهێڵ، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌، یانه‌كانی سه‌دی قه‌ته‌ری، ئه‌هلی ئیماراتی و نه‌سری سعوودی.

فرانك ریبێری له‌ پرێس كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا به‌ دڵته‌نگی رایگه‌یاند كه‌ دوای 12 ساڵ خزمه‌تكردن به‌ یانه‌ی بایرن میونشن وه‌رزی داهاتوو به‌ره‌و یانه‌یه‌كی دیكه‌ كۆچ ده‌كات.
فرانك ریبێری له‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا سوپاسی سه‌رجه‌م یاریزانان و ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ و ستافی راهێنه‌رایه‌تی ئێستا و پێشووی یانه‌كه‌ی كرد و، گوتی: به‌رده‌وام هه‌موومان یه‌ك ئامانج و یه‌ك مه‌به‌ستتمان هه‌بووه‌، ئه‌ویش خزمه‌تكردن و سه‌رخستنی بایرن میونشن بووه‌.
فرانك ریبێری ده‌شڵێت: به‌ناچاری ئه‌و بڕیاره‌م داوه‌، ده‌شزانم زۆر زه‌حمه‌ته‌ دوای 12 ساڵ یاریكردن لێره‌ بریاری رۆیشتن بۆ شوێنێكی دیكه‌ بده‌یت، زۆر دڵگرانم، بۆ ساڵانێكی زۆر لێره‌ جه‌نگاوم و توانیمان چه‌ندان نازناو ببه‌ینه‌وه‌، شانازییه‌ كه‌ منیش به‌شێكم له‌ مێژووی بایرن میونشن، خۆم و خێزانه‌كه‌م لێره‌ ساتێكی پڕ خۆشیمان به‌ڕێكرد، هه‌رگیز ئه‌و رۆژانه‌ له‌بیر ناكه‌م.
ریبێری ده‌شڵێت: ئه‌و كاته‌ی ئاریێن رۆبن هاته‌ بایرن میونشن یه‌كه‌م یاریی به‌رامبه‌ر ڤۆلفسبۆرگ به‌شداری كرد، له‌و كاته‌وه‌ هه‌موو شتێك به‌ رێگه‌یه‌كی راست رۆیشت، رۆژه‌ خۆشه‌كه‌ی من ده‌ركه‌وت، من له‌ باڵی چه‌پ و رۆبن له‌ باڵی راست، به‌شێوه‌یه‌ك یاریمان كرد سه‌رنجی هه‌مووانمان راكێشا توانیمان دووانه‌یه‌كی باش بین له‌گه‌ڵ یه‌كتر.
ریبێری لە ساڵی 2007 بەرامبەر 23 ملیۆن یۆرۆ لە ریزەکانی یانەی ئۆڵمپیک مارسێی وڵاتەکەیەوە پەیوەندی بە یانه‌ باڤارییەکانەوە کرد و لەو کاتەوە بۆ ماوەی 12 ساڵ یاری بۆ ئەم یانەیە دەکات و 422 یاری بۆ ئەم یانەیە لە تەواوی پاڵەوانتیەکان ئه‌نجام داوه‌، 123 گۆڵ و 183 ئاسیستی تۆمار کردووە، هەروەها 22 ناسناویشی لەگەڵ ئەم یانەیە بەدەست هێناوە.